ئیدارەی سۆران وەڵامی چاكەكارانی دایەوە

ئیسماعیل ئیبراهیم

پەیامی ئاست بەرز و هەڵقووڵاوی مێژوویی پارتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە وایكرد پارتی زۆرترین كورسییەكان بەدەست بێنێتەوە و دیسان لەسەر ئاستی عێراق ببێتەوە بە یەكەم حزب كە بێ هاوپەیمانییەتی نەك تەنها پارێزگاری لە كورسییەكانی بكات، بەڵكو نزیكەی 8 كورسیش زیاد بكات.
پەیامی ئاشتی خوازانەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە لایەك و كارێزمایی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە هەڵمەتی بانگەشە گڕوتینێكی زۆری دایە هەموو خەڵك بۆ ئەوەی دەنگ بە پارتی بدەن، لە هەمووشی گرنگتر كارە باش و هەنگاوەكانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی قورساییەكی زیاتری بەخشییە كاندیدان تا هاووڵاتییان متمانە بە كاندیدانی پارتی بكەن، بۆ ئەوەی چۆن بە پلانی تۆكمە بەسەر قەیرانە رووخێنەرەكانی كوردستان زاڵ بن بەهەمان سیاسەتیش لە پەرلەمانی عێراق شەڕی مافە دەستوورییەكانی كوردستانیان بە هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانەوە بكەن. 
ئەگەر هاووڵاتییانی هەرێم بەهۆی خاوەندارییەتی كردنی كوردستان لە لایەن پارتییەوە بە دەنگەكانیان متمانەیان بە پارتی دایەوە، بەڵام دەنگدەرانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سەرخستنی هەر چوار كاندیدی پارتی، دوو پاداشتیان دایە پارتی، رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمان كە لایەنی شیاوتر لە پارتی نادۆزنەوە بۆ بەرگری كردن لە شكۆی نیشتیمان لە هەمانكاتیشدا وەك پاداشتكردنی پارتی بۆ بەدی هێنانی بەڵێنەكانی بۆ بە ئیدارەی سەربەخۆ كردنی سنوورەكە بوو.
هەڵبژاردنی ئەمجارەش كۆتایی هات، پارتییەكان نابێ تای غرووری بیانگرێ، بۆ ئەوەی دڵخۆشییەكانیان بەردەوام بێت پێویستە پێداچوونەوەی زیاتر بە كاری حزبی و حكومی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بكات، ئەمەش بە خێرایی لەبەر ئەوەی ساڵێكی دیكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانمان لە پێشە، ئەمەش كاتێكی زۆر باشە بۆ دارشتنی پلانی جوانتر لە رابردوو، بۆ خزمەتكردن و چاكسازی و هێنانە دی دادپەروەری.
زۆر كەس گرەوی لەسەر ئەوە دەكرد، پارتی كورسییەكانی لەدەست دەدات، هەندێكیان لە بانگەشەكانیان باسی كوێخایەتی و ئاغایەتیان دەكرد و سوێندیان دەخوارد پارتی سەركەوتن بە چاوی خۆی نابینێت، هەندێكی دیكەیان ئەوەی تەشهیر و ناوزڕاندن بوو لە دژی پارتی و كادیران و كاندیدانی كردیان، تا توانیان زمانی زبر ‌و لە هەندێك شوێنیش جگە لە گوفتاری ناشیرینی دوور لە شارستانییەت، هەڕەشە، لێدان و ئەشكەنجەی لایەنگیران و كادیرانی پارتی لێكەوتەوە، زۆری دیكەش تا توانیان بابەتەكانی ئایینی و پیرۆزییەكان و ژیانی دوای مردنیان دەكردە پردێك بۆ بەدەستهێنانی پلەیەكی دونیایی، هەندێكشیان ژمارەی هاوسەرەكانیان زیاترە لە كورسییەكانیان!.
 ئەوەی وشەی جوان، كە مانا و رەهەندی پێكەوە ژیانی هەبێت لە بەرامبەر پارتی لە دەمی كادیرانی ئەو حزبانە نەهاتە دەرەوە.
هەندێك لەو لایەنانە بەخۆیان لە ناوەخۆشیان جاشی یەكترین، لە دەرەوەش مەگەر دامەزراوەیەكی هەواڵگری ئاشكرای بكات كە سەركردە و هاوسەركردە و بنكردەیان كرێ گرتەی كێ و كام وڵاتن، كە چی بۆ لێدانی پارتی ئەو تۆمەتانەی بۆیان كرا خستیانە پاڵی.
خۆیان كویلەی بەردەست و ماستاوچییەكانی سەركردایەتییەكانیانن، بۆ شاردنەوەی ئەم راستییە پەلاماری پارتیان دا.
خۆیان خەریكی پیلان گێڕین بەسەر یەكتری، هەر لە ژەهر خوارد كردنەوە بگرە تا بیری كودتا و قۆرەخكاری لە هەموو جومگەكانەوە، لە پەیجە سێبەرەكانیان ئۆباڵەكەی دەخەنە ئەستۆی پارتی.
بە گشتی دوو دونیا بینین و رۆئیا و سیاسەت لە بانگەشەكانەوە دیار بوو، یەكیان تەژی لە جنێو، تەشهیر، ناوزڕاندن، هەڕەشە، رق و كینە و دونیا بینینێكی لۆكاڵیانە، ئەوی دیكەیان لێوان لێو لە پەیامی پێكەوە ژیان، ئارامی، رێز، شكۆمەندی، دونیا بینینێكی جیهانی و دابین كردنی داهاتوویەكی گەشتر و نەهێشتی نادادپەوەری.
ئەنجامەكەشی سەركەوتنی پارتی بوو، كە خاوەندارییەتی كردنی هەیبەت و شكۆی نەتەوایەتی و دەوڵەتدارییەكی سەردەمیانە بوو.

 

زۆرترین بینراو