وەرزی داچاندنی برنج لە دەشتی هەریر دەستی پێكرد

وەرزی داچاندنی برنج لە دەشتی هەریر دەستی پێكرد

راپۆرت محەمەد ئامۆكەیی- هەریر: برنجی كوردی یەكێكە لەو برنجانەی لە باشووری كوردستان، ساڵانە لە لایەن جوتیارانەوە بەرهەم دێت، تام چێژی تایبەت بەخۆی هەیە لە شارەدێی باتاسی دەشتی هەریریش ئەم ساڵ وەرزی داچاندنی برنج دەستی پێكردووە، بەپێی قسەی جوتیارانی ناوچەكە پێشبینی ئەوە دەكەن بەرهەمی برنج باشتر بێت لە ساڵانی رابردوو.
بۆ سەد ساڵ دەبێت لە باتاس برنجی كوردی دەچێنرێت ئەمە دەست پێكی قسەی جوتیاراێكی ناوچەكەییە كە لە وەرزی داچاندنی برنجی ئەم ساڵ پانتایەكی زۆری بە برنج داپۆشییەوە، دەڵێت" لە كۆنەوە لای ئێمە باوبووە لە داچاندن و دروێنەوەی برنج كاری هەرەوەزی دەكەین و خزم دراوسێەكانمان یارمەتی دەری سەرەكین دەبن".
ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەشكرد" برنجی باتاس تامی جیاوازە لەگەڵ برنجی شوێنەكانی تر لەبەر ئەوەی خاكەكەی ئێرە پەیت و بەرەكەتە ئاوێكی پاك و سازگاریشی هەیە، ئەوەش هۆكار بووە كە لە زۆرێك لە شارەكانی تر روو لە باتاس بكرێت بۆ دەست كەوتنی برنج".
ئەوەشی گووت" داچاندنی برنج تا بڵێی كارێكی قورسە لەبەر ئەوەی دەبێت چەند رۆژێك خەریكی بەردانەوەی ئاو بی بەسەر زەوییەكە بۆ ئەوەی شڵ بێتەوە تا بتوانرێت كاری تیا ئەنجام بدەین، لێرە دوو جۆر برنج بەرهەم دێت یەكیان شەش مانگیەو ئەوەی تریش سێ مانگییە، جیاوازیشیان هەیە لە تامەكەی لەبەر ئەوەی شەش مانگی تامی خۆشترە ئەوەش وایكردوە نرخەكەی بەرز بێتەوە بۆ سەرووی حەفتا هەزار دینار بۆ هەر تەنەكەیەك كە نزیكەی 18 كیلۆ گرامە.
عەزیز حاجی جوتیارێكی تر بوو گووتی" ئەگەر بێت و حكومەت هاوكاری جوتیاران بكات گومانی تیا نییە رێژەی برنجی كوردی بەرز دەبێتەوە، لە رووی داهاتەوە بۆ جوتیاران باش دەبێت، خەڵكەكەشی زیاتر روو لە كڕینی دەكەن بەوەش هەردوولا سود دەبینن، بۆیە رووی دەمم بۆ كاربەدەستانی حكومەتە زیاتر گرنگی بە بەرهەمە نێوە خۆیەكان بدەن باشترە لەوەی ئەو هەموو بەرهەمە دەركییە هاوردەی كوردستان بكرێت.
عەلی ئەحمەد پیشەی بە قاڵەو دەڵێت" چەند ساڵێكە لە شوێنەكانی تر برنج دەكڕم دواتر بە خەڵكی تر دەیفرۆشمەوە، بەڵام هیچ برنجێك ئەوەندی برنجی باتاس كڕیاری نییە ئەوەش بۆ تامە خۆشەكەی دەگەڕێتەوە، ئێستا برنجی باتاس لە بازاڕ نەماوە ئەوەشی ماوە رێژەی كەمەو نرخەكەشی زۆر گران بووە زۆر جاریش بەهۆی بەرزی نرخ خەڵك نایكڕێت.

زۆرترین بینراو