لە سۆران دەیان تووشبووی تاڵاسیمای هەیە

لە سۆران دەیان تووشبووی تاڵاسیمای هەیە

موڕشید برادۆستی – سۆران : لە سەنتەری قەزای سۆران و دەورووبەری دەیان منداڵی تووش بوو بە نەخۆشی تالاسیما هەیە و لەنەخۆشخانەی لەدایك بوون و منداڵانی سۆران چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەكرێت.
شاكر ئەحمەد، هاووڵاتییەكی دانیشتووی سۆرانە و خاوەن منداڵێكی تووش بوو بە تالاسیمایە بە زاری كرمانجی گوت" ماوەی چەند ساڵێكە منداڵێكم توشی نەخۆشی تالاسیما هاتووە و مانگانە بۆ چارەسەر، سەردانی نەخۆشخانەی لەدایك بوون و منداڵانی سۆران دەكەین، بەڵام ئەو بەشەی لە نەخۆشخانە هەیە هەموو جۆرە پشكنینێكی بۆ ناكرێت، بۆیە ناچارین بۆ پكشنین و چارەسەریەكانی تر روو لە هەولێر بكەین، داواش لە حكوومەت و وەزارەتی تەندرووستی دەكەین، هەموو هەوڵێك بدەن نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە تالاسیما لە سۆران بكەنەوە، چونكە دەڤەری سۆران چوار قەزای هەیە و بە دووری سەدان كیلۆمەتر تا دەگەین بە هەولێر.
لای خۆیەوە، د . كاوە محەمەد پسپۆڕی نەخۆشسیەكانی منداڵان لە سۆران بە زاری كرمانجی گووت" تالاسیما یەكێكە لەو نەخۆشییە درێژخایەنانە كە بەهۆی بۆماییەوە مرۆڤ توشی دەبێت، نەخۆشی تالاسیما كەمخوێنی بۆماوەییە، لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵان دەگوازرێتەوە، هەر كۆرپەلەیەكی ئاسایی لە سكی دایكدا خڕۆكە سورەكانی بە جۆری F دادەنرێت، كاتێك لە دایك دەبێت دەگۆڕێت بۆ جۆری A، بەڵام لە منداڵانی توشبووی تالاسیمیا جۆری F دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت بۆ جۆری پاش لەدایكبوون.
ئەو دكتۆرە نیشانەكانی نەخۆشی تالاسیما ئاشكراشی دەكات " كەسی تووش بوو بەو نەخۆشییە، زۆر هیلاك و بێهێز دەبێت، تێكچوونی ڕەنگ و زەرد هەڵگەڕانی پێست، گەشەی ئێسكەكانی دەموچاو بە شێوەیەكی ناسروشتی. لاوازی گەشە و ئاوسانی سك. تێربوونی ڕەنگی میز. لەبارەی چارەسەركردنی نەخۆشی تالاسیما دەڵێت " پێدانی خوێن، پێدانی مۆخی ئێسك، چارەسەری دەرمانی، نەشتەرگەری لابردنی سپڵ و زراو.
رێزان باڵەك بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی لە دایك بوون و منداڵانی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" رۆژانە بەمەبەشتی وەرگرتنی چارەسەر چەندین تووش بووی تالاسیما لە سنووری هەر چوار قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، رواندز سەردانمان دەكەن، لێرە خوێنیان پێدەدرێت و پشكنینی رێژەی خوێن و ڤایرۆساتیان و چەند پشكنینێكی تریان بە خۆرای بۆ دەكرێت كە ژمارەیان نزیكەی 40 نەخۆش دەبێت.
رێزان نای شارێتەوە، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمە بێت وەك كارگێڕی نەخۆشخانەی لە دایك بوونی سۆران درێغی ناكەین، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە تالاسیما لە سۆران هەموو جۆرە چارەسەر و پشكنینیێكییان بۆ ناكرێت .

زۆرترین بینراو