ئەشواق جاف: پارتی دەموچاوی تازە و بە توانا دەهێنێتە پێشەوە

ئەشواق جاف: پارتی دەموچاوی تازە و بە توانا دەهێنێتە پێشەوە

چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی :
ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، پارتی خەڵكی لاو و دەموچاوی تازە و بە توانا دەهێنێتە پێشەوە، لەگەڵ ئەوەی پارتی بۆ پاراستنی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لەزۆر مافی خۆی خۆش بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حكوومەتی عێراق بە جێبەجێ نەكردنی دەستوور مافەكانی كورد پێشێل دەكات، ئێمەش وەكو كورد هیچمان ناوێت غەیری ئەو بەندانەی كە لە دەستووردا هاتوونە.
* بۆ دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت چیت هەیە؟
- دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو لایەنانەی كە بڕیاریان داوە بەشداری لە حكوومەت بكەن، یەكێك لەو حزبانە تا ئێستا نەگەیشتووەتە بڕیاری كۆتایی لە بابەتی ئەو پۆستانەی كە پێ دەدرێن، دوای گفتوگۆیەكی زۆر ئێستا هەموو لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە حكوومەت تەشكیل بكرێت، ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە چەندەها مانگ پێكهێنانی حكوومەت دوا بكەوێت، بەڵام ئێستا دوای رێككەوتنی حزبەكان، كە بڕیاریان داوە بەشداری لە حكوومەتی كوردستان بكەن، بۆچی دواكەوتووە، دوا نەكەوتووە بەڵكو بەپێی ئەو بڕگە و ماددانە هەن لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەنگاوەكانی یاسایی وا دەخوازێت كە دەبێت بەپێی یاسا، چونكە بەپێی یاسا سەقفی زەمەنی بۆ هەر هەنگاوێك دانراوە، بۆیە ئێستا ئەو سەقفە زەمەنیەی دانراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی هەرێم كاندیدی فراكسیۆنی گەورە ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە پێموانیە ئەو ماوەی كە دانراوە درێژ بێت، بەڵكو لایەنە سیاسییەكان كاندیدەكانی خۆیان دەست نیشانكردووە و ناوەكانیش دیارن، لەوانەیە تەنیا برادەرانی یەكێتی تا ئەم كاتە هەندێك پۆستیان یەكلا نەكردبێتەوە، یەكێك لەوانە پەرلەمانە كە پەیوەندی بە كابینەی حكوومەتەوە نیە، هیوادارم لەو ماوەیەدا كاندیدی خۆیان دەست نیشان بكەن، بۆ ئەوەی هەر كاتێك سەرۆكی هەرێم كاندیدی فراكسیۆنی گەورەی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكوومەت كاتەكەی كەم بێت بۆ دەست پێكردن و پێدانی متمانە بە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
* لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم پارتی پشكەكانی خۆی چۆن و لەسەر چ بنەمایەك دابەشدەكات؟
- پارتی لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەشداری بە خۆی و ئەو حزبانە دەكات كە بڕیاریان داوە بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مورائاتی ئەوەی كردووە كە پاراستنی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بۆ كوردستانێكی بەهێزتر ئەوەی كردووە، بەڵام بۆ كاندیدەكانی خۆی ئەوانە بە سیڤی دەبن، بە تەئكید گرنگی بە خاڵێكی دیكەی داوە ئەویش خەڵكی لاو و دەموچاوی تازە و بە توانا دەهێنێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەت بكەن.
* پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا چۆن دەبینی؟
- پێموایە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا كە ئێمە لە بەغدا بووین، پەیوەندییەكی نادەستوورییە، بۆ چونكە حكوومەتی عێراق دەیەویست بە شێوەیەكی مەركەزی دەست بخاتە سەر هەموو دەسەڵاتەكان لە كاتێكدا كە تۆ دەستوورێكت هەیە، دەستوور دەسەڵاتەكانی دابەشكردووە بۆ حكوومەتی ئیتحادی كەواتە حكوومەتێكی مەركەزی نییە، دەسەڵاتی داوە بە حكوومەتی ئیتحادی، دەسەڵاتی داوە بە حكوومەتی هەرێم، دەسەڵاتی داوە بە پارێزگاكان، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی ئیتحادی دەستی خستۆتە سەر ئەو دەسەڵاتانە كە دراوە بە هەرێمەكان، كە هەرێمی كوردستانە، هەروەها دەستی خستە سەر دەسەڵاتی پارێزگاكان، چونكە ئێمە یاسای 21 پەسەندمان كرد لەناو پەرلەمانی عێراق، بەڵام جێبەجێیان نەكرد، بە حوكمی ئەوەی كە دەسەڵات هەیە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان جێبەجێی نەكرد، بۆ چونكە دەیەویست دەسەڵاتەكان هەمووی لای خۆ بمێنێت، بۆیە هەر حكوومەتێك بەپێی دەستوور كار نەكات، واتە بەندەكانی دەستوور جێبەجێ ناكات، نەك هەر جێبەجێ نەكردووە، بەڵكو بەندەكانی دەستوور كە پەیوەندییان هەیە بە هەرێمی كوردستان پێشێڵی دەكرد، هەرێمی كوردستان چەندەها جار داوای كرد كە ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی دەستوور رێكبخرێت، بەڵام بەداخەوە نەكرا و بینیمان كە گەیشتە رادەیەك كە هێزێكی زۆر دژی هەرێمی كوردستان بجووڵێنن، چونكە ئەوان پێیانوایە نابێت هەرێمێك هەبێت دەبێت دەسەڵاتەكە مەركەزیی بێت، بۆیە بەداخەوە ویستێك هەبوو بۆ نەهێشتنی هەرێمی كوردستان، ئەمە لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا، بەڵام لە كابینەی نوێ پێموایە ئەو كەسانە نەیاتوانی كاریگەریان هەبێت لەسەر سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی، بۆیە تا ئێستا سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، ئێمەش وەكو كورد هیچمان ناوێت غەیری ئەو بەندانەی كە لە دەستووردا هاتوونە، بۆیە شتێكمان ناوێت كە لە دەستوور زیاتر بێت، بە تەئكیدیش قبووڵی ناكەین كە لە دەستووردا هاتووە كەمتر بدرێت بە هەرێمی كوردستان، چونكە باڵاترین دیكیۆمێنی یاساییە لەم وڵاتەیە لەناو دەستووردا هاتووە هەموو هاووڵاتیەكی عێراقی هەمان ئەركیان لەسەرە و هەمان مافیان هەیە، كەواتە ناكرێت جینیۆسایدكردن و برسیكردنی خەڵك پەیڕەو بكەی و ناشكرێت هێزی سەربازی بجووڵێنیت بەپێی ئەو دەستوورەی كە هەموومان دەنگمان بۆ داوە و پەسەند كراوە، تا ئێستا سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا كار دەكەن، هەر كاتێك دەستوور جێبەجێ كرا بە تەئكید مافەكانمان بە دەست دەهێنین.
* زیاتر لە ساڵێكە هەڵبژاردن كراوە و تا ئێستا حكوومەتی عێراق تەواو نەبووە هۆكار چییە؟
- كێشەی سیاسی لەسەر پۆستەكان هەیە، كوتلە سیاسییەكان لەسەر هەر دوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری ناگەنە ڕێككەوتن، سەبارەت بە وەزارەتی پەروەردە كێشەی تێكەوت بە حوكمی ئەوەی كە كاندیدێك هەبوو دەیانگوت كەسوكاری سەر بە داعشن، ئەوەش وای كرد كە پەرلەمان متمانە پێ نەدات، دەبوایە پێش ئەوەی متمانە بە كابینە بدرێت ناو و سیڤییەكان بچنە ئەو شوێنانە كە بە پێی دەستوور بچێتە هەیەی نەزاهە، ناكرێت تۆ كەسێك ناوەكەی بهێنیە پەرلەمان و پاشان بڵێی ئەوە بەعسیە و نابێت، یان دەست پاك نەبووە، بۆیە دەبێت پێشتر بە ڕێككارەكاندا رۆیشتبایە، سەبارەتە بە وەزارەتی داد دەبوایە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بووایە، بەڵام ئەو چوار وەزارەتە لەسەر ناوی كاندیدەكان ماون، لەگەڵ ئەوەی بۆ هەر دوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دەبێت نەك تەنیا لایەنە عێراقییەكان لەسەر ناوەكان ڕازی بن، بەڵكو دەبێت هەندێك وڵاتی ناوچەكە و نێودەوڵەتی لەسەر ناوەكان كۆك بن، چونكە عێراق وڵاتێكی سەربەخۆ نیە و لە زۆر بابەت لە دەرەوە عێراق بەڕێوەدەبرێت، بۆیە رەنگە وەزارەتی داد و پەروەردە زوو یەكلا بكرێنەوە، بەڵام هەر دوو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە زۆر زەحمەتە زوو یەكلا بكرێنەوە.
* ئالۆزییەكانی ئەمریكا و ئێران چۆن دەبینی و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- بە دڵی ئێمە بێت، یان بە دڵی ئێمە نەبێت هەر گرژی و ئالۆزییەك لەناوچەكە دروست بێت كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت، ئەوە شتێكی شاراوە نیە، عێراق سنوورەكانی كراوەیە، عێراق خاوەن بڕیاری سیاسی خۆی نیە، تەداخولاتی جۆراوجۆر لە بڕیای سیاسی عێراقی هەیە، بەڵام لەو ماوەیەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق هەوڵی داوە كەمی بكاتەوە، پێموایە ئەو پەیامەی گەیاندۆتە ناوچەكە و جیهان، كە ئێمە دەمانەوێت عێراق بپارێزین و نامانەوێت تەدەخولات هەبێت، بەڵام ئاسان نیە، چونكە زیاتر لە 16 ساڵە سنوورەكان كراوەنە، بریارەكان بە دەست تۆ نین، بۆیە ئاسان نیە كە خۆ دوور بكەیتەوە لە كێشەیەك كە لە ناوچەكە هەبێت، بەتایبەتی كە تۆ سنوورت لەگەڵ هەیە، بەتایبەتی كە تۆ پەیوەندییەكی بەهێزت هەیە لەگەڵی بەتایبەتی كە ئەمریكا تۆمەتبارت دەكات تۆ هاوكاری ئەم وڵاتە دەكەیت، ئەوە عێراق بە شێوەیەكی گشتی، كوردستان تا ئەم ساتە بەشێكە لە عێراق، كەواتە هەر گرژی و ئالۆزییەك كاریگەری لەسەر عێراق هەبێت بە تەئكید كاریگەری لەسەر كوردستانیش دەبێت، بۆیە هیوادارم عادل عەبدولمەهدی بەردەوام بێت لە هەنگاوەكانی بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە كە دەمانەوێت ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیانی عێراقی بپارێزین و هیوادارین نەبینە بەشێك لە ململانێ، بەڵكو ببینە بەشێك لە ئاشتی، بەڵام ئەوەش ئاسان نیە بە حوكمی ئەوەی كە زۆر فاكتەر هەن".

زۆرترین بینراو