"توركیا زیان بە ئابووری و خاكی خۆی دەگەیەنێت"

"توركیا زیان بە ئابووری و خاكی خۆی دەگەیەنێت"

دیدار –ڕائیب شێروانی: ئازاد سرێشمەیی، چاودێری سیاسی لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" ئەوەی لە رۆژئاوا دەبینین كارەساتە، پیلانێكی گەورەیە دژی كورد، ئەگەر ئەو ئۆپەڕاسیۆنە بەردەوام بێت، دیموگرافیای ناوچەكە دەگۆڕێت و شتێك نامێنێت بەناوی رۆژئاوای كوردستان. دەشڵێ:" ئەگەر لایەنەكانی رۆژئاوا پێگریان بە رێككەوتنەكان كردبایە و یەكڕیزی خۆیان پاراستبایە رەوشی رۆژئاوا بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت.
سرێشمەیی گوتی:" ئەوەی لە رۆژئاوا دەبینین كارەساتە، پیلانێكی گەورەیە دژ بەو خۆسەریەی كە لەوێ هەیە، نەك هەر دژی ئەوان بەڵكو ئەو پیلانە دژی كوردە، ئەگەرنا بۆچی تەنیا ئەو ناوچەیە دەكەنە ئامانج، ئەوانەی كە لەگەڵ سوپای توركیا بەشدارن، ئەوانیش دژ بە كوردن و توندڕەون، ئەگەر ئەو ئۆپەڕاسیۆنە بەردەوام بێت وەكو خۆیان دەڵێن، 30 كیلۆمەتر بێنە ناو خاكی سووریا، ئیدارەی خۆجێی كە لەوێ هەیە كۆتایی پێ دێت، دیموگرافیای ناوچەكە دەگۆڕێت، چونكە ئەوان بەنیازن ئەو عەرەبانەی كە ئێستا لە سووریان لەو ناوچانە نیشتەجێ بكەن، بەو شێوەیە دیموگرافیای ناوچەكە دەگۆڕێت و شتێك نامێنێت بەناوی رۆژئاوای كوردستان، جا ئەوە پیلانێكی گەورەیە دژ بە خەڵكی رۆژئاوا دەكرێت.
ئەو چاودێرەی سیاسی دەشڵێ:" مەبەستی توركیا وەكو خۆشیان دەڵێن، رێگرتنە لە تیرۆر و سنوورەكانی خۆیان بەهێز بكەن، خەڵكانێك دابنێن كە سەر بەخۆیانن، بەڵام ئامانجەكە لەوە دوورترە و ئامانجەكە ئەوەیە كە ئێدی كۆتایی بە ئیدارەی خۆجێی ئەوێ بهێنن و دیموگرافیای ناوچەكە بگۆڕن و بۆ هەمیشە شتێك نەمێنێت بەناوی خاكی كوردستان، كورد لە هەر شوێنێك دەسەڵاتی هەبێت نەمێنێت، ئەوە ئامانجەكەیانە.
ئازاد سرێشمەیی، روونیشیكردەوە:" ئەگەر لایەنەكانی رۆژئاوا پێگریان بە رێككەوتنەكان كردبایە و یەكڕیزی خۆیان پاراستبایە رەوشی رۆژئاوا بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، بۆیە بێگومان هەڵەی ئەوانیش تێدایە، ئەوان لە سیاسەتكردن هەڵەیان كرد، جارێ پێش هەموو شتێك دژی بەشێك لە خەڵكی خۆیانن، ئەگەر ئەوان هەموو پێكەوە كاریان كردبایە ئێستا ئەو بیانۆیە نەدرابایە دەست توركیا كە بڵێ من دژی هێزێكی كوردیم، ئەگەر هەموو پێكەوەبانە ئەوە دەبووە دژایەتی هەموو كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بۆیە پێموایە ئەوان لە سیاسەتكردن توندن، پێویست نەدەكرد بەو شێوەیە بن و پێویست بەوە دەكرد ڕیزەكانی خۆیانبپارێزن، پێكەوە ئەو هەرێمە بپارێزن، ئێستا نەدەكرا بیانۆیەك بدەنە دەست توركیا كە بێتە ناو خاكی رۆژئاوا و بەو شێوەیەش باسی كورد بكرێت.
ئازاد سرێشمەیی، چاودێری سیاسی ئاشكراشی كرد:" چارەسەر بۆ بارودۆخی رۆژئاوا ئەوەیە كە ئێستا دەنگێكی نەڕازی زۆر لە جیهان هەیە، كە پێموایە ئەوە یەكەمجارە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان دژ بەو ئۆپەڕاسیۆنەی توركیان، لە دواجاریش پێموایە توركیا زیان بە خۆی و ئابووری و خاكی خۆی دەگەیەنێت، وردە وردە خەریكە دژایەتیەكان جێگەی خۆیان دەگرن، ئەوە ئەمریكا هێشتا لەو ناوچانە دەسووڕێتەوە، بێجگە لە مقاومەتی خەڵكی ناوچەكە ئەوە دەبێتە پاڵپشتێك و پشتیوانیەك بۆ خەڵكی ناوچەكە كە ئاوارە و دەربەدەر نەبن و رۆژئاوا وەكو خۆی بمێنێتەوە".

زۆرترین بینراو