ئافرەتێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئافرەتان فێری نەخش و دروومان دەكات

ئافرەتێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئافرەتان فێری نەخش و دروومان دەكات

دیمانە:رۆژان 
زۆرن ئەو ئافرەتانەی خەون و ئامانجیان هەیە، بەڵام تا چەند هەوڵ دەدەن بگەن بە ئامانجەكانیان، ئەمە دەگەڕێتەوە سەر هەول ماندوبوونیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان، لەهەمان كاتدا ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژیت كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەو ئافرەتە هەیە، لە كۆمەڵگەی كوردیدا تا رادەیەكی باش ئازادی كار كردنی ئافرەتان لە دەرەوە فەراهەم بووە،  سەروین عزیز دانیشتوی گوندی دەرگەڵەیە، كاری دروومانی دەكات، یەكێكە لە ئافرەتە سەركەوتووەكان كە لە ئێستادا جگە لەوەی خاوەن كاری خۆیە، لە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش كارەكەی گەورەتر كردووە.
* باس لە ئەزموونی كار كردنی خۆت بكە، چۆن بوو دەستت پێكرد؟
- من ناوم سەروین عزیز قادر دەرگەلەی تەمەنم ٣٠ ساڵە، دانیشتوی گوندی دەرگەڵەم، دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی شەقڵاوەم، دوای تەواو بوونم لە خوێندن دانەمەزرام، لە ماڵەوە مامەوە، پاش ساڵێك ئیتر دایكم وەفاتی كرد، تەواو بێزار بووم لە ماڵەوە پاش ساڵێك لە مردنی دایكم خولێكی دوورمان كرایەوە، بەڵام من زۆر حەزم بەم كارە دەكرد بەراستی تاكە خولیای منداڵیم بوو زۆر جار دایكم پێی دەوتم دەست بكە بە كاری خەیاتی، لە دروومان شارەزا بووم بۆ ماڵەوە جلم دووری شارەزایم هەبوو خولەكە بۆ ماوەكی كورت بوو ١٠رۆژ بوو دوای تەواو بوونی خولەكە بیرم لەوە كردەوە دەست بە كاری خەیاتی بكەم ئیتر بەردەوام بووم تا ئێستا، دەست پێكردنم ساڵی ٢٠١٧ بوو، سەرەتا پەیجێكم دانا لە ئینستەگرام تا خەڵكی ئاشنای كارەكەم بێت ئێستا هەموو كەسێك تۆری كۆمەلایەتی بەكار دێنێ لە ئێستادا ١٩٧هەزار فۆلۆوم هەیە دواتر فێسبووكی تایبەت بە كارەكەشم  دانا، بۆ ماوەكی كەمە لەسەر داوای خەڵك سناپێكم داناوە بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵك بدەم تاكوو فێری نەخشی دروومان بن.
 * تاچەند خێزانەكەت پاڵپشت بوون لە كارەدا؟
- خێزانەكەم زۆر پالپشتم بوون تا بەردەوام بم، گەر ماڵەوە یارمەتی منیان نەدابایە بەراستی نەمدەتوانی كارێكی وا بكەم. بە تایبەت خوشكێكم كاری نەخش لەگەڵ من دەكات، چونكە كاری نەخش تۆزەك زەحمەتە بە تەنیا دوورمان و نەخش بكەی بەس خوشكەكەم هاوكارمە و  جێی پەنجەی دیارە، زەحمەتی بۆ من تەنیا كاری مالەوەیە، كاری خەیاتی دەكەم و كاری ماڵەوەش دەكەم ئیتر كەمێك زەحمەتە، بەڵام تا خاوەن كاری خۆت بیت پێویستە بەردەوام بیت، ئەگەرنا زۆر خۆشە مورتاحم لە كاری خۆم هەر لە مالەوە دەكەم، هیچ شتێك بەربەستم نەبوە تا واز لە كارەكەم بێنم سوپاسی خوا و مالەوە دەكەم یارمەتی دەرم بوونە باوكم و برام خوشكم سوپاسیان دەكەم پالپشتم بوونە. 
*شانازی بە كارەكەتەوە دەكەی؟ چیت هەیە بۆ ئافرەتان؟ پێت وایە كاری سەربەخۆ بۆ ئافرەت گرنگە؟
- بەڵێ زۆر شانازی بەخۆمەوە دەكەم و  دڵخۆشم كە خاوەنی كاری خۆمم، كە جلێك دەدوورم دەست خۆشیم لێ دەكەن رایان لە نەخش و درووینم دەبێت هەستێكی خۆشە، بەراستی كڕیار لە هەموو پاریزگای هەولێر داوا دەكەن، بۆ من جێگای دڵخۆشیە بەراستی كە جێگای متمانەی ئەوانم، وەكو كچێك داوا لە هەموو ئافرەتێك دەكەم گوێ بە هیچ شتێك نەدەن، هەوڵدەن ببنە خاوەن كاری خۆیان، زۆر گوناهە لەبەر قسەی خەڵك كارەكەت بفەوتێنن، بەردەوام بن لە كارەكەتان تا بە ئامانجی خۆتان دەگەن، زۆر گرنگە ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا خاوەن كارو شەهادەی خۆی بێت با ئافرەتیش شان بە شانی پیاو كار بكات لە دەرەوە، جێگەی دڵ خۆشییە ئێستا تا رادەیەكی باش ئافرەتان كار دەكەن لە دەرەوەو خاوەن كاری خۆیانن.

زۆرترین بینراو