چوار ساڵی ئایندە چوار ساڵی خزمەتگوزاری و گۆڕانكاری دەبێت

چوار ساڵی ئایندە چوار ساڵی خزمەتگوزاری و گۆڕانكاری دەبێت

دیدار- ڕائیب شێروانی :
بەختیار كەریم، گوتەبێژی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی، حزبی سوسیالیست پێشنیاری پارتی بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پەسەند كردووە و لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا بەشداری دەكەین. دەشڵێ، زۆربەی قەیرانەكانمان تێپەڕاندووە و تەجروبە و ئەزموونێكی زۆر باشمان هەیە، بۆیە چوار ساڵی ئایندە، چوار ساڵی خزمەتگوزاری و گۆڕانكاری دەبێت لەسەرجەم جومگەكاندا.
گوتەبێژی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێ:" لە كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان ئێمە و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەولێر بەرێوەچوو، بە فەرمی بانگهێشتی حزبی سوسیالیست كرا كە بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم بكات، پارتی پێشنیاری پۆستی وەزارەتێكی خزمەتگوزاریی بۆ ئێمە كردووە، بەڵام وەزارەتەكە تا ئێستا دیاری نەكراوە، گەڕێكی دانوستاندنی زۆر جددی لە نێوان حزب و لایەنەكان دەست پێ دەكاتەوە لەو سۆنگەیەوە مەسروور بارزانی كە ڕادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی سەردانی حزب و لایەنەكان دەكات، حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستانیش یەكێك دەبێت لەو حزبانە، لەو سۆنگەیەوە ئەو دەستكەوت و بەركەوتانەی حزبی سوسیالیست بە دەستی دەهێنێت، بۆیە لەو سۆنگەیەوە ئەو داواكارییانەی كە هەمانە لە پاكێجێكدا بە فەرمی پێشكەش بە وەفدی دانوستاندن دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانن شێوەیەك لە شێوەكان بۆ ئێمە جێبەجێ بكەن.
بەختیار كەریم، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" جارێ دیاری نەكراوە كە چ وەزارەتێك بە ئێمە دەدرێت، بەڵام پێمان باشە وەزارەتێكی خزمەتگوزاری وەربگرین، تاكو بتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین، بۆیە ئەو پۆست و بەركەوتانەی بەر حزبی سوسیالیست دەكەوێت لە چوارچێوەی دانوستاندنەكانی ئایندەی نێوان هەر دوو وەفدی باڵای پارتی و ئێمە یەكلا دەكرێتەوە و بۆ ئێمە دیاری دەكرێت.
بەختیار كەریم، دەشڵێ:" ئێمە لە روانگەی خزمەتكردن بە جەماوەری كوردستان و ئەو تەجروبەی كە هەمان بوو لە كابینەكانی رابردوو كە حزبی سوسیالیست لە كابینەكانی رابردوو شێوەیەك لە شێوەكان بەشداری لە حكوومەت كردووە، ئێمە دەمانەوێت لەو سۆنگەیەوە خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكەین.
بەختیار كەریم، گوتەبێژی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان ئاشكراشی كرد:" چوار ساڵی ئایندە، چوار ساڵی گۆڕانكاری دەبێت لەسەرجەم جومگەكان، چونكە لە رابردوو زۆربەی زۆری ئەو كێشە و ئاستەنگانەی كە هەبوون تێمان پەڕاندوونە، شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، دەنگمان دا بۆ سەربەخۆیی، لەرووی هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان ئەو فۆكسەی كە لەسەر هەرێمی كوردستانە پێمانوایە كاریگەری زۆر جددی دەبێت، بۆیە زۆربەی قەیرانەكانمان تێپەڕاندووە تەجروبە و ئەزموونێكی زۆر باشمان هەیە، ئەو كێشە و گرفتانەی كە لە نێوان لایەنەكاندا هەبوون بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو گرفتانە نەماون، بۆیە پێموایە چوار ساڵی ئایندە، چوار ساڵی زیاتر خزمەتگوزاری دەبێت و پێویستە ئەو گرفتانەی پێشتر رووبەرووی هاووڵاتیان دەبوونەوە، لە چوار ساڵی ئایندە دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو قەیرانانە چارەسەر بكرێن، بەتایبەتی گرفتی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەو گرفتە سیاسی و كۆمەڵایەتیانەی كە لە هەرێمی كوردستان دروست بوونە لە چوار ساڵی داهاتوودا بەشێكی زۆریان چارەسەر دەكرێن".

زۆرترین بینراو