ئەو هاووڵاتییانەی خراوەنە ژێر چاودێری پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی بەردەوام هەیە

ئەو هاووڵاتییانەی خراوەنە ژێر چاودێری پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی بەردەوام هەیە

بەدواداچوون-زاری كرمانجی:
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتان، لە هەرێمی كوردستان ئەو كەسانەی دەگەڕێنەوەو دەخرێنە ژێر چاودێریەوە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت " ئەوانەی دەگەڕێنەوەو جگەلە چاودێری كردن، پێویستیان بە چاودێری كردنی پزیشكی بەردەوام هەیە، نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆرانیش، تیمێكی تایبەتی پزیشكی پێكهێناوە بۆ چارەسەركردن و چاودێری كردنی ئەم ئافرەت و منداڵانەی لە چەند هۆتێلێكی شاری سۆران نێشتەجێ‌ كراون.
لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فڕاكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، رایگەیاند " لە سەرەتایی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە سەر هێڵ بووینە، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوەكانی خۆپارێزی لە هەرێمی كوردستان دروست بن، كاتێكیش كە لەوڵاتی ئێران ئەم ڤایرۆسە تۆمار كراوە و رۆژ بە رۆژ ژمارەی توشبووان زیاتر ئەبێت، خۆش بەختانە وەزارەتی تەندروستی هەرێم، كۆمەڵێك رێكاری پێویستی گرتۆتە بەر، بۆ هەنگاوی خۆپارێزی یەكێك لەمانە توندكردنی سنوورەكان، هەروەها ئەوانەی هاتووچۆی وڵاتی چینیان دەكرد، یا ئەوانەی چینی بوون بۆ ماوەی 14 رۆژ خراوەنەتە ژێر چاودێری پزیشكی، هەروەها دوای ئەوەی نەخۆشییەكە لە وڵاتی ئێران سەری هەڵدا بەهەمان شێوە ئەم هاووڵاتیانەی كوردستان، كە سەر دانی وڵاتی ئێرانیان كردبوو، رۆژانە بە هەرسێ مەرزی سەرەكی حاجی ئۆمەران و باشماغ و پەروێز خان دێنەوە كوردستان، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوەخۆ شوێنی پێویستی وەك هۆتێل و مۆتێلیان بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی بخرێنە ژێر چاودێری تەندروستی، ئەمەش زمەنێكی تەجوروبەرێكی نوێیەو هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمە كە دەیكات، بەڵام ئەوەی زانیاریمان هەبێت تا ئێستا لە عێراق ئەمە نەكراوە، واتا هەنگاو رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەرێوەبەراتییە گشتییە تەندروستیەكان لە هەرێمی كوردستان گرتوتیانە بەر لە عێراق لە و ئاستە نەبووە هەرێم زۆر باشترە لە عێراق".
ئەوەش دەخاتەروو " ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازەكانی لێژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵ ئەدات بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی زیاتر بنێت بە ئاراستەی خۆپارێزی، چونكە یەكێك لە هەرە رێكارە پێویستیەكان كە بگرینە بەر هەنگاوەكانی خۆپارێزییە تەنها لە رێگەی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری خۆپارێزی كە هاووڵاتییان پێی پابەندبن و خۆمان بپارێزین لە ئەم ڤایرۆسە، بۆ ئەم مەبەستە دەزگاكانی راگەیاندن و كەناڵەكانی بیستراو بینراو خوێنراو، هەروەها رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەموویان هانەدەین بۆ ئەوەی بەهەموو لایەكمان هەوڵبدەین زۆرترین هۆشیاری تەندروستی بڵاو بكەینەوە، بە مەبەستی زیاتر توند و تۆڵكردنی رێكاری پێویستی خۆپارێزی بۆ رووبەروو بونەوەی ئەم ڤایرۆسە ".
لوقمان وەردی دەشڵێت " لە ئێستادا گلەیی ئەوە هەیە كە وەك و پێویست پزیشك سەردانیان ناكات، چونكە ئەمانە كاتێك نیشانەكانیان لێ‌ بەدركەوتن سەمپایان لێوەر دەگیرێت، ئەو كاتەی كە پشكنینیان لێ وە ردەگیرێت، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر هێلین بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێواز هەم چارەسەر یان بۆ بكرێت هەم چاودێریان بۆ بكرێت، چونكە لەوانەیە لە نێوانیاندا بەشێكیان رەنگە بەساڵاچووبن، یا نەخۆش بن، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزارەت و وەزیری تەندروستی، داواكاری هاووڵاتییانمان گەیاندە ئەوان كە بەڵنیان دا بەزوترین كات هەوڵی چارەسەركردن بكەن.
لەلایەن خۆیەوە رێزان باڵەك، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت " ئەم هاووڵاتییانەی بە دەروازەی نێودەوڵەتی لەحاجی ئۆمەران لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە و بە مەبەستی پشكنین و چاودێری كردنیان لە دوو هۆتێلی قەزای سۆران نیشتەجێكراون و رۆژانە لەلایەن تیمی پسپۆری پزیشكی پشكنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت، خۆشبەختانە تائێستا لەناو ئەم كەسانەدا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گوماناوی تۆمار نەكراوە".
ئەوەشی ئاشكرا كرد " لەنێو ئەم كەسانەدا ئافرەت و منداڵ هەیەو لەوانەیە نەخۆشی دیكەیان هەبێت، یان ئافرەتی دوو گیان هەیە پێویستی بەچارەسەری و چاودێری كردنی پزیشكی هەیە، بۆ ئەم مەبەستە تیمێكی پزیشكی نەخۆشخانەكەمان بەسەرپەرشتی راستەوخۆی دكتۆرە مەهاباد دلاوەر فایق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانیان دەكەن و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت و بەپێی توانا دەرمان و پێداویستی پزیشكیشمان بۆ دابین كردوون.

 

زۆرترین بینراو