بەغدا کارگەی چاپکردنی کاغەزی پاسپۆرتی کڕیەوە

بەغدا کارگەی چاپکردنی کاغەزی پاسپۆرتی کڕیەوە

دوو مانگە دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێڕاق دوادەکەوێت، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێریش دەڵێت: هۆکارەکەی کێشەی نێوان بەغدا و ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییەیە کە کاغەزەکان چاپ دەکات.

عەمید دیدار، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەفتانە 1000 بۆ 1500 پاسپۆرت دەردەهێندرێت، نزیکەی 10 هەزار مامەڵە لە هاووڵاتیان وەردەگرین، ئاماژەی بەوەشدا كه‌ تا ئێستا 20 هەزار پاسپۆرتمان لە چاپە و نەگەڕاوەتەوە.

لەبارەی هۆکاری درەنگ گەڕانەوەی پاسپۆرت عەمید دیدار ڕایگەیاند: پێشتر ئەو کارگەی کاغەزەکانی چاپ دەکرد لە ئەڵمانیابوو بەخێرایی دەهاتەوە، بەڵام ئێستا گرێبەستیان تەواو بووە و بەغدا خۆی کارگەکەی کڕیوەتەوە ئەوەش وایکردووە دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دوابکەوێت.

لە بەڕێوەبەرایتەی پاسپۆرتی هەولێر بەشی vip (خدمە السریعە) هەیە کە بە بڕی 250 هەزار دینار بەڕۆژێک مامەڵەکەت بۆ تەواو دەکەن، عەمید دیدار، ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی ئەو کێشەی بەغدا و کۆمپانیاکە مامەڵەی خێراش کە vip ناسراوە تا 3 ڕۆژ دوادەکەوێت.

جەمیل نەجات، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە ماوەی یەک مانگە مامەڵەی کردووە بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: مامەڵەکردن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت واتا ڕۆیشتن بۆ جەنگ، چونکە زۆر قەره‌باڵغە و خەڵکێکی زۆر مامەڵە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد:" ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێم پاسپۆرتەکەم وه‌رگرمەوە هەر دەڵێن کاغەز نییە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر، هەفتانە جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چاپخانەکەی عێڕاق نزیکەی 30 هەزار پاسپۆرت چاپ دەکات.

زۆرترین بینراو