كولە و مێروولە هەڕەشە لە كەرتی كشتوكاڵی باڵەكایەتی دەكەن

كولە و مێروولە هەڕەشە لە كەرتی كشتوكاڵی باڵەكایەتی دەكەن

یونس ئەمین - سمیلان : لە گەڵ هاتنی وەرزی بەهار جۆرە كوولە و زیندەوەرێكی زیان بەخش لە دەڤەری باڵەكایەتی پەیدا بووە و هەڕەشە لە بەر و بوومی جووتیاران دەكات .
باڵەكایەتی، لە قەزای چۆمان و چوار ناحیە پێكهاتووە و ئەوانیش، سمیلان،گەڵاڵە، قەسرێ، حاجی ئۆمەران، وێڕای هەبوونی رێژەیەكی زۆری شوێنی گەشتیاری، هاوكات ناوچەیەكی لەباریشە بۆ كەرتی كشتووكاڵ و ئاژەڵداری. هاوڵاتیانی سنوورەكە گرنگی زۆر بە كەرتی كشتووكاڵی دەدەن و بەرهەمی ئەو دەڤەرە لە سەر ئاستی كوردستان ناوبانگی پەیدا كردووە. بەڵام بە گووتەی هاووڵاتییان و جوتیاران، ئەمساڵ كەرتی كشتوكاڵی باڵەكایەتی ڕووبەڕوی هەڕەشەی كولە و زیندەوەرە زیانبەخشەكان بووەتەوە و داوای بە هاناوەچوون دەكەن .
عەلی ڕەحمان جوتیارێكی ناحیەی گەڵاڵەیە بە زاری كرمانجی گووت " ماوەی دووساڵە كەرتی كشتوكاڵی لە باڵەكایەتی تووشی نەخۆشی دەبێت و كولە و مێروولە و چەند جۆرە زیندەوەرێكی دیكەی زیانبەخش ڕووبەڕوی بەرهەمی كشتوكاڵیمان بۆتەوە، كولە زیانبەخشەكان هەرچەندە بەڕێژەیەكی زۆر پەیدا بوونە، بەڵام زانیاریمان وەرگرتووە ئەگەری لە ناوچوونی هەیە و پێویستە حكومەت بەهانامانەوە بێت تا زەرەر مەند نەبین .چونكە ئەم ساڵ بە ڕێژێكی زۆر زیندەوەری زیان بەخش وەك كلۆ و مێروولە و كرم و مار پەیدا بووە .
زیاتر گووتی " ساڵانی پێشتر حكومەت ئاوڕی لە جوتیاران دەدایەو و هاوكاریشی پێشكەش دەكرد بەڵام لەم ساڵانەی دووایدا لە سەر ئەركی خۆمان تۆ و كیما و دەرمانات دەكڕین و ئەركمان قورسە.
جەبار قادر كە هەر لە تەمەنی منداڵیەوە پیشەی جووتیارییە و بۆ زاری كرمانجی گووتی " بەهۆی پەیدا بوونی ئەو جۆرە كولە و مێروولانە نیوەی زیاتری بەربومەكانمان لە بیستان و رەزوو و باخەوەلە ناو دەچێت، بە تایبەت خیار و تەماتە خۆی دەبێت هەموو ساڵێك پێش چاندنی تەماتە زەویەكان دەرمان رشێن بكەین بۆ ئەوەی هەموو جۆرە میكرۆب و زیندەوەرێكی زیان بەخش لە ناو بچێت، هەموو جوتیارێكیش توانای ئەوەی نیە لە سەر ئەركی خۆی دەرمان بكڕێت تۆ و سەماد بكرێت، داواشی كرد حكومەت هاوكاریییان بكات گرینگی بە كەرتی كشتوكاڵی لە دەڤەرەكەیان بدات .
حەلیمە ڕەشید ماوانی شارەزا لە كەرتی كشتووكاڵ بە زاری كرمانجی گووت " لە ڕووی زانستی كولـە یەكێكە لە مێروە زیندەوەرە زیان بەخشەكان كە بەگشتی لەوەرزی بەهاردا زاوزێ دەكات و گەشەدەكات. ناوەزانستیەكەی Grasshopper چەندەها جۆری هەیە هەموویان زیان بە كشتوكاڵ و ڕووەك دەگەیەنن . ئەویش بەهۆی جۆر و پێكهاتەی دەمیەوە كە پێی دەڵێن" Chwing كەبەشەسەوزەكانی ڕووەكەكە بەخێرایی دەخوات و دەیهاڕێت ئەمەش وادەكا ڕووەكەكە گەشەی كەم بێت و بەرهەمی نەبێت زۆرجار تەواوی ڕووەكەكە دەخوات بەتایبەت دانەوێڵە.
