ئێلەگ زەردەكان لە نیوان تەنگژە و بووژانەوەی ئابووریدا

كامەران ئیبراهیم شێروانی

مامۆستای زانكۆ،ماستەر لە دارایی
ئێلەگ زەردەكان لەگەڵ رووداوەكانی ئەم دوای فەڕەنسادا زۆرترین باس و خواسی ڕاگەیاندنەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، بێگومان لەبەر بوونی گشت هۆیەكانی ڕاگەیاندن كوردستانی خۆشمان بێ بەش نەبوو لە هەواڵی ئێلەگ زەردەكان(لە ڕێگەی میدیاكانەوە كوردستانیان ئاشنابوون بە خواست و داواكانی ئێلەگ زەردەكان)، كە كرێكارو فەرمانبەران و چەندین توێژی تری لە فرەنسا بە ئێلەگ زەردەكانیانەوە شەقامەكانی پاریسیان تەژیكردبوو،لە دەربڕینی ناڕەزایی لە هەمبەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی لەو وڵاتە.
ئەوەی لێرەدا شایەنی ئاماژەپێكردنە خۆپیشاندانی ئەوان وەیاخود چونیەتی ئامادەكاری ئەوان نیە بۆهاتنە سەرشەقام، بەڵكو گرنكی و كاریگەری ئێلەگ زەردەكانە لە ڕەوڕەوی ژیانو بوژانەوەی ئابووری وڵات و بەژداریكرنیانە لە هاوسەنگی و ڕێژەی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆی وڵات، كە لەم ڕێگەیەدا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان فەراهم دەكات،گومان لەوەدانیە، كەوا ساڵانە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ئەهلییەكان لەشكرێك لە دەرچوان لەگشت بوارەكاندا پێشكەش بەكۆمەڵگا دەكات، هەر دەرچوێكیان بە شێوەی نەزەری شارەزایی كەم تا زۆر لە بوارەكەی خۆیدا وەدەست خستووە لەو چەند ساڵەی لە كۆلێژ یان پەیماگاكان بوون. بەڵام ئەگەر ئامارێكی ورد لە دەرچوان وەربگرین،ئەوا زۆر بە سادەی بۆمان دەردەكەوێت ئەم دەرچوانەسەرەڕای شارەزاییان لە بواری خۆیاندا هەر بێكار ماونەتەوە وەجێ پەنجەیان خاڵیە لە ڕەورەوەی ژیاندا،ئەوەی جێگەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەركردنە ڕێژەی دەرچوانی زانكۆ، كە بێكارن ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبن وە دەرفەتی كاریش روو لە كەم بوون دەڕوات. لە ڕۆژگاریكی زوودا لە ساڵانی ۲۰۰۰ تاكو سالی ۲۰۱۰ یش، بڕوانامە تاكە وەسیلە بوو بۆ دەست خستنی كار (چونكە لەبەر هەر هۆكارێك بێت هاوڵاتیان وە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەلێشاو دادەمەزران لە كەرتی حكومی، كە ئەمرۆ دوای چەند ساڵێك لەو دامەزراندنە زۆرەی دەرچوان لەلایەن حكومەت، كابینە یەك لەدوای یەكەكان بە دەست ئەم ژمارە زۆرەی فەرمانبەرانی میرییەوە دەناڵێنن)، وە كەرتی تایبەتیش زۆر كزو لاواز بوو،ئەگەر نەلێین هەر بوونی نەبوو، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ هەلی بە دەستخستنی كار بۆ گەنجەكانمان و بە تایبەتی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان ئاسانتر دەكات جگە لە بوونی بڕوانامە (كە بە بڕوای من لەداهاتویەكی زوودا بڕوانامە زۆر ڕۆل نابینێت لە بەدەست خستنی كار) ، بوونی ئەزموونی كار توانای كاركردنە.
كەواتە لەپاڵ بڕوانامە دەبێت قوتابیان ئەزمووندار بكرێن لە توانای ئەنجامدانی كار لەڕووی كردارییەوە نەوەك تەنها لایەنی تیۆری فێربكرێن. وەدەبێت ئێلەگ زەردەكان بۆ بازاری كار بەرهەم بهێندرێن نەوەك تەنها دەرچووی بەشێك بیت وەخاوەن بروانامە بیت، چونكە كوردستان خاوەن توانای مرۆیی لەبن نەهاتوە بە بەراوورد لەگەڵ وڵاتانی تر.پێكهاتەی كوردستان ڕێژەی ۸۰٪ بەرەو سەر گەنج لەخۆ دەگرێت، گەر بێت و ئەم ڕێژەیە،ڕێژەیەكی كەمیش بخرێتە سەركار (دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنرێت)ئەوا بێگومان كارگەریەكی زۆر دەخاتە سەر بوژانەوەی ئابووری كوردستان.زۆر بەداخەوە گەنجی كورد وا لێڕاهاتوە یاخود وا لێڕاهێنراوە، كەوا ئەگەر لە كەرتی حكومی دانەمەزرێت ئەوا بێكارە، بۆیە هەنگاوی یەكەم دەبێت ئەم بیرۆكە هەڵەیە لە هزری تاكی كورد بە تایبەت گەنجەكان دەربهێنرێت، كاركردن لەلایەن پیرۆز و خۆشەویست بكرێت بۆ ئەوەی تەنها بیریان لە دامەزراندن نەبێت،وە تەنها بۆ ئەوە نەخوێنن، كە لەكەرتی گشتی دابمەزرێن . لە دونیایی ئەمڕۆدا دەستی كار وە بوونی سەرمایەیی مرۆیی گەورەترین كێشەیە، وڵاتانی پێشكەوتووش بەدەست كەمی ئەم سەرمایەوە دەناڵێنن.
بۆیە بەكارهێنانی ئەم سەرمایە مرۆییە، كە لە كوردستان هەیە بەشێوەیەكی سیستەماتیك و دروست چەندان كاریگەری ئەرێنی و چەندان سوودی بۆ وڵات دەبێت وەكو:١_كەمكردنەوەی تاوان لە ناو كۆمەڵگەدا.
٢_بووژانەوەی ئابووری وڵات.
٣_كەمكردنەوەی نەخۆشیە دەروونیەكان (بەپێی چەند توێژینەوەیەك، كە ئەنجامدراون بێكاری هۆكارێكی سەرەكی نەخۆشیە دەرونیەكانە).
٤_زیادكردنی بەرهەمی ناوەخۆ.
٥_ كەمكردنەوەی هەڵگەڕانەوە ویاخیبونی گەنجان لە حكومەت. ئەم خاڵانەوە چەندانی تر.

 

زۆرترین بینراو