ڕۆڵی بارزانی نەمر لە پاڵپشتی كردنی ئافرەتاندا

تەرزە محەمەد

 

ئافرەت بەشێكی قەوارەی سەرجەم كۆمەڵگەیە و هەر بارودۆخێك بێتە پێش جیا نابێتەوە، پێكهاتەیەكی سەرەكی و گرنگە كۆمەڵگەیە، هەروەها بڕیاردانی ئافرەت بە گرنگ دادەنرێت لە یاساو سیاسەت و بەرەو پێش چوونی ووڵات.
مستەفا بارزانی ئەو رابەرە نەتەوەیی و دیموكراتی خوازەی پتر لە نیو سەدە لە دیرۆكی كوردو كوردستان خەباتی ئەم رابەرە تۆمار بووە. یەكێكە لە سەركردە هەرە ناسراوەكانی كوردستان و رەوتی ژیان و خەباتی چڕِترین رۆژ ژمێری لە تێكۆشان و دەسكەوت لە خۆگرتووە.
بارزانی نەمر لە ماوەی دەیان ساڵ بەرخودان و خەباتی بێوچان و سەركردایەتیكردنی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا، فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی لە دڵسۆزی و خۆشەویستی و خزمەتكردنی گەل و خاكی كوردستان تۆمار كردووەو مینای توراس و رێبازێكی نەتەوەیی و نیشتمانی ئاوێتەی دیرۆك و بەها كەلتووری و مەعنەوییەكانی سەرجەم گەلی كوردستان بووە.
ئەم رابەرە نەمرە سیمبولێكی هەمیشە دیارو گەشاوەی میللەتەكەیەتی و لە ناوچەكەو جیهاندا وەك رەمزی ئازدیخوازی ناسراوە. هەتا هەتایە وەك كەسایەتییەكی بەرزو رابەرێكی ناودار لە مێژووی كوردستان و لە دڵی هەموو كوردێكدا دەمێنێتەوەو سەرچاوەی ئیلهام و نموونەی سەركردەبووە.
بارزانی نەمر لەسەرەتایی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگی و پاڵپشتی خۆی بۆ ئافرەت دووپات كردەوەو هەوڵی بەشداری پێكردنی دان لە كایە سیاسییەكان، پێگەی ئافرەت لەسەرجەم شۆڕشەكان شانبەشانی پیاوان تێكۆشان و هەوڵ و ماندووبونیان بۆ بنیاتنان و ڕزگار بوونی خاكی كوردستان بووە ئافرەت لای بارزانی نەمر زۆر پیرۆز و گەورە بوون، بۆیە بڕیاری دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانیدا، تا ئافرەتان بتوانن لەپاڵ بارزانیدا داوای مافی خۆیان بكەن و هەناگاو بنێن بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردی، هەموومان دەزانین كورد خاوەن كۆمەڵگایەكی پیاوسالارییەو ئافرەت هەمیشە بۆتە قوربانی، بۆیەش لە دەسپێكی شۆڕشی ئەیلولی مەزن ساڵی1962 بارزانی نەمر چەند فەرمانێكی دەركرد لە پێناو ئافرەتان كە ئەمانەن :
- قەدەغەكردنی مارەكردنی ئافرەت بەزۆر.
- قەدەغەكردنی گەورە بەبچووك.
- قەدەغەكردنی مارەكردنی كچ لە تەمەنی منداڵی.
- قەدەغەكردنی شیربایی .
- قەدەغە كردنی ڕێگری كردن لە ئافرەت بۆ بواری خوێندن وكاركردن.
ئافرەتگەلێك هەن توانیویانە ببنە سیاسییەكی كاریزما، لە كایەی سیاسەتدا، وەك ئەنجێلا مێركڵ، كە باوەشی ووڵاتەكەی بۆ ملیۆنەها پەنابەر كردۆتەوە. مێركڵ وەك یەكێك لە كاریگەرترین سیاسییەكانی سەردەم لەقەڵەم دەدرێت، چونكە توانی ئەڵمانیایەكی ڕووخاو لە دوای جەنگی سارد، بكات بە یەكێك لە سەركەووتووترین وڵاتی سەدەی 21 چ لە بواری ئابووری یا سیاسی.