بە گووتەی حەلیمە رەشید بۆ كۆنتڕۆڵ كردن و لەناوبردنی دەتوانرێت سوودلە جۆری دیكەی زیندەوەر و جۆری تایبەتی كەڕوو و بەكتریاوەربگیرێت كەپێی دەڵێنbiologecal control ، بەڵام ئەگەرهاتوو ڕێژە و ژمارەیان زۆربێت ئەم ڕێگایە سوودی نییە وپێویستە قڕكەری كیمیایی insectecide لەجۆری باوەڕپێكراوبەكاربهێنرێت بەپێی جۆری كولەكە و ڕێژەكەی چونكە، ئەگەر بڕی مادەی كیمیاییەكە و كوالێتیەكەی باش نەبێت ئەوزیانی زۆر بەژینگەدەگەیەنێت.
جیا لە شارەدێی سمیلان و دەڤەری باڵەكایەتی، هاوكات لە ناحیە و گوندەكانی دەڤەری برادۆست و سیدەكانیش، بەهەمان شێوە كولە و زیندەوەرە زیان بەخشەكان هەڕەشە لە بەر و بوومی كشتووكاڵی جوتیاران دەكات و لە گوندەكانی شیوان و سەری بەرد و كەژەك و پەنجار و بناری چیای حەسەن بەگ كولە زیان بەخشەكە بە شێوەیەكی بەرچاو پەیدا بووە .
لای خۆشیەوە محەمەدئەمین عەزیز بەرێوبەری هۆبەی كشتوكاڵی سمیلان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند" ئەم جۆرە كولە (كلۆ)یە و زیندەوەرە زیانبەخشانە كاری گەری زۆریان هەیە لە سەر كەرتی كشتوكاڵ، بۆ ئەم جۆرە هەڕەشە و نەخۆشیانەش كە ڕووبەڕوی كشتوكاڵ بۆتەوە هەموو ساڵێك حكومەتی هەرێم دەرمان بە بێ بەرامبەر بەسەر جوتیاران دابەش دەكات . ئەم ساڵیش لە سەرەتایی دروست بوونی ئەم زیندەوەرانە ئێمە دەرمانمان دابین كردوە، هەر جوتیارێك بیەوێت سەردانمان بكات، حكومەت یەك لتر دەرمانەكە بە 22 هەزار دەیكڕی، تەنها بە چوار هەزار بە جوتیارەكانی دەدات .
بەرێوبەری كشتوكاڵی سمیلان ئاشكراشی دەكات" ئەو دەرمانانەی دابینمان كردووە، كوالێتێكی بەرزی هەیە بە بەراورد لە گەڵ دەرمانەكانی بازاڕ، چونكە لە راستیدا دەرمانی بازار زۆربەی زۆری خراپە كوالێتی نزمە، جوتیاران هەر بەم هۆیەوە زەرەر دەكەن، پێویستە حكومەتی هەرێم چاودیرەیەكی ووردی ئەو دەرمان و تۆ و مادە كیمیایانەی بازار بكات .
بە گووتەی ئەو بەرپرسەی كستووكاڵ" ڕێگە چارە و لە ناوبردنی كلۆ و مێروولە زیانبەخشەكان تەنها ڕشاندنە، ئەو هێرشەی كولە و مێروولانە بۆ سەر كەرتی كشتوكاڵی وەرزیە، واتە تەنها لە بەهاران پەیدا دەبن، هەر جوتیارێك بیەوێت زەویەكەی بڕشێنێت با سەردانمان بكات و ئێمە دەرمانیان پێدەدەدەین و ڕێنمایان دەكەین .ئەو دەرمانەی دابین كراوە، زۆر بە قوەتە كوالێتی زۆر بەرزی هەیە، یەك لیتر بۆ 2500 لتر ئاو بە كار دەهێندرێت و جوتیاران دەبێ لەوە ئاگادار بن .
محەمەدئەمین عەزیز بەرێوبەری هۆبەی كشتوكاڵی سمیلان گووتیشی " بۆ ناوبردنی كولە و مێرووەكان دەبێت لە سەرەتایی دروست بوونیانەوە دەرمانیان لێبدرێت، پێویستە بە شێویەیەكی گشتیش بێت نەك زەویەك بڕشێندرێت ئەوەی تر رەنشێنن، بەپێچەوانەوە هیچ سودی نابێت، ئێمە لە بەرنامەمان دابوو، لێژنێك پێك بهێنین بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵمەتی رشاندنی زەویەكانی سنوورەكەمان و دەرمانی قڕكەری لێبدرێت، بەڵام لەبەر بەهۆی قەیرانی دارایەوە نەكرا .

حكومەت یەك لتر دەرمانی بە 22 هەزار دەكڕێت، تەنها بە چوار هەزار بە جوتیاران دەدات

 

زۆرترین بینراو