ئاڵا و بارەگای پارتی پێكەوە سوتێندران

اسماعیل ابراهیم

دوای رێككەوتن لە سەر هێور كردنەوەی دۆخی شنگاڵ و دەركردنی هێزەكانی سەر بە ئێران لە شنگاڵ كە ناوچەیەكی ستراتیژییە بۆ ئێران، سووتاندنی بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغداد چاوەروان كراو بوو، دوو رۆژ بەر لە ئێستا لەگەڵ پەرلەمانتارێكی بەغدا كە سەر بە فراكسیۆنی پارتییە ئەم بابەتەم باس كرد، گووتم هێرش دەكرێتە سەر پارتی یا لایەنگیرانی پارتی لە بەغدا.
سووتاندنی ئاڵای كوردستانیش چەندە ئازار بەخشە، بەڵام دەبێ زۆر لە لامان ئاسایی بێت، لەبەر ئەوەی ئەوە كلتووری عەرەبە، عەرەب مزگەوتەكانی سووتاندین و لێیان روخاندین كە سەدان قورئانی پیرۆزی تێدا بوو، ئەنفالی كردین، كیمیابارانی كردین، دەستی لە ئەشكەنجەدان و سێدارەدانی كچ و كوڕەكانمان نەپاراست، هەزاران ئافرەتیان لاقە كرد و لە زیندانەكان بە بەرچاوی هاوسەر و برا و باوكیانەوە دەست درێژیان كردە سەر، چەندین ئافرەتی پاكیزەی كورد لە زیندانەكان سكپڕ كران، ئەمە لە ئێران و توركیاش هەر راستە، بۆیە سیاسەت كردن لە عێراقێكی قورمیش كراوی دەستی تاران بەو كلتوورەوە هەموو ئەو شتانەی لێ چاوەروان دەكرێت. ئەمە قەدەری كوردە دەبێ لە شۆڕش بەردەوام بێت، دەبێ ناو ماڵی كورد زۆر زیاتر لەوەی هەیە یەك بخرێتەوە و پەلەش بكرێت، ئیتر تەخوین كردنی یەكتری دادی كەسمان نادات.
لەبەر ئەوەی دڵنیام لە چەند مانگی داهاتوو عێراق دەچێتە قۆناغێكی دیكەی گۆڕانكارییەكانەوە و دەشێ ئەمە سەرەتای رووداوی مەزنتر بن لە عێراق.
بەڵام پرسیارە ئاڵتوونییەكە ئەوە:
بۆچی هەر كاتێ پەلاماری پارتی بدرێت لەوێوە پەلاماری پیرۆزییەكانی كوردیش دەدرێت؟.
بۆچی كە بارەگای پارتی دەسووتێنن ئاڵای كوردستانیش دەسووتێنن؟
بۆچی هەر كاتێك دووژمنان ویستیبێتیان لە نەتەوەی كورد و شكۆی كورد بدەن، پارتی دەكەنە ئامانج ؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە زۆر روونە، پارتی لە ئێستا و رابردوو پارێزەری راستەقینەی شكۆی كورد بووە، بۆیە بۆ لێدانی كورد و رێگری كردن لە سەركەوتن و دەستكەوتی زیاتر بۆ كورد، دەبێ لە لاواز كردنی پارتی دەست پێ بكەن.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو