ئــەقــڵانیـــەت چییــــە ؟

سەرکەوت سەوادی

 

لە ئەمڕۆی فەلسەفەدا کاتێک دەربارەی تێگەی " ئەقڵانیەت " قسە دەکەین، مەبەستمان لە ئەقڵانیەت ئەوە نییە کە مرۆڤ خاوەن " هێز" یان" توانا "یەکە ناوی ئەو (ئەقڵ)ە. وە ئەو ئەقڵە جەوهەرێکی دەرەکی بێت و هەموو مرۆڤێک بەهرەمەند بێت لەو جەوهەرە یان لەو توانا دەرەکییە.
ئەقڵانیەت ئەوەیە تواناکەی بخاتە گەڕ یان ئەکتیڤی بکات، واتە ئەو ئامرازە بخاتەکار. ئەمە واتە هزراندن یان ئەقڵانییەت. زۆر جار دەربارەی خودی تێگەی" ئەقڵ " گفتوگۆ دەکەین کە دەڵێن ئەقڵ جەوهەرێکی دەرەکییە، یان توانایەکە لە ناو مرۆڤدا.
لە فەلسەفەی ئەمڕۆدا بەو جۆرە باسی لێوە ناکرێت و بەکار نایەت. بەڵکو ئەوەی ئەمڕۆ لە کایەی فەلسەفەدا تەرکیزی خراوەتە سەر " ئەقڵانیەت "ە. واتە گفتوکۆیەکان لەسەر خودی ئەقڵانییەتە، نەک ئەقڵ وەک جەوهەر و توانایەکی دەرەکی. ئەقڵانیەت وەک چالاکییەک گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت. ئەمڕۆ ئەو پرسیارە دەکرێت کە کێ ئەقڵانییە؟ چ کەسێک پەیڕەوی لە ئەقڵانیەت دەکات و چ کەسێک پەیڕوی لە ئەقڵانیەت ناکات؟.
ئەقڵانیەت مانای ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئاستی بیرکردنەوەدا چ لە ئاستی کردارنواندن پەیڕەوی زنجیرەیەک لە بنەما و پێوەر و شرۆڤە بکات. لە پێناو نزیک بوونەوە و دۆزینەوەی حەقیقەت، واتە پەیڕەوکاری ئەو میتۆد و یاساییانە بێت کە پێویسن لە کاتی هزراندندا چالاک بکرێن. دەتوانیین بڵێین ئەقڵانیەت بەو جۆرەیە. کاتێک کەسێک گەرەکیەتی بیربکاتەوە و بفەلسەفێنێ بەو شێوە بیر نەکاتەوە کە هەرجۆرێک گەرەکیەتی و بیەوێ دەتوانێ بیربکاتەوە، واتە هەر شتێک حەز بکات دەتوانێ پەیوەستی بکات بە شتێکی ترەوە و بیانخاتە پەیوەندییەوە، یان بەمانایەکی تر لۆژیک داتاشی بۆ هەموو شتێک بکات. نا ئەقڵانیەت هیچ کات بەو جۆرە نییە، به ڵکو پێوستە داتا و ئەرگۆمێنتی هەبێ، واتە بپرسی لە کوێوە دەست پێبکەم دروستە؟ چۆن چۆنی هەنگاو بنێم ڕاستە؟ بە چ ئەنجامێک بگەم ڕاستە؟ یاسای جوڵەی من چییە؟ ئەنجامگیری من دەبێ بە چ جۆرێک بێت دروستە؟ ئەوە پێی دەگوترێت ئەقڵانیەت لە ئاست و پێگەی هزراندندا.

کاتێک کەسێک لە هەر پلە و ئاستیکی ئەکادیمیدابێت، هەڵدەستێت وشە لە دوای وشە ڕیز دەکات و بێ هیچ لۆژیک و ئەرگۆمێنت و میتۆدێک و شرۆڤەکردنێک، لەوەش خراپتر بەو پەڕی بێشەرمانە دەڵێت من لە ساتی هزراندن و بیرکردنەوەدام. واتە دەفەلسەفێنم، ئەوە هیچ کات پێی ناگوترێ فەلسەفاندن و هزراندن، واتە کەسێک بێ هیچ داتا و بەڵگە و لۆژیکێک و شرۆڤەیەک دەکەوێتە قسەکردن و نوسین ئەوە ناتوانرێ ناوی لێبندرێت ئەقڵانیەت.

ئێمە دوو جۆر ئەقڵانیەتمان هەیە یەکێک لە بواری هزراندن و ئەوی تریان لە بواری کردارنواندندا. ئەقڵانیەت لە بواری کرداردا واتە مرۆڤەکان لە پێگەیەکدا بە کردارێکی ئیختیاری ئیرادی ژیان دەکەین، واتە ئێمە ئیرادە دەکەین ئەو کارە ئەنجام بدەین تا بەو ئەنجامە بگەین، ئەو کارە ئەنجام نەدەین چونکە دەکەوینە سەفسەتە و شەقڵی و بەقڵیەوە. مرۆڤ لە کردار نواندندا دەتوانێ یان ئەقڵانی بێت یان ئەقڵانی نەبێت، واتە ئەو کەسەی کردارەکانی لە ژێر هیدایەتی ئەقڵانیەتدا نەبێ وەک ئەو کەسەیە کە دەڵێت ئەو کارە دەکەم چونکە ئەوانیتریش دەیکەن، ئەو کارە ناکەم چونکە ئەوانی تر نایکەن، بخۆن دەخۆم، بڕۆن دەڕۆم، دەنگ بدن دەنگ دەدەم، درۆ بکەن درۆ دەکەم، بنوسن دەنوسم، پۆست وەرگرن وەردەگرم، شەڕ بکەن شەڕ دەکەم... هیتتد بە مانایەکی تر واتە مرۆڤێکی ناڕەسەنە و هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوانی تر و شوانێک دایە توڕی بدەن. واتە ئەو مرۆڤانە ئەقڵانی نیین، چونکە لە کردارەکانیاندا هیچ شرۆڤە و گومان و لۆژیکێک لە ئارادا نییە بۆ کردارەکانیان.

لێرەوە ئەو پرسیارە خۆی زیت دەکاتەوە، ئایا هەموو کات ئەقڵ ڕاستی دەپێکێ؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەتوانیین هاوکاری لە کانت وەرگرین، کانت دەڵێت: ئەقڵ هەمیشە دوو ڕۆڵ دەگێڕێت لە لایەک تۆمەتبار و لە لایک دادوەرە، واتە کاتێک ئەقڵ دەکەوێتە هەڵەوە پێویستە بە خودی ئەقڵ دادگایی بکرێت، نەک هیچ هێزێکی تر. لە لایەکی ترەوە هەموو بنەمایەکی ئەقڵی پێوستە دوو تایبەتمەندی لە بەرچاو بگرێت ئەوانیش (ئازادی و ئەخلاق) واتە هەر شتێک ئەقڵانی بێت بەڵام دژبری ئازادی و بنەمامۆڕاڵیەکان بێت ناتوانرێ ناوی ئەقڵانی لێبندرێت.

زۆرترین بینراو