رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی له‌ سۆران بۆچی رۆڵ و كاریگەریان نییە؟

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی له‌ سۆران بۆچی رۆڵ و كاریگەریان نییە؟

موڕشید برادۆستی – سۆران : لە هەرێمی كوردستان هەزاران رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و چاڵاكوانی ئەو بووارە بوونیان هەیە، بەڵام بێ دەنگی رێكخراوەكان لە ئاست پرسە گشتییەكان گومانی لای خەلك دروست كردووە .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست زاری كرمانجی كەوتووە، لە كوردستان نزیكەی چوار هەزار رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بە سەرجەم جۆرەكانەوە بوونیان هەیە لەو رێژەیەدا سەرووی 50 رێكخراو لە سنووری قەزای سۆران هەیە . زاری كرمانجی لە راپۆرتێكیدا بۆ چوونی خەلك و چاڵاكوان و سەرۆكی رێكخراوەكانیش دەربارەی نەبوونی رۆڵ و كاریگەریان دەخاتەڕوو.
محیەدین بادلی دانیشتووی سۆران بۆ زاری كرمانجی گووت" لە هەموو وڵاتێكی دیموكراسی و نیمچە دیموكراسییدا لە دەرەوەی دەستەڵات و حكومەتدا، چەندان ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و چاڵاكوانی سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و سەربازی هەن، كارو ئەركی ئەوان ڕێگەگرتن و ڕاستكردنەوەی هەڵەو خوارییەكانی ئەدای دەستەڵات و وشیاركردنەوەی جەماوەرە بە هاندانیان بۆ بیری چاك و كرداری دروست، بەڵام لە كوردستان زۆربەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چاڵاكوانان بە لاوازو كەمتەرخەم دەبینرێن، یاخود چاڵاكی و جولەكانیان زۆر بەكەمی سوود بە وڵات و جەماوەر دەگەیەنن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی كەسەكانی هەڕەمی ئەو ڕێكخراوانە، یاخود زۆرێكیان لەلایەن حزبەكانەوە خولقێنراون، یان لەوانەوە پشتگیری و هاوكارییان پێدەدرێت، یانیش بۆ دژایەتی حكومەت یان دەستەڵات بەرهەم هێنراون! ، ئەوەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر شێوازی كار و ئەدای ئەو ڕێكخراو و كۆمەڵە و چاڵاكوانانە، بە ئاسانی دەكەونە ژێر جلە و سۆزی ئەوانەوە، تەنها لە بەرژەوەندی و خواستی ئەوان ئاراستەبەزی دەكەن!.
رزگار شەهاب كارمەندی حكومەتە و دانیشتووی سۆرانە دەربارەی رۆڵی رێكخراوەكانی مەدەنی دەڵێت " نزیكەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت و رۆژانە كۆبوونەوە دووای كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، كەچی تا ئێستا حكومەت و كابینەی نۆیەم پێكنەهاتووە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخ و گوزەرانی خەلك دروست كردوە و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتییان دروست كردوە، حزبە سیاسیەكان لەسەر پۆست و پلە نەگەیشتوون بەرێككەوتن و یاری بە هەستی خەلك دەكەن، لە ماوەی ئەو حەوت مانگە رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنیمان نەبینی گردبوونەوەیەك یا هەڵوێستێیكی مەدەنی دژی ئەو حزبە سیاسیانە و نەگەیشتن بەرێكەوتن ئەنجام بدەن . ئەمە نمونەیەك و دەیان پرسی گرنگ هەن هیچ هەڵوێستیان نەبووە، لە كاتێكدا لە زۆر بابەتی دیكەی لاوەكی دێنە دەنگ و خەریكی خۆنمایش كردن دەبن، كاری راستەقینە و سەرەكی رێكخراوەكان ئەوەیە لەم جۆرە بارودۆخانە دەنگیان هەبێت و نەهێڵن یاری بە چارەنووسی هاووڵاتییان بكرێت.
هەژار ماهێر ئێدلبی سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە سۆران بە زاری كرمانجی گووت " لە هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەو دۆخە چەقبەستووەی كە حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە بێ گوێ دان و رێزگرتن لەو دەنگدرانەی كە شەونخونیان كرد تاوەكو دوخێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان بهێننە ئاراوە، بەڵام بە داخەوە هەموویان بە دوای پلە و پایەو ئیمتیازات و پۆست كەوتوون، گلەیی لەوە دەكرێت كە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بێ‌ دەنگن، ئەمە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە، بەڵام پەیوەندی دارە بەدوو هۆكار .
هەژار ئێدلبی دەڵێت " لە ئێستادا ئەم حزب و لایەنانە بێ‌ باك بوون لە هەموو خزمەتێك بۆ خەڵك وەك پێویست بە دەم فشارەكانی رێكخراوەكان ناهێن، ئەگەر چی لێرەو لەوێ بۆ چەند كارێكی پێویست هەڵوێستیان نواندوە وانەبێ ئەم ڕێكخراوانە بێ هەڵوێست بووبن بەڵام گوێیان لێناگیرێ. هەروەها بەشێكی زۆری رێكخراوەكان كەوتونەتە ژێر رێكێفی حزبەكان، واتە ئەو بابەتی مەدەنیانە و فشاری خۆیان لە دەست داوە كە ئەركی سەرەكیانە لەم باروودۆخانە دەنگیان هەبێت، من بەش بە حاڵی خۆم كێشەم ئەوەیە چاڵاكوانێكی ژینگەییم بەڵام ئامادەم یەكەم كەس وە یەكەم رێكخراو هەلوێسیت بنوێنین لەهەر ناڕازی بوونێكی خەڵك.
لەلای خۆشیەوە، تەها مەهدی سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری هاتووچۆ لە كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند " بێگومان بە شێكی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ خۆنماش كردن درووست بونە و بەشێكیان بونەتە ماستاوچی و بەشێكیان لەژێر سێبەر و پاشكۆی حیزبەكان خۆیان حەشار داوە و تەنانەت بەشێكیان داهات لە حیزبەكان وەردەگرن و بارەگایان بۆ گیراون و كاری رێكخراوەیان زۆر ناشرین كردوە، بەڵام نابێت ئەوەش لەیاد بكەین كە دەیان رێكخراوی چالاك و ئەكتیف هەن لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان كار و چالاكی مۆدێرن دەكەن و گیرفانی خۆشیان سەرچاوەی داهاتیانە . هەریەك لەو رێكخراوانە بۆ ئامانجێكی دیاری كراو و خزمەت كردن بە سێكتەرێكی گرنگی نێو كۆمەلگە دروست بوونە، سەرەرای ئەوەی رێكخراوەكان هیج داهاتێكیان نییە و لە رێگای كۆمپانیا و خێر خوازانەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و دەكرێت لە كابینەی نوێی حكومەت و لە پەرلەمانی كوردستان بەشێك داهات بۆ رێكخراوە چالاكەكان دابین بكەن و بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بكەن وە نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە هەرگیز رێكخراوەكان بێدەنگ نەبوونە لە هیج پرسێك، جا ئاینی بێت یاخود سیاسی یاخود نیشتمانی بێت .
سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری هاتووچۆ لە كوردستان ناشیشارێتەوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە هەرێمی كوردستان دواخستنی پرسی پێك نەهێنانی حكومەت و دواخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمانە، كە بێگومان ئەو چارەسەرە لە توانای رێكخراوەكان بەدەرە، چونكە رێكخراوەكان بەشێكی نوخبەی نێو كۆمەلگەن ، ئەگەر بێتوو 100 رێكخراویش گربونەوە بكەن و یاداشت بەرز بكەنەوە یاخود تەنانەت سەردانی حیزب و لاینەكانیش بكەن ، هیج لە دۆخەكە ناگۆرێت . چونكە ئەوەی گرنگە لای حیزبەكان كورسی و پلە و پۆستە و حیزبەكان گوێ‌ بە بارودۆخ و گوزەرانی و ژیانی ئابووری ئەو خەلك نادەن كە بەدەنگی ئەو خەڵكە گەیشتوون بەو شوێنەی كە ئێستا لێیەوەن .

" ماوەی حەوت مانگە حزبە سیاسیەكان لەسەر پۆست و پلە نەگەیشتوون بەرێككەوتن و یاری بە هەستی خەلك دەكەن، لەو ماوەیەدا رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنیمان نەبینی گردبوونەوەیەك یا هەڵوێستێیكی مەدەنی دژی ئەو حزبە سیاسیانە ئەنجام بدەن "

زۆرترین بینراو