ئەڤین عەبدوڵا: كارێك ناكەم لەگەڵ دابونەریتی كوردی نەگونجێت

ئەڤین عەبدوڵا: كارێك ناكەم لەگەڵ دابونەریتی كوردی نەگونجێت

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : ئەڤین عەبدوڵا ئەكتەری دیاری بواری كۆمیدیا لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی باس لە ئەزموونی كارەكانی خۆی دەكات لە باشووری كوردستان.
ئەڤین دەڵێ"كاتێك هاتمە باشووری كوردستان، بە عەشقەوە دەمڕوانیە كاری هونەری و دەمویست خۆم لەو بوارەدا تاقی بكەمەوە، چونكە متمانەی زۆرم بەخۆم هەبوو، كە لە نواندندا سەركەوتوو دەبم، بەڵام لە یەكەم هەنگاومدا بەشداریم لە كلیپێكی گۆرانی دا كرد، لە دوای ئەو كلیپەش لە كەناڵی ڕەنگ هونەرمەندی بە ئەزموون عەلی عەبدولباقی بانگهێشتی كردم بۆ كارێكی نواندن، كە ئەویش پڕۆگرامی هەفتانەی كەنین شۆ بوو، كە دەرهێنانی بارزان سنجاوی بوو، پاشان بەشداری چەند بەرهەمێكی دیكەی هونەریم كرد، نەك تەنیا بە زمانی كوردی، بەڵكو بە زمانی توركیش لە چەند ئەڵقەیەك بەشداربووم، كە لە كەناڵەكانی توركمان و كەركووك پەخش كران".
رێكەوت ئەڤینی راپێچی نێو دونیایی كۆمیدیا كردووەو دەڵێ‌"دونیای كۆمێدیا تا بڵێی دونیایەكی جوانە و هەموو تەمەنێك حەز بە پەیامەكانی دەكات، بەڵام من ئەو بوارەم هەڵنەبژاردووە، بەڵكو بە رێكەوت هاتمە نێو كۆمێدیا، چونكە حەز و ئارەزووەكانی من زیاتر بۆ سینەما بوو، لە هونەری حەوتەمدا شانۆ و هێلكاری و گشت رەنگ و دەنگەكانی خۆیان دەبیننەوە، بەڵام ئەوانەی من كارم لەگەڵدا كردوون لەو چەند ساڵەی رابردوو، زیاتر حەزیان بەوە كردووە، لە بەرهەمە كۆمێدیاكاندا هاوكاربم لەگەڵیاندا"،
ئەوەشی خستەڕوو"هونەرمەند عەلی عەبدولباقی، مامۆستا و پاڵپشت و پشتیوانی سەرەكی سەركەوتنەكانی منە لە بواری نواندندا، هاوكات لە نێو سینەمادا پشتیوان عەبدوڵا وەك رەخنەگر و سەرۆكی فێستیڤاڵی تیرۆر و چەند فێستیڤاڵێكی دیكەی سینەمایی هاوكارو پشتیوانی سەرسەختمە و دەیەوێت وەك ئەستێرەیەك لە نێو سینەمادا بدرەوشێمەوە، بەردەوامیش ئەو دوو كەسە لە چاوەڕوانی ئەوەدان دوا رۆژێكی پڕشنگدارم هەبێت لە نێو كۆڕی هونەری كوردی دا"،
ئەوەش دەڵێ‌"مەبەستی سەرەكی من لەو پڕۆگرامە كۆمێدیانە، سڕینەوەی ڕەشبینیە، دەمەوێت بە كاری هونەری خەڵكی ماندووی كوردستان، پشوو وەگرن و چێژ لە هونەری كۆمێدیا وەرگرن، كە چەندین پەیامی گەورەی پێیە و دەتوانێت دڵی هەمووان بە دەست بێنێت"،
ئەڤین باس لە كاری داهاتووی خۆی دەكات و دەڵێ‌"لەگەڵ ستافێكی هونەری و بە ستایلێكی جیاواز و مۆدێرنیزم، سەرگەرمی تۆماركردنی چەند ئەڵقەیەكی تەنز ئامێزم، كە دڵنیام لە ئاست خۆشەویستی خەڵكی كوردستان دەبێت، بەڵام نامەوێت ئێستا ناوی ئەو بەرهەمە بدركێنم، دەبێت بیكەین بە سوپرایزێك لە كەناڵی ئەستێرە بینەربن"،
ئەڤین هەروەكو خۆی باسی دەكات كارێك ناكات لەگەڵ داب و نەریتی كۆمەڵگەی كوردی نەگونجێ و كار لە سەر كەسایەتی ئەو بكات.

زۆرترین بینراو