ئالین: خۆشی و مەینەتییەكانی هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و مەینەتی منن

ئالین: خۆشی و مەینەتییەكانی هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و مەینەتی منن

ئا/ خەلیل بارزانی
ئالین لە رۆژئاوای كوردستان لە دایكبووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێك دەبێت رووی لە وڵاتی غەریبی كردووە و لەوێوە بەردەوام بووە لە گۆرانی وتن، تا ئێستا چەندین بەرهەمی و دەیان كلیپی بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت، هیچ بەرهەمێكی نەبووە، سەبارەت بەو بابەتە و چەند بابەتێكی دیكەوە ئەم گفتوگۆیەمان كرد.
سەرەتا ئالین تیشكی خستە سەر نەبوونی بەرهەمی هونەری لە ماوەی رابردوو و گووتی" بێدەنگی و دوورە پەرێزیم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە من سەرقاڵی كار و ژیانی تایبەتی خۆم بووم، دووەمیشیان كاری دبلۆماسیم بە بێدەنگی ئەنجام دەدا، سێیەمیشیان لەبەر خۆ ئامادە كردن بوو، بۆ بەرهەمێكی نوێی هونەری، ئێستا كلیپێكم بە زمانی سوریانی ئامادەیە لە چوارچێوەی ئەو بەرهەمەی كە باسم كرد".
لەبارەی سروودە نیشتمانییەكان ئالین دەڵێ " خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان خەمی منە، و هەر چوار پارچەیان بۆ من وەك رۆژئاوا وان و جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكان هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و ناخۆش و مەینەتی منن، بەڵام لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان سەرچاوەی خەم و ناخۆشییە بۆ من، بۆیە ئەوەی لە توانامدا هەبێت بۆ رۆژئاوا ئەنجاممداوە چ لە رێگای كلیپەكانمەوە وەك كلیپ (یەكێتی برایەتی) تێیدا داوای یەكگرتن و برایەتی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكەم، هەروەها گۆرانییەكانی (بلبلێ دلشاد) و (ئەی فەلەك ژ بو تە دناڵم)، چونكە لەو كاتەدا ئەوەی لە باشووری كوردستان روویدا، هەمان شت بوو كە لە رۆژئاوای كوردستانیش روویدا وەك هێرشە دڕندەكانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژئاوا و باشوور بەتایبەتی لە شنگال".
گووتیشی" لە رووی دبلۆماسیشەوە چەندین جار داوام لە دەوڵەتی ئەڵمانیا كرد پێویستە یارمەتیدەر بن بۆ بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و بە زووترین كات ئازاد و ئارام بێت، لێرەوە داوا لە گشت هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەم كە یەكتریان خۆش بوێت و لە یەكترییەوە نزیك بن و كاتی خۆیان بۆ برایەتی و یەكریزی تەرخان بكەن، چونكە چەند زوو یەكگرتوو بن ئەوەندە زوو رۆژئاوا ئازاد و ئارام دەبێت".
سەبارەت بە سەردانی كردنی رۆژئاوای كوردستان گووتی " تا ئێستا سەردانی رۆژئاوای كوردستانم نەكردووە، هەستێكی بێ سنوور دەبێت بەجۆرێك ناتوانم چۆن باسی بكەم ناتوانم وەسفی هەستی خۆم بكەم، چونكە یەكێكە لە خەونە مێژینەكانم. بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی خەڵكەكە و هەست بە خۆشی و ناخۆشییەكانی بكەم، هەروەها بە ئاواتم بتوانم لە هەر چوار پارچەی كۆنسێرت ساز بكەم، چونكە لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەواداری من هەیە و ئەوانیش وەك كوردانی رۆژئاوا كەس و خۆشەویستی منن".
سەبارەت بە گرنگیدانی حكوومەتی ئەڵمانیا بەكاری هونەری جوان گووتی " حكوومەتی ئەڵمانیا گرنگی بە بواری هونەر و كەلتوور دەدات، بەتایبەتی هونەری باش بەبێ جیاوازی زمانەكان واتە تەنیا گرنگی بە گۆرانی بە زمانی ئەڵمانی نادات، بەڵكو ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین ئەگەر بیانیش بن حكوومەتی پشتگیرییان دەكات لە بواری هونەرییەوە لە رێگای دامودەزگا تایبەتییەكانی حكومەتی ئەڵمانی و خودی راوێژكاری ئەڵمانی ئەنگێلا مێركل و سەرۆكی ئەڵمانیا شتاین مایر راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو كارە دەكەن، مەبەستیان لەم هاریكارییە پێش خستنی هونەرە لە ئەڵمانیا، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ هاندانی هونەرمەندان بۆ پێشكەش كردنی جوانتر".
سەبارەت بەو گۆرانیبێژە كوردانەی كە بە زمانی بیانی و ستایلی ئەمریكی وئەوروپی بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكەن دەڵێ " وەك رای تایبەتی خۆم پشتگیرییان دەكەم و بە كارێكی ئەرێنیی دەبینم و خراپ نییە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، چونكە لەو رێگایەشەوە دەتوانن خزمەت بە هونەر بكەن، لە هەمانكاتدا دەتوانن پرسی كورد لە رێگای گۆرانییەوە بەو وڵاتانەی بگەیەنن و نزیك ببنەوە لە كەلتووری وڵات و نەتەوەكانی دیكە".
لەبارەی هۆكاری گووتنی گۆرانی بە زمانی بیانی ئالین گووتی" من جگە لە زمانی سریانی بە كلدانی و ئاشوریش گۆرانیم وتووە، چونكە كورد و ئەم نەتەوانە هەزاران ساڵە بە یەكەوە دەژین لە كوردستان و ئازار و مەینەتی و خۆشییەكانمان هاوبەش بووە، بۆیە یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بووە لە رێگای هونەرەوە گوزارشت لە برایەتی نێوان كورد و ئەم نەتەوانە بكەم و هیوادارم توانیبێتم لەو رووەو سەركەوتوو بم".
ئالین سەبارەت بە نوێكردنەوەی بەرهەمە كۆنەكانی هونەرمەندان دووبارە دەڵێن گووتی" ئاساییە هونەرمەندێكی گەنج هەڵسێت گۆرانییەكی یەكێك لە هونەرمەندانی پێش خۆی دووبارە بكاتەوە و بیڵێت، بەڵام بە مەرجێك حەقی ئەو گۆرانییە و هونەرمەندەكەش بدات، من ئەو قسەیە ناكەم لەبەر ئەوەی ئەم كارەم كردووە و پێشتر گۆرانی هونەرمەندانی دیكەم وتووتەوە، نەخێر ئەگەر منیش خۆم هەست بكەم كە مافی گۆرانییەكە یا هونەرمەندەكە نادەم، ئەو كات رێگا بەخۆم نادەم كارێكی لەم جۆرە ئەنجام بدەم و داوا لە جەماوەری خۆیشم دەكەم ئەگەر تێبینی ئەوەیان كردووە كە ئەو گۆرانیانەم شێواندووە كە دووبارەیان دەكەمەوە، تكایان لێدەكەم رێگام پێمەدەن و بڵێن تۆ مافی ئەوەت نییە ئەم كارە بكەیت، چونكە گۆرانییە ئەسڵییەكەت شێواندووە".
لە كۆتاییدا ئالین دەڵێ " هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار وناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاری كردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم، هەروەها بە پێویستی دەزانم پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بكەم بەبۆنەی هەڵبژاردنیان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دڵنیاین كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت لە گشت بوارەكانی ژیاندا".

زۆرترین بینراو