ئەشواق جاف: عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات

ئەشواق جاف: عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات

دیمانە – ڕائیب شێروانی : ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" لە عێراق گەندەڵییەكی زۆر هەیە، وەكو نەخۆشی شێرپەنجە لە هەموو دامودەزگاكانی حكوومەت بڵاوبۆتەوە، تا بنبڕ نەكرێت رەوشی عێراق ئارام نابێت، لەگەڵ نەهێشتنی دەستێوەردانی وڵاتان لە كاروباری عێراق، ئەوەش لەو كاتەدا مەحالە، دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت و رەوشی عێراق چارەسەر نابێت. دەشڵێ:" فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانیان دەوێت دەبێت خۆیان كۆ بكەنەوە و هاوپەیمانی كوردستانی دروست بكەن.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند:" لە عێراق گەندەڵیەكی زۆر هەیە، وەكو نەخۆشی شێرپەنجە لە هەموو دامودەزگاكانی حكوومەت بڵاوبۆتەوە و وای كردووە كە هاووڵاتیان بێبەش بن لە مافەكانی خۆیان، لە عێراق خزمەتگوزاری نیە، ئەمن و ئاسایش نیە، بە حوكمی ئەوەی ئەو گەندەڵییە كاریگەری كردۆتە سەر مافەكانیان، جێبەجێ نەكردنی دەستوور بەتایبەتی ئەو بەندانەی كە پەیوەندیان بە مافی خەڵكەوە هەیە، هەروەها ململانێی نێو ماڵی شیعە زۆر قوڵ بۆتەوە، لەسەر بابەتی دەسەڵات، هەروەها ململانێی توندی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق كە تەسفیە و حساباتەكانی خۆیان لێرە دەكەن، عادل عەبدولمەهدی هەوڵی دا كە عێراق وڵاتێكی سەربەخۆ بێت، لەو ململانێیانە دوور بخاتەوە، بە بەڵگەوە كە عێراق لە كۆمكاری عەرەبی ئامادە نەبوو ئیدانەی ئێران بكات، بەڵام لە كاتێكدا داوای ئەمریكای قبوول كرد بۆ تێكەڵكردنی حەشد لەگەڵ سوپا، بۆیە سەرۆكوەزیران هەوڵی دا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بەهێز بكاتەوە، لە هەمان كاتدا پشتگیری سەقامگیری لەناو ئێران بكات، بەڵام بینیمان هەندێك لایەنی شیعە پرۆژە یاسایەكیان ئامادە كرد بۆ دەركردنی هێزی ئەمریكا، هەروەها عەبدولمەهدی دەرگای عێراقی لەرووی ئابوورییەوە بە رووی جیهاندا كردەوە، بۆ نموونە چەند گرێبەستێكی لەگەڵ وڵاتی چین كرد، راستە هەدەفەكەی ئابووریی بوو، بەڵام رەنگە ئەمریكا بەشێوەیەكی دیكە تەماشای ئەو رێككەوتنانە بكات، بەڵام ئەوەی كە دەمەوێت بڵێم ئەوەیە ئەو خەڵكەی كە خۆپیشاندانی كرد و تا ئێستاش بەردەوامە هێزێكی سیاسی لە پشتە و دەیەوێت هانی بدات، هەروەها ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشتۆتە لوتكە.
ئەشواق جاف، گووتیشی:" عادل عەبدولمەهدی پەیامەكەی روون و ئاشكرایە، داوای لە هادی عامری و سەدر كرد كە یەكێك هەڵبژێرن و بكەنە كاندیدی خۆیان، ئەویش دەست لە كار دەكێشێتەوە و ئەو كاندیدە تازەیە رادەسپێرێت بۆ تەشكیل كردنی حكوومەتی تازە، بەڵام ئێستا دەست لە كار بكێشێتەوە، كەس كاندید نەبێت و شیعەكان لەنێو خۆیان لەسەر كەسێك رێك نەكەوتبن، فەوزایەكی زۆر گەورە لەناو عێراق دروست دەبێت، بۆیە سەرۆكوەزیران نایەوێت داهاتووی عێراق نادیار بێت، هەر بۆیە دەست لە كارناكێشێتەوە، ئەگەرنا نامەكەی زۆر روونە، ئەگەرنا هەمیشە عادل عەبدولمەهدی هیچ كاتێك لەژێر هیچ هەڕەشەیەك رازی نەبووە و بەردەوام دەستی لەكار كێشاوەتەوە، هەندێك كەس دەڵێن زۆر دەست لەكار دەكێشێتەوە، چونكە تەحەمولی بەرپرسیارەت ناكات، نەخێر ئەو هیچ فشارێك قەبوول ناكات، تا ئێستا كە پۆستەكەی بەجێ نەهێشتووە دەیەوێت داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، بەڵام وەكو گوتم تەنیا داواكاری خۆپیشاندەران نیە، هێزێكی سیاسی لەپشتە و دەیەوێت بارودۆخەكە زیاتر تێكبدات و هەروەها ئامانجە سیاسیەكەی خۆیان جێبەجێ بكەن.
ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی گوت:" گەندەڵی وەكو سەرەتانە تا بنبڕ نەكرێت رەوشی عێراق ئارام نابێت، لەگەڵ نەهێشتنی دەستێوەردانی وڵاتان لە كاروباری عێراق، ئینجا رەوشەكە ئارام دەبێت، ئەوەش لەو كاتەدا محالە، دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت و رەوشی عێراق چارەسەر نابێت.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوەشكردەوە:" خەڵك داوای پرۆژەی خزمەتگوزاری و سزادانی گەندەڵكاران دەكات، ئەوەش بەجێبەجێ كردنی بەندەكانی دەستوور دەكرێت، چونكە هیچ بەندێك لە دەستوور نیە كە تۆ بڵێی نابێت گەندەڵكاران سزا بدرێن و موڵكی گشتی بدزی، ئەوانەی داوای هەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن بۆ داپۆشینی فەشەلی خۆیانە كە نەیان توانیوە خزمەتی خەڵك بكەن، هەروەها دەیانەوێت دەستوور كاری پێ نەكەن، چونكە دەزانن كورد ڕازی نابێت هیچ بەندێك كە پەیوەندی بە مافی كوردەوە هەیە هەموار بكرێتەوە، ئەوان دەیانەوێت دەستكاری ئەو بەندانە بكەن و حكوومیش بگۆڕن بۆ سەرۆكایەتی، بۆیە دەیانەوێت كار بەو دەستوورە نەكرێت، دەڵێن خۆپیشاندەران داوای دەكەن، نەخێر خۆپیشاندەران داوای مافی خۆیان دەكەن، داوا دەكەن گەندەڵكاران بدرێنە دادگا، گەندەڵی نەمێنێت، شەفافیەت هەبێت، بەڵام ئەوانەی كە وا هەست دەكەن ئێستا دەسەڵات لە دەستیان دەڕوات بەو شێوەیە دەیانەوێت دەستوور هەموار بكەنەوە، بۆیە تەئكید لەوە دەكەمەوە دەبێت كورد زۆر ئاگای لەو بابەتە بێت، دەزانن ئەگەر سێ پارێزگا ڤیتۆی دا هەموار ناكرێت، ئێستا بە هەموو توانایانەوە كار لەسەر ئەوە دەكەن كە كار بە دەستوور نەكرێت و دەبێت دەستووری تازە بنووسرێت.
ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی دركاند:" دەبێت كورد خۆی كۆبكاتەوە، لە خولەكانی رابردوو هاوپەیمانی كوردستانی هەبوو، لەو خولەدا هەر یەكە و بۆ خۆیان كار دەكەن، ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانیان دەوێت، دەبێت كورد لە بەغدا خۆی كۆبكاتەوە و هاوپەیمانی كوردستانی دروست بكات، یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بن، ئاگاداری هەموو حەرەكەكانی سیاسی بێت، كۆنتاكتی راستەوخۆیان هەبێت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەر ئەگەرێك".

 

زۆرترین بینراو