ئێستا زانیتان مرۆڤ چەندە بێهێزە؟

ئاورنگ بەرزنجی
سەیركە بەرامبەر ڤایرۆسێك كە بەچاو نابیندرێ هەموو دونیا چۆكیدادا و لەرناو ماڵەكانیشمان ترس دایگرتووین، كە وایە ئەی بۆ هێندە بەرامبەر یەكتری دڵڕەق بین، بۆ چی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ ئازار بكێشێ، بكوژرێ، بچەوسێتەوە، چی ماوە مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ نەیكا؟
ئیتر با بەس بێ ئەم ڤایرۆسە هاتووە پێمان بڵێ مرۆڤ هەر مرۆڤە لە هەر ئاست و پلەیەك بێ خودا مافی ژیانی بە هەمووان بەخشیوە بە یەكسانی، هەر ئەویشە دەتوانێت لێمان بسێنێتەوە، بۆیە چیتر یەكتری ئازار مەدەن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان پێ لەماف و ئازادی كەس مەنێن، هەر چركەیەك لەم ژیانە دیاری خودایە پێی داوین با قەدری بزانین و لە كاری خێر و بەسوود بەكاری بێنین، با قەدری نیعمەت و بەخششەكانی خودا بزانین، كە ئێستا لە ماڵەوەی دەزانی چوونە دەرەوە بەخشش بوو خودا پێی دابوێین ، منداڵ بەخششە تەندروستیت بەخششە هەموو ژیانمان دیاری و بەخشش و موڵكی خودایە، تكایە بایەكتریمان خۆشبووێ ئێرەیی بەیەك نەبەین كاتێك دەبینین یەكێكی تر لەخۆمان باشترە بادەستی بگرین و زیاتر سەری بخەین و شانازی پێ بكەین،
با گاڵتە بەو كەسانە نەكەین كە تووشی شكست بوون لەژیانیان، لەوانەیە بەهۆی بارودۆخێكەوە تووش بووبێ كە ئەگەر تۆش لەجێی ئەو بوویتایە وات بەسەر دەهات، بۆیە رێنمایی بكە دەستی بگرە بۆ دووبارە هەستانەوە‌و دروستبوونەوەی ئەمڕۆ عەیبی كەسێكت داپۆشی سبەی خودا عەیبی تۆش دادەپۆشێ، ئێمە مرۆڤین هەموومان قابیلی هەڵەین، با هاوكاری یەك بین لە خێر و چاكە، با بیر بكەینەوە كە دونیا زۆر لەوە كورتترە كە ئازاری یەكتری بدەین، یەكێك بەناوی ئیسلامییەوە یەكێك بەناوی عەلمانییەوە، یەكێ بە ناوی فلان و ئەویتر بەناوی شارچێتی و ناوچە گەرێتی، هەر جارەی بەشێوەیەك دڵەكان دەرەنجێنین بێ ئاگا لەوەی خودا دژی هەموو ئازار دانێكی مرۆڤەكانە، بۆ ئەو نەتەوەو دەوڵەتانەش كە دان بە مافی نەتەوەكانی تر دانانێن و وادەزانن خودا ئەم ئەرزو دونیایەی تەنیا بۆ ئەوان دروستكردووە، با ئەمە وانەیەك بێ كە هیچ كەسێك خاوەنی ئەم زەویە نییە هی هەموومانە.
لە كۆتایدا هیوادارم ئەم ماوەیە هەمووان بیر لەوە بكەینەوە میهرەبانتر و لێبوردەتر و بەسوودتر بین بەرامبەر خۆمان و نیشتمان و جیهانیش، كولتووری جوانی و متمانە و لێبوردەیی و خۆشەویستی لە دڵەكانماندا بچەسپێنین.

زۆرترین بینراو