ئایا قوتابخانە ماڵی دووەمی قوتابییە ؟

ئارام ئیسماعیل

 

لەزۆربەی دروشمە پەروەدەییەكاندا هاتووە كە قوتابخانە ماڵی دووەمی قوتابییە، بەڵام ئایا ئەو وتەیە تەنها وەك دروشم ماوەتەوە یان لە ڕاستیدا هاتووەتەدی و جێبەجێ كراوە و بە پراكتیكی كاری بۆكراوە و قوتابخانە بووەتە ماڵی دووەمی قوتابی.
گەر بەجوانی لەم وتەیە وردبینەوە ئەوا مانایەكی گەورەی هەیە، چونكە ماڵ ئەو شوێنەیە كە تاك هەست بە ئاسوودەیی دەكات تیایدا و بە موڵكی خۆی دەزانێت و دەیپارێزێت، هەروەها هەمیشە هەوڵ دەدات بۆ بەرەوپێش بردن و خۆشكردنی ژینگەكەی، لەو ماڵەدا ڕێز و نرخ بۆ پەیوەندی نێوان كەسەكان هەیە و تەبایی و خۆشەویستی زاڵە، ڕەنگە ئەم لێكچوواندنەی نێوان قوتابخانە و ماڵ بۆ پڕۆسەی خوێندنی وڵاتانی پێشكەوتوو تەواوبێت، بەڵام ئایا ئێمە دادپەروەرین لە لێكچوواندنی ماڵ و قوتابخانە؟ لە كۆمەڵگەی خۆمان مەبەستم (كوردستانە) ڕەنگە بۆ بەشێكی زۆر كەم لە قوتابخانەكان تەواوبێت، بەڵام ڕەنگە بۆ بەشە زۆرەكە وانەبێت و جیاوازی گەورە هەبێت لە نێوان ئەو دوو چەمكە. تا ئێستا نەمانتوانیووە ژینگەی قوتابخانە و ماڵەوەی قوتابی یەكسان بكەین یان بەلایەنی كەمەوە لێكان نزیك بكەین، یان هەوڵ بدەین ماڵ و قوتابخانە دوو شوێنی تەواوكەری یەكتربن بۆ پەروەردەكردن و بەرەوپێش بردن و دروستكردنی تاكەكان.
زۆرجار قوتابی لە خێزانێك گەورە بووە كە نازی دراوەتێ و هەمیشە لە گەڵی نەرم و نیان بوونە، بەڵام كاتێك دەچێتە قوتابخانە ڕەنگە هەندێ جار تووشی سزای جەستەیی و دەروونی ببێتەوە. ماڵەوەی قوتابی ڕەنگە پڕبێت لە هەست و سۆزی كاركردن و دۆخێكی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی خولقابێت كە تاكێكی بەتوانا بەرهەم بهێندرێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە قوتابخانەش هەمان ژینگە و دۆخی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی خوڵقاوە، یان كاری بۆ كراوە؟ یان ڕەنگە لە ماڵەوە دایك و باوك زۆر لە گەڵ منداڵەكانیان ماندووبن و كار لەسەر توانا و خواستەكانی منداڵەكانیان بكەن، بەڵام ئایا لە قوتابخانە كار لە سەر خواست و ئارەزووی قوتابی دەكرێت، ئایە پەرە بەتواناكانیان دەدرێت؟ ئایە دەرفەتی پێویست بۆ دەرخستنی تواناكانی قوتابی دەڕەخسێندرێت؟ یان ئەو قوتابییەی كەل وپەلی ماڵەوە دەپارێزێت و بە موڵكی خۆی دەزانێت هەمان هەستی هەیە بەرامبەر كەل وپەلەكانی قوتابخانە؟ ڕەنگە هەندێ جار بە پێچەوانەشەوە بێت لە قوتابخانە كار لەسەر خواست و ئارەزووی قوتابی بكرێت، بەڵام ماڵەوە هاوكارنین بۆ درووستكرنی تاكێكی داهێنەر و سەركردە بۆ داهاتوو. ئەوەی گرینگە لێرە ئەوەیە چی بكرێت بۆ ئەم بابەتە، كام ڕێگا چارە بگیرێتەبەر بۆ دروستكردنی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان ماڵەوەی قوتابی و قوتابخانەكەی.‌
دەتوانین لەم چەند خاڵەی خوارەوە بەشێك لە‌ ڕێگە چارەكان بخەینەڕوو:
یەكەم: دانانی سیستەم و پڕۆگرامێك كە قوتابی تەوەری سەرەكی بێت و گرینگی بە خواست و حەزەكانی بدرێت.
دووەم: دروستكردنی لێژنەیەكی هەماهەنگی لەنێوان قوتابخانه و ماڵەوە قوتابیان بۆ كاركردن لەسەر دروستكردنی تاكێكی بەتوانا و بەهێز، هەروەها بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشە و گرفتانەی كە دێنە بەردەم قوتابی لە دەرەوە و ناوەوەی قوتابخانە.
سێیەم: گرنگی دان بە ئەنجوومەنی دایكان و باوكان و ئەكتیڤ كردنی.
چوارەم:بەكارنەهێنانی سزای جەستەیی و دەروونی دژی قوتابی، هەوڵ بدرێت كەشێكی هاوڕێیەتی لە نێوان كادرانی پەروەردەیی و قوتابی بهێندرێتە كایەوە.
پێنجەم : گرنگی دان بە ڕابەری پەروەردەیی و توێژەری كۆمەڵایەتی لە ناوەندەكانی خوێندن و ڕۆڵی زیاتریان پێ بدرێت.
شەشەم: هەوڵ بدرێت توانا زانستی و مەعنەویەكانی مامۆستایان بەرز بكرێتەوە، لە گەڵ سەردەمی ئێستا بگونجێندرێت.
حەوتەم: لە وەرزی هاوین خول بكرێنەوە و كەشێكی وا دروست بكرێت بۆ ئەوەی قوتابی لە قوتابخانە دانەبڕێت.
هەشتەم: بەشداری پێكردنی بەخێوكەری قوتابیان لە چاڵاكیەكانی قوتابخانە.
ئەمانە و چەندانی ترڕێگە چارەی سەرەتایین بۆ دروستكردنی پەیوەندیەكی تۆكمە لە نێوان ماڵە و قوتابخانە بۆ ئەوەی قوتابی هەست بە ئاسوودەیی بكات لە هەردوو ژینگەدا.
لە كۆتاییدا دەڵێم گرینگی دان بە پەروەردەكردنی قوتابی لە ماڵ و قوتابخانە تاكێكی بەتوانا و داهێنەر دروست دەكات، كە دەتواندرێت ئامانجی گەورە بەدی بهێندرێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو