ئازادی و ئاسایش و یاسا

ئاریان فه‌ره‌ج

 گه‌لی كوردستان هه‌رگیز پاشه‌كشه‌ له‌ ئازادی ناكات..
ئه‌م رسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ كه‌یسی دادگایی گیراوه‌كانی بادیناندا، شا ڕسته‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، هه‌ر هه‌مان رسته‌‌، شاده‌ماری بوون و مانه‌وه‌ و ئاینده‌‌شمانه‌. 
ئازادی، وه‌ك ده‌سكه‌وته‌ گه‌وره‌كه‌ی خه‌باتی هه‌مووان، له‌ ناوخۆدا كۆكه‌ره‌وه‌مانه‌‌. له‌كولتوری داخراو و ئازادیكوژی ناوچه‌كه،‌ جیاكه‌ره‌وه‌مانه‌‌. دافعی هاوبه‌شمانه‌ بۆ دیفاع له‌ قه‌واره‌ی هه‌ڕه‌شه‌لێكراوی كوردستان. هه‌ر چه‌شتنی تامی ئازادییشه‌‌، ناهێڵێ گه‌له‌كه‌مان جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ژێرده‌ستی هه‌ڵبكات و خۆبچه‌مێنێ. هه‌ر توێشووی ئازادییشه‌ توانای به‌رگه‌گرتنی‌قه‌یران و گوزه‌رانی سه‌خت و كه‌موكاسییه‌كانی ناوخۆمان ده‌داتێ. هه‌ر به‌ هۆی ئازادیخوازیشمانه‌‌ كه‌ جیهان به‌ چاوێكی جیاواز‌ لێمان ده‌ڕوانێ و به‌ شایسته‌ی پشتگیریمان ده‌زانێ. 
كه‌واته‌ ئازادی( به‌ مانای ئازادیی خاك و ئازادییه‌كانی تاك و ته‌واوی ماف و ئازادییه‌ دیموكراتییه‌كان)كه‌ سه‌د ساڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی جه‌نگاین، پێناسه‌ و سه‌رمایه‌ گه‌وره‌كه‌مانه‌‌، بۆیه‌ش نه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌شێ له‌ هیچ پێناوێكدا لێی كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، نه‌ ده‌بێ رێگه‌بدرێ بشێوێنرێ و به‌ خراپی و به‌ زیانی خودی ئازادی به‌كاربهێنرێ و به‌هانه‌ی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی به‌ده‌سته‌وه بدرێت‌.   
 به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا، ئازادی بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی له‌باری پیاده‌كردنی بۆ بڕه‌خسێ، پێویستی به‌ ئاساییش و ئه‌منییه‌تی نیشتمانی و كۆمه‌ڵگه‌یی هه‌یه‌. دابینكردنی ئه‌من و اسایش له‌ هه‌رێمێكی به‌رهه‌ڕه‌شه‌دا، ئه‌ركێكی سه‌خته‌. ئه‌و ئه‌ركه‌ چه‌نده‌ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ته‌، ئه‌وه‌نده‌ش باوه‌ڕپێبوون و یارمه‌تی و هاوكاریی خۆویستانه‌ی هاوڵاتیانی پێویسته‌ و به‌ بێ ئه‌و هاوكارییه‌‌، وه‌ك پێویست دابین نابێ. 
نهێنیی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر  به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌منی و ووڵاتپارێزی، تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و وه‌ك یه‌كی دامه‌زراوه‌كان و هاووڵاتیانه‌ له‌ چه‌مكی ئاساییش وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گشتی و ژیاری. باوه‌ڕی پته‌وی هاووڵاتییه‌ به‌وه‌ی به‌رقه‌راریی ئاساییش ده‌بێته‌مایه‌ی پاراستنی ماف و ئازادییه‌كانی و، هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاساییش، ده‌بێته‌ زیان بۆ زه‌مینه‌ی له‌باری موماره‌سه‌ی ئازادییه‌‌كانی. 
ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌ و ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ جه‌ده‌لییه‌ی نێوان ئازادی و ئاساییش‌ و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی له‌ هه‌ر شك وگومانێك، خزمه‌ته‌ به‌ خودی ئازادی  و پاراستنیه‌تی له‌ سوئی ئیستفاده‌، به‌رله‌وه‌ی خزمه‌ت بێت به‌ ئاساییش.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیان‌ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئازادی و ئاساییش وه‌ك دوو چه‌مكی یه‌كدی ته‌واوكه‌ر نه‌ك یه‌كتربڕ، سیمایه‌كی روونی سیستم و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتییه‌. هه‌ر كاتێك له‌ زهنیه‌ت و فه‌زای گشتیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكرات یان دیموكراتخوازدا ، چمكه‌كانی ئازادی و ئاساییش كه‌وتنه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك و وه‌ك دوو چه‌مكی دژبه‌ر وێناكران، مانای وایه‌ خه‌له‌لێك‌ له‌ ئارادایه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌مووان ده‌بێ به‌ تێگه‌یشتنه‌كانیاندا بچنه‌وه‌. 
به‌ هه‌مان پێوه‌ر، ‌وێناكردنی یاساش وه‌ك دژبه‌ر و ركابه‌ر و سزاده‌ری ئازادی، هه‌مان چه‌شنه‌ خه‌له‌له‌ و راستكردنه‌وه‌ ده‌خوازێ. چونكه‌ له‌ ئه‌سڵدا ئه‌وه‌ی په‌رژین به‌ ده‌وری ئازادیدا هه‌ڵده‌چنێ و  ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر سنوره‌كانی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، یاسایه‌. بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئازادیخوازی راسته‌قینه‌ دۆستی یاسایه‌. هه‌ر هه‌وڵیك به‌ ئاڕاسته‌ی كوشتنی متمانه‌ی گشتی به‌ یاسا و دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری، جا به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك و ده‌ره‌نجامی هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بێت، بانگه‌وازه‌ بۆ گێرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌ بۆ شه‌ریعه‌ی دارستان و قه‌زاوه‌تی هێزی بازوو. 
په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ كه‌یسی دادگاییه‌كه‌دا، له‌ یه‌ك كاتدا:  داكۆكی بوو له‌ شكۆی یاسا و سه‌ربه‌خۆیی ده‌زگای دادوه‌ری، له‌ مافه‌ بێ چه‌ندوچوونه‌كانی هاووڵاتی، له‌ ئازادی و خراپ به‌كارنه‌هێنانی ئازادی و داكۆكی بوو له‌ ئاساییش و ئه‌منیه‌تی ووڵات. په‌رۆشیی بوو بۆ‌ متمانه‌ی نێوان حكومه‌ت و هاووڵاتیان، قه‌زاوه‌ت و هه‌وڵێك بوو بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی ئازادی و ئاساییش و یاسا .
گه‌لی كوردستان هه‌رگیز پاشه‌كشه‌ له‌ ئازادی ناكات، رسته‌یه‌ك بوو ده‌بوا جیهان به‌ ده‌نگی به‌رز لێمان ببیستێ وله‌ ناوخۆشدا هه‌م نیگه‌رانییه‌كان بڕه‌وێنێته‌وه‌ و هه‌م موزایه‌ده‌ و سواربوونی شه‌پۆل و نانوپیازخواردن به‌و كه‌یسه‌وه‌ بوه‌ستێنێ. 
ئازادی و ئاساییش و یاسا چه‌مكگه‌لیكی یه‌كدی ته‌واوكه‌ر و بنه‌مایین له‌ سیستمی دیموكراتیدا،  گه‌لی ئێمه‌ش‌ جگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن له‌ ئیمتیحانی سه‌ختی دیموكراسی و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانیدا، رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ پێش نییه‌‌.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو