ئیسرا راهێنانی لەسەر ڕوخساری خۆی كردووە

ئیسرا راهێنانی لەسەر ڕوخساری خۆی كردووە

 

ئا: هۆژین شەوكەت-سۆران: ئیسرا جەلال تەمەن ٢٠ ساڵ دانیشتووی شاری سۆرانە پەیمانگای تەكنیكی بەشی ئای تی تەواو كردووە، ئێستا وەك مەیكاپ ئارتیست لە كەناڵێكی تیڤی كاردەكات، لە سەرەتای دەست پێكردنی بە ماوەیەكی كەم توانی بە شێوەیەكی بەرچاو كارەكانی دەربخات و خەڵكێكی زۆر لە كارەكانی رازی بوون.

ئیسرا بە زاری كرمانجی گووت"هەر لەمێژە ‌‌حەزێكی زۆرم لەسەر ئەم بوارە هەبووە،  هەمیشە حەزم دەكرد بەشێوازێكی جیاوازتر لە هاورێكانم بەدەربكەوم بۆیە خۆم دەرازاندەوە، دڵنیابووم بە دەست پێكردن بەم بوارەو هەوڵدان بۆی دەتوانم سەركەوتن بەدەست بهێنم و سوودێكی زۆرم هەبێت بۆ ئەوانەی خولیای كاری جوانكارییان هەیە ، ویستم هەر كارێك كە ئەنجامی دەدەم ئەنجامەكەی لە تۆڕە كۆمەڵاییەتییەكان بڵاو بكەمەوە و كارەكانم لە سنوورێكی داخراو دەریان بهێنم و بڵاوەیان پێبكەم، وابكەم كارەكانم هەموو كەسێك بیبینێت، وەك مەیكاپ ئارتیستەكانی وڵاتانی دیكە پێشبكەوین و زیاتر خۆمان بەوان بناسێنین،سەرەتا لە خۆمەوە دەستم پێكرد لە ژوورەكەمدا هەمیشە لەسەر رۆخسارم خۆم رادەهێنا لە شێوازەكانی جوانكاری و خۆم ئاشنا كرد بەو براندانەی كە بەرهەمی باشیان هەیە وهەموو شێوازەكانم تاقیدەكردەوە".

ئیسرا سەبارەت بەوەی كە مەیكاپ ئارتیست كێیە گووتی” مەیكاپ ئارتیست ئەو كەسەیە كە ئەو جوانییەی لە ئافرەتاندا هەیە پیشان دەدات و كاری گریم دەكات، ئێستا زۆربەی خەڵك بڕوایان بەوە هێناوە جوانی راستەقینە لە سادەیی دایە،لەبەر ئەوەی مەیكاپی زۆر روخساری راستەقینە دەشارێتەوە وایلێدەكات بە شێوەیەكی ناسروشتی بێتە بەرچاو، دەبێت مەیكاپ ئارتیست فۆرمی دەمووچاوی كەسەكان لێك جیابكاتەوە، لەبەر  ئەوەی هەر كەسە و فۆرمێكی تایبەت بەخۆی هەیە ناتواندرێت هەموو دەمووچاوێك یەك جۆرە مەیك ئاپی بۆ بكرێت. مەیكاپ ئارتیستی بەتوانا ئەو كەسەیە كاتێك مەیكاپ  بۆ كەسێك دەكات و خەڵكانێك دەیبینێت بڵێت چ دەمووچاوێكی جوانی هەیە نەك چ مەیك ئاپێكی جوانە، هەوڵم داوە زیاتر مەیك ئاپێكی سادە بكەم، بەڵام ناشكرێت بۆ هەموو شوێنێك یەك جۆرە مەیك ئاپ بكرێت، ئەمەش بە گوێرەی ئەو شوێنەی بۆی دەچیت دەبێت گۆرانكاری تێدا بكەیت، ناكرێت مەیك ئاپێكی سادە بۆ بۆنەیەكی گەورە بكرێت و بۆنەیەكی گەورە بە شێوازێكی سادە بكرێت، دەبێت خانمان رەچاوی شوێنەكە بكەن، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە لەگەڵ وەرزەكان گۆڕانكاری ئەنجامبدەیت و ناكرێت هەموو وەرزێك یەك جۆر مایك ئاپ بكەیت.

من خۆم وەك خانمێك سەرسامی كارەكانی( Huda Kattan )م بە هەوڵی خۆم و هاوكاری خێزانەكەم بە تایبەت دایكم توانیم ئەم سەركەوتنە لە كارەكەمدا بەدەست بهێنم ، لە ئێستادا جگە لە كاری مەیك ئاپ هیچ كارێكیتر ناكەم و گەورەترین ئاواتم ئەوەیە بەم كارەی ئەنجامی دەدەم سوودێكی زۆرم هەبێت بۆ ئافرەتان و بتوانم لە داهاتوودا سەنتەرێكی تایبەت بەخۆم هەبێت و چەندین ئافرەتی تر لەم بوارەدا پیبگەینم و ببمە جێگای شانازی بۆیان و هەوڵ بدەم زیاتر ئافرەتان بێنە ناو ئەم بوارەوە.

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو