ئەگەری پێكدادانی سەربازی لە دەڤەری برادۆست لە ئارادایە

ئەگەری پێكدادانی سەربازی لە دەڤەری برادۆست لە ئارادایە

زاری كرمانجی: كاردانەوەكانی هێرشی دوێنێی توركیا بۆسەر هێزەكانی پاسەوانی سنوور تا دێت قوورستر و بەرفرەوانتر دەبێت، سەركۆنە كردنی ئەم هێرشە لە لایەن بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان توندبووە، تا رادەییەك سەردانی كردنی وەزیری بەرگری عێراق كە بڕیار بوو رۆژی پێنجشەمە ئەنجام بدرێت هەڵوەشێندرایەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە هێزێكی پێشمەرگە بە ‌ئاڕاستەی دەڤەرە برادۆست جوڵەیان پێكراوە و مەترسی پێكدادان لەگەڵ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌ هەیە، لە ‌شەوی رابردوەوە هێزێكی زۆری پێشمەرگەی هێزەكانی 80 بۆ ناوچە سنورییەكانی برادۆست جوڵەیان پێكراوە، لەئێستاشدا هێزەكە كە نزیكەی 200 ئۆتۆمبێلی سەربازی دەبن چەكی قورس و مامناوەندیشیان پێیە لە ناو ناحیەی سیدەكان جێگیر كراون.
بە پێی زانیارییەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، ئامانجی سەرەكی هێزەكەی پێشمەرگە جێگیربوونیانە لە چەند ناوچەیەكی ستراتیژی سنووری برادۆست، بەتایبەت ناوچەكانی گەرووی گەرۆزین، كانی سفر، گەرووی سندان (هاجەرێ) شاخی پۆڵا.
لە لایەن خۆشیەوە هێزەكانی پەكەكە هێزەكانی پێشمەرگەیان ئاگاداركردوەتەوە، كە ئەو ناوچانە چۆڵ ناكەن، بۆیە مەترسی پێكدادان لەنێوان هەردولا هەیە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەری خەندانی راگەیاندووە " وەك وەزارەتی پێشمەرگە هیچ هێزێكمان بەئاڕاستەی ناوچەی برادۆست جوڵەپێنەكردوە، ئەو هێزەی لە ناوچە سنوورییەكانە، هێزی پاسەوانی سنوورە و سەر بە فەرماندەیی یەكی پاسەوانی سنووری وەزارەتی ناوخۆی عێراقن".
سەبارەت بەجوڵەپێكردنی هێزەكانی سەر بە یەكەی 80ی هێزی پێشمەرگە، جەبار یاوەر بێ ئاگایی خۆی نیشاندا و گووتی، "هیچ زانیاریمان لەسەر هیچ جوڵەپێكردنێكی هێزی پێشمەرگە نیە، واباشترە پرسیار لە فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 80ی هێزی پێشمەرگە بكرێت نەك ئێمە".

 

زۆرترین بینراو