ئاری هەرسین: خراپی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دەبێتە هۆی نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان

ئاری هەرسین: خراپی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دەبێتە هۆی نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان

دیدار – رائیب شێروانی
ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد": مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ئۆكسجین پێویسترە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی جێی هیوای سێ پارچەكەی دیكەی كوردستانیشە، بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێم دەبێت ئەوانەی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبن لەناو خۆیان یەك بن. دەشلێ:" بۆیە بەغدا بە داواكارییەكانی كورد رازی نابێت و پابەندی دەستوور نابێت، چونكە دەزانێت كورد لە ناوخۆ یەك نییە، ئەگەر ئێمە یەك بین حسابمان بۆ دەكەن، ئەگەر یەك نەبین هەر رۆژە و سوود لە یەكێكمان دەبینن، بۆیە هەر كاتێك پارتی و یەكێتی یەكبوون هەولێر و بەغدا دەگەنە رێككەوتن.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت هیچ كەسێك سوودمەند نابێت، هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان بە حزب و لایەنەكانەوە زەرەر دەكەن، بەڵام دیارە ئەوان عەقلیان بەوە ناشكێت ئێمە هەموومان خەڵكی هەرێمی كوردستانین، بە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە یەك كەشتیداین، ئەگەر كەشتییەكە نقووم بێت، ئەوە نیە تۆ رزگار بی و منیش نقووم دەبم، ئەوە لە نەزانینە و هیچی دیكە نییە، بۆیە مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ئۆكسجین پێویسترە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، جێی هیوای سێ پارچەكەی دیكەی كوردستانیشە، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە یەك مەرجی سەرەكی هەیە، دەبێت ئەوانەی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبن لەناو خۆیاندا یەك بن، هەموو ئەو كێشانەی بەسەر ئێمەدا هاتووە، 16ی ئۆكتۆبەر، هاتنی سوپای توركیا و تۆپبارانی ئێران هەموو لەبەر خاتری یەك شتە ئەویش ئەوەیە ئێمە لەناو خۆماندا یەك نین، بۆ ئەوەی ئەو كێشانە لە خۆمان دووربخەینەوە دەبێت لەناوخۆمان یەك بین، ئەوانەی دەچن داوای نەمانی قەواری هەرێمی كوردستان دەكەن، بابێن داوا بكەن بەینی لایەنەكان باش بێت.
ئاری، روونیشیكردەوە:" یاسای چاكسازی سەرناگرێت ئەگەر بەینی پارتی و یەكێتی باش نەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو ئاوازەی لە هەولێر دەخوێندرێت لە سلێمانی گوێ لێ ناگرن، لەبەر ئەوە بنەمای سەركەوتن لە هەرێمی كوردستان بۆ هەموو شتێك ئەوەیە كە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان زۆر باش بێت.
ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ:" خراپی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دەبێتە هۆی نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان، خراپی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی ناوچەی سلێمانی دەكاتە پارێزگایەك لە پارێزگاكانی ئێران، لەو دیوی دێگەڵەش دەكاتە پارێزگایەك لە توركیا، ئەگەر ئەوەش نەبێت لە زاخۆ تا خانەقین دەبینەوە بە بەشێك لە عێراق و وەكو پارێزگاكانی دیكە مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت، بەڵام ئەگەر نێوان پارتی و یەكێتی باش بێت هیچ كەسێك پێمان ناوێرێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد :" سەرۆكی حكوومەت زۆر حەز دەكات چاكسازی بكات، بەڵام ئەمە حەزە، بۆ ئەوەی ئەو حەزە ببێتە كردار دەبێت نێوان پارتی و یەكێتی باش بێت، ئەگەر بەڕێزیان لە هەولێر و دهۆك چاكسازی بكات، لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆی نەچێتە سەر چیمان كرد، كەواتە هیچمان نەكرد.
ئاری هەرسین، زیاتر گووتی :" ئەوەی ئێستا لە نێوان پارتی و یەكێتی هەیە، كارێكی كردووە ئێمە هەرێمەكەی خۆمان وا بەڕێكوپێكی پێ بەڕێوە ناچێت، جا چۆن كاریگەرمان هەبێت لەسەر ناوچە كوردستانییەكان، هەر نامان بێت، ئەگەر وا بڕوات دەبێت كورد بە تەمای شنگال، مەخموور، خانەقین و كەركووك نەبێت و ئەو ناوچانەی بە تەواوەتی لە دەست دەردەچێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە كورد لەناوخۆ یەك بێت، پارتی و یەكێتی پێكەوە دابنیشن، نابێت پەڕەی كۆنی ناشرین بۆ یەكدی هەڵبدەینەوە، دەبێت سەیری داهاتوو بكەین، نەك بە رقەوە مامەڵە لەگەڵ یەكدی بكەین، چونكە سیاسەت و برایەتی بە رق و كینە نابێت.
بە بڕوای ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە بەغدا بە داواكارییەكانی كورد رازی نابێت و پابەندی دەستوور نابێت، چونكە دەزانێت كورد لە ناوخۆ یەك نیە، ئەگەر ئێمە یەك بین حسابمان بۆ دەكەن، ئەگەر یەك نەبین هەر رۆژە و سوود لە یەكێكمان دەبینن، بۆیە هەر كاتێك پارتی و یەكێتی یەكبوون ئەو كاتە هەولێر و بەغدا دەگەنە رێككەوتن".

زۆرترین بینراو