ئۆمێد ئەحمەد: هاوبەشانی كارەبا تڕلیۆنێك و 150 ملیار دینار قەرزدارن

ئۆمێد ئەحمەد: هاوبەشانی كارەبا تڕلیۆنێك و 150 ملیار دینار قەرزدارن

رائیب شێروانی – هەولێر: ئۆمێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 570 هەزار هاوبەشی كارەبا هەن، هەموو جۆرەكانی هاوبەش زیاتر لە تڕلیۆنێك و 150 ملیار دینار قەرزدارن، ئێستا لە شوێنە مام ناوەندەكان 11 بۆ 12 كاتژمێر كارەبا هەیە، لە شوێنە ساردەكان لە نێوان 7 بۆ 10 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیان. دەشڵێ:" دوای ئەوەی بڕیار درا كە سیستەمی كارەبای هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پێوەری زیرەكی كارەباوە بێت، گرێدانی پێوەری زیرەك بەردەوامە و تا ئێستا توانراوە 200 هەزار پێوەری زیرەكی ماڵان ببەسترێت.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ:" لە ئێستادا رەوشی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بە پێی ناوچە جیاوازەكان و پلەی گەرما لە شوێنە ساردەكان بۆ شوێنە گەرمەكان جیاوازە، لە شوێنە مام ناوەندەكان 11 تا 12 كاتژمێر كارەبا هەیە، لە شوێنە ساردەكان لە نێوان 7 تا 10 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیان.
ئۆمێد ئەحمەد، روونیشیكردەوە:" كاتەكانی بوونی كارەبا پەیوەستە بە دوو شتەوە بەرهەمهێنان، لەگەڵ خواست، بەرهەمهێنانی ئێمە جێگیرە ئەوەی كە گۆڕاوە و دەگۆڕدرێت خواستە ئەگەر پلەكانی گەرما بەرز ببنەوە ئەوا لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما خواست كەم دەبێتەوە و رەوشی كارەبا و كاتژمێرەكانی كارەبا باشتر دەبن، بەڵام ئەگەر پلەكانی گەرما نزم ببنەوە خواست زۆرتر دەبێت بەوەش كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا كەمتر دەبنەوە.
ئۆمێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"دوای ئەو ماوەی كە داومان بە هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، كە بێن بە دەنگ داواكاری ئێمەوە و ئەوەی سەرپێچی كردووە، یان پێوەری نیە، بێن مامەڵەكانی خۆیان بكەن، ئەوانەی مامەڵەكانی خۆیان كردووە كارەكانیان رادەپەڕێنرێت و هیچ كێشەیەكیان نیە، بەڵام دوای ئەوەی هەڵمەتەكە دەستی پێ كرد، ئەوەی سەرپێچی كرد بێت سزا دەدرێت و كارەباكەی دەبڕدرێت، ئەوەی دووبارە بكاتەوە دەدرێتە دادگا، بەداخەوە ئەوەی زێدەڕۆیی كردووە، زێدرۆییە بۆ سەر موڵكی گشتی و مافی هاووڵاتیان، جگە لەوەی ئەم كارەبایە بە هەدەر رۆیشتووە، بۆیە ئامانج لەو هەڵمەتە تەنیا گەڕانەوەی وزەی كارەبا و پێدانەوەیە بە هاووڵاتیانی خۆمان.
ئۆمێد ئەحمەد، دەشڵێ:" هەر كەسێك زێدەڕۆی كردبێتە سەر كارەبا ئێستاش دەتوانێت سەردانی نزیكترین فەرمانگەی كارەبا بكات و مامەڵەكانی خۆی بكات، بۆ ئەوەی تیمەكانی فەرمانگەكانی كارەبا چارەسەری كێشەكە بكەن و پێوەریان بۆ ببەستن، بۆیە دڵنیای هاووڵاتیانی خۆمان دەكەینەوە كە لە خزمەتی ئەواندا دەبین، خەڵك لە ماوەی ئەو دوومانگەدا بەپیر داواكاری وەزارەتی كارەبا و پارێزگار هاتووە، تەنیا لە سنووری فەرمانگەی هەولێر 8 هەزار كەس مامەڵەكانی پێشكەش كردووە، بەڵام ئەو سەرپێچییە چەندین ساڵە كراوە و لەو دوو مانگەدا فشارێكی زۆر لەسەر فەرمانگەكانی كارەبا دروست بووە، بۆیە داوایان لێ دەكەین پشوو درێژ بن و لەگەڵ ئێمە هاوكار بن، چونكە فشارێكی زۆرمان كەوتۆتە سەر و ئەمە سەرپێچی ساڵانێكی زۆرە بەدڵنیاییەوە مامەڵەكانی ئەوان بەڕێ دەكرێن و لە خزمەتی ئەواندا دەبین.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" دوای ئەوەی بڕیار درا كە سیستەمی كارەبای هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پێوەری زیرەكی كارەباوە بێت، پرۆسەكە ماوەیەكی زۆرە و لە ساڵی ڕابردووەوە ‌دەستی پێ كراوە،‌ تاو ئێستا توانراوە 200 هەزار پێوەری زیرەكی ماڵان ببەسترێت، ڕۆژانە چەند هەزار پێوەری زیرەك گرێ دەدرێت و بەردەوام دەبین تا لە هەموو هەرێمی كوردستان ئەو جۆرە پێوەرە گرێ دەدەین، چونكە لە ڕێگەی ئەو پێوەرەوە دەتوانین كۆنترۆڵی كارەبا بكەین، 6 مانگە دەستمان پێ كردووە، زیاتر لە ساڵێك لەبەردەمان ماوە بۆ ئەوەی پرۆژەكە تەواو بكەین، ئەگەر ئەو پرۆژەیە تەواو بێت گرفتی كارەبا بە شێوەیەكی بەرچاو چارەسەر دەبێت، 70% كێشەكانی كارەبا چارە دەكات، كە هەر سەرپێچییەك بكرێتە سەر كارەبا بنبڕی دەكات، كۆكردنەوەی داهات رێكدەخاتەوە، بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەرز دەكاتەوە، هەروەها هەر كاتێك بمانەوێت بەكارهێنان سنووردار دەكەین.
ئۆمێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكراشی كرد:" لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 570 هەزار هاوبەشی كارەبا هەن، بە هەموو جۆرەكانی هاوبەش زیاتر لە تڕلیۆنێك و 150 ملیار دینار قەرزدارن".

زۆرترین بینراو