لە مێژوویی مرۆڤایەتی ئافرەتان ڕۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە لە سەرخستنی هەموو شۆڕشەكاندا.
هەرچی دەربارەی كوردستانە، ئافرەت توێژێكی قوربانییە، وەك توێژی گەنج كە كەمترین ئامادەبوونیان هەیە لە سێكتەری بڕیاردان لە كایە سیاسی و ئابوورییەكاندا. بەهۆی كەمی ئافرەت لە هەرەمی بریاڕداندا دەبێت هەمیشە گوێڕایەڵی ئەو یاسایانە بن كە لەلایەن پیاوانەوە دەنووسرێتەوە. هەڵبەتە هۆكاری كەمی ژمارەی ئافرەتان لە كایەی سیاسەتدا بە تەنها لە ئەستۆی پیاوان نییە، هەندێك جار ئەفرەتانیش خۆیان بوونەتە بەشێك لە بەردەوام بوونی ئەم بارودۆخە، چونكە دڵنیام چۆن لە ڕابردوو ژنی سەركەوتووی وەك حەپسە خانی نەقیب، خانزادی سۆران و چەندین ئافرەت كە خاوەنی داستانە مێژوییەكانی كوردستانن هەن و هەمیشە جێگای شانازی هەر ئافرەتێكی كوردن، چونكە ئەوان بوون ئاگری شۆڕشی ئازادی خوازو سەربەخۆیی ئافرەتیان هەڵكرد، دڵنیام ئێستاش سەدان ئافرەتی سەركەوتوو بوونیان هەیە لە داهاتوو كوردستان دەبێتە خاوەنی چەندین كەسایەتی ئافرەتی بەتوانا.
بۆ هەڵسەنگاندنی پێگەی ئافرەت لە واقیعی سیاسیدا، ناكرێت تەنیا پشت ببەسترێت بەو بنەمایەی پێوەر لەسەر ژمارەی ئەو ئافرەتانە بكات كە كاری حزبایەتی و سیاسەت دەكەن وەك كادر و سەركردە، یا ئەوانەی كاری پەرلەمانی و حكومی دەكەن. بەڵكو دەكرێت هەڵسەنگاندنی پێگەی ئافرەت، جگە لەوانەی باسكران، بە بەشداریشیان لە رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی ئافرەتان و رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی زانكۆ و تەنانەت هەموو ئەو هەوڵە تاكە كەسییانەش بپێورێت كە لە بواری رۆشنبیری ومیدیا و كایەكانی تری كاری كۆمەڵایەتی كار دەكەن.
ئەو حزب و رەوتە سیاسییانەی روو لە ئایندەن و مەبەستیان مانەوە و زامنكردنی پێگەی جەماوەرییە، ناكرێت خوێندنەوەی دروستتریان بۆ رۆڵ و كارایی ئافرەت نەبێت لە كۆمەڵگە. بارەكە دەخوازێت حزبە سیاسییەكان كراوەتر بن لەگەڵ ئەدا و رۆڵی ئافرەت لە ریزەكانیان، هەروها داڕشتنەوەی روانین و ستراتیژ بۆ رۆڵی ژن لە ناو ریزەكانیان و كاركردنی شێلگیرانە بۆ دەربازبوون لە رۆڵپێدان بە ژن تەنیا بۆ رواڵەت و نمایش، بەڵكو راهاتن لەگەڵ فەرهەنگێك كە ئافرەتان بتوانن لە شوێنەكانی بڕیار بن لە هەر ئاستێك، ئەویش بە متمانەكردن و هاندانی توانا راستەقینەكان، ئەو توانایانەی بە كار و داهێنانەكانیان دەتوانن نەوەك تەنیا رۆڵ لە سەركەوتنی حزبەكان بگێڕن، بەڵكو ئاراستەی پێشكەوتنی كۆمەڵگە بگۆڕن.

زۆرترین بینراو