ئەلقوش باخچەیەكی هەمە رەنگی بێ خزمەتگوزاری

ئەلقوش باخچەیەكی هەمە رەنگی بێ خزمەتگوزاری

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : ناحیەی ئەلقوش سەربە قەزای تلكێفە لە سنووری پارێزگای مووسڵ، ساڵی 1918 بووەتە ناحیە و ساڵی 2014 لە كاتی هاتنی داعش ژمارەیەك هاووڵاتی ئەو ناحیەیە ئاوارە بوون و ژمارەیەكیش روویان لە هەندەران كرد بەهۆی ترسی تیرۆر لە ناوچەكەدا.
لارا یوسف ، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقۆش، بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئێستا كار لەسەر دروستكردنی سەر ژمێرییەكی نوێ دەكەین بۆ شارەدێكە، چونكە ئەو سەر ژمێرییانەی هەن كۆنن و بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێنەوە، شارەدێكە لە 83 گوند و سێ كۆمەڵگە پێك دەهات و ژمارەی دانیشتووانی لە پێش هاتنی داعش 62 هەزار كەس بووە، بەڵام دوای هاتنی داعش بووەتە 55 هەزار كەس، لەو ژمارانە نزیكەی حەوت هەزار كەس روویان لە ئەوروپا و ئەمەریكا كردووە و بوونەتە پەنابەر".
زیاتر روونیكردەوە" ئەلقوش پێكهاتەی ئێزیدیش لەخۆ دەگرێت و گوندەكانی سەربە شارەدێكەمان 80% دانیشتووانی ئێزیدین، 10%ی لە مەسیحین و 8%یش مسوڵمانی عەرەبن، ئەو دوو لە سەدەی دەمێنێتەوە مسوڵمانی كوردن، بەڵام دانیشتووانی سەنتەری شارەدێكە تێكڕا مەسیحین، لە شەشی ئابی 2014 داعش هاتە ناوچەكە و چەند گوندێكی داگیر كرد، بەڵام نەیتوانی بگاتە ناو سەنتەری ناحیەی ئەلقوش، هەموو خەڵكی ئەلقوش ئاوارە بوون و تەنیا هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و ژمارەیەكی كەم لە پیاوان مانەوە، زۆربەی خەڵكی ناوچەكە روویان لە پارێزگای دهۆك كرد و لە قەزای ئامێدی و زاخۆ و بامەڕنێ جێگیر بوون، ژمارەیەكی كەم نەبێت روویان لە عەنكاوەی هەولێر كرد، بەڵام ئێستا هەموو گەڕاونەتەوە سەرجێی خۆیان".
گووتیشی " ئەلقوش بەشێكە لە ناوچەی دەشتی مووسڵ، بەڵام لە هەموو روویەكەوە جیاوازە تەنانەت لە رووی داب و نەریت و دۆخی ئاسایش و زۆر لایەنی تریش بەراورد ناكرێن. ئێستا ئەلقوش لە رووی ئاسایشەوە 100% پارێزراوە و سەقامگیرە، بەڵام دەشتی مووسڵ وانییە و تا ئێستا مەترسیی تێدایە، ئەمەش نەك تەنیا پاش هاتنی داعش، بەڵكو پێش هاتنی داعش ئەلقوش لە رووی ئاسایشەوە لە دەشتی مووسڵ جیاوازتر بوو، هەر لە ساڵی 2003وە تا ئێستا‌ زۆر كاری تیرۆریستی و ترسناك لە ناوچەكە روویان دا، بەڵام ئەلقوش لەو ئاڵۆزییانە دوور بوو، تەنانەت گوندی تلسقۆف كە 10 خولەك لە ئەلقوش دوورە و دانیشتووانی مەسیحین، ژمارەیەك تەقینەوە تێیدا روویدا، قەرەقووش بەهەمانشێوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە كە بوونی هێزی ئاسایش و پێشمەرگە بەشێوەیەكی تەواو لە ئەلقوش تەناهیی خەڵكەكەی پاراست".
ئاماژەی بەوەشكرد " حكوومەتی هەرێم پێش قەیرانی ئابووری زۆر جار هاوكاری ناحیەی ئەلقوشی كردووە، هەرچەندە سەربە حكوومەتی ناوەندیشە، بەڵام هەرێم لە بودجەی هەرێم بەشێكی بە ئەلقوش دەدا. بۆ نموونە هەر لە ساڵی 2011وە تا ئێستا كارەبامان لە پشكی كارەبای پارێزگای دهۆكەوە بۆ دێت، بەڵام ئێستا‌ بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی هەرێم تێیدا دەربازی بوو، ئیتر هەرێم ناتوانێ هاوكاریمان بكات و حكوومەتی ناوەندیش پێش هاتنی داعش هەر ئاگای لێمان نەبوو. ئەوەی ئێستا هاوكاریمان دەكات تەنیا رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانن كە ژمارەیەك كاری نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی بواری خزمەتگوزاری و رێگەوبان و ئاو و باڵەخانەی لەخۆ گرتووە، لە رووی ئاسایشەوە هیچ كێشەمان نییە و 100% گیانمان پارێزراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە كێشەی خزمەتگوزارین كە بەڕاستی كێشەی سەرەكین بۆ خەڵكی ناحیەكە".

 

زۆرترین بینراو