باژێڕوانی مەكۆی گۆڕان لە بادینان: هەندێك هێز هەن نزیكن لە پەكەكە و پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە

باژێڕوانی مەكۆی گۆڕان لە بادینان: هەندێك هێز هەن نزیكن لە پەكەكە و پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە

رەمەزان هەرنی – دهۆك : موئەیەد ئەحمەد بەهائەدین, باژێڕوانی مەكۆی گۆڕان لە بادینان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" بزووتنەوەی گۆڕان هیچ هێزێكی سیاسی بە دووژمنی خۆی نازانێت, نەوەی نوێ گرووپێكی تایبەتە و هیچ پرۆژە و بەرنامەیەكی پێ نییە، تەنیا ئەوەی تا ساڵی 2009 گۆڕان دەی گوت ئەوان ئێستا دووبارە دەكەنەوە, بۆیە گومانمان لەسەر تەوقیتی دروستبوونی نەوەی نوێ هەیە, هەتا پرۆژەی چاكسازی وەكو موزایدە بەكار دەهێنێت، ناوخۆی نەوەی نوێ ئاڵۆزە، بۆیە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان لەو باوەڕەداین هەر هێزێك راستگۆ نەبێت لەگەڵ جەماوەر و ئەندامانی خۆی تەمەنی كورت دەبێت. دەشڵێ:" گۆڕان لە بادینان هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ پەكەكە نییە، بەڵام هەندێك هێز هەن نزیكن لە پەكەكە و پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە".
باژێڕوانی مەكۆی گۆڕان لە بادینان راگەیاند:"بزووتنەوەی گۆڕان هیچ هێزێكی سیاسی بە دووژمنی خۆی نازانێت, بەڵام ئەگەر هێزێكی سیاسی هێرش بكاتە سەرمان یان لە دژی گۆڕان كاربكات هیچ كاریگەرییەكی لەسەر سیاسەتی كوردستان نابێت، پرۆژەی چاكسازی بەشێك بوو لە بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەت بەشێك بوو لە رێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پاپەندە بە جێبەجێكردنی سیاسەتی گۆڕان, راستە ئەوەی ئێستا تەواوی چاكسازی نییە، بەڵكو سەرەتایەكە بۆ چاكسازیی گەورەتر و ریشەیی كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیەتی, هەندێك لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان خاڵێكی پرۆژەكە بە دڵی ئەوان نەبێت دەكەونە هێرشكردنی ناراستەوخۆ بۆ سەر پەرلەمانتارانی گۆڕان, لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لە كاتی پەسەندكردنی پرۆژەی چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە دیاریكراوی باسی هیچ كەسێكی نەكرد كە قەرزاری حكوومەت بێت, بەهۆی ئەوەی قەرزی حكوومەت تەنیا لەلایەن شاسوار عەبدولواحید نییە، بەڵام ئەوەی لەخۆی بە گۆمانە كێشەی خۆیەتی, كە چەندین كەس و كۆمانپانیا قەرزاری حكوومەتن و ئامادەنین ئەو پارەی لایانە بۆ حكوومەت بگەرێنەوە یەكێك لە خاڵەكانی پرۆژەی چاكسازی ئەوەیە كە ئەو كۆمپانیا و كەسانەی قەرزیان لە حكوومەت وەرگرتووە پابەند بن بە گەڕاندنەوەی قەرزەكانی حكوومەت، بۆ ئەوەی حكوومەت زیاتر بتوانێت خزمەت بە هاووڵاتییان بكات، بەڵام ئەگەر شاسوار لە خۆی بە گۆمانە ئەوە سەرۆك فركسیۆنی گۆڕان راستی گوتووە كە هەندێك كۆمپانیا زۆر قەرزاری حكوومەتن، شاسوار عەبدولواحید بەرێگای سۆشیاڵ میدیا كەوتۆتە هێرشكردن بۆ سەر گۆڕان و ئەو فراكسیۆنانەی دەنگیان بەو خاڵە داوە".
موئەیەد ئەحمەد بەهائەدین, روونیكردەوە:" نەوەی نوێ پرۆژەی چاكسازی وەك موزایدە بەكار دەهێنێت, هێرش دەكەنە سەر تەواوی ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان بە پرۆژەی چاكسازی داوە، لە پرۆژەی چاكسازی هەموو داواكارییەكانی گۆڕان جێبەجێنەكراون, بەڵام بۆ ئەم قۆناغە پەسەندكردنی ئەم یاسایە سەرەتایەكە بۆ چاكسازیەكی گەورەتر، بەڵام لە داهاتوودا دەتوانین چاكسازی بكەین لە هەموو روویەكەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی گۆڕان تەنیا 12 كۆرسییە هەموو شتێك بەدڵی ئێمە نابێت، بەڵام بە گشتی گۆڕان پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆژەكە دەربڕیوە.
موئەیەد ئەحمەد بەهائەدین, باژێڕوانی مەكۆی گۆڕان لە بادینان ئاشكراشی كرد:" نەوەی نوێ گرووپێكی تایبەتە و هیچ پرۆژە و بەرنامەیەكی پێ نیە، تەنیا ئەوەی تا ساڵی 2009 گۆڕان دەی گوت ئێستا ئەوان دووبارە دەكەنەوە و تا ئێستا خۆی لە گۆڕان دەرباز نەكردووە, بۆیە گومانمان لەسەر تەوقیتی دروستبوونی نەوەی نوێ هەیە, نەوەی نوێ هێزێكە دروستكراوە تەنیا بۆ بەتاڵكردنی سیحری گۆڕان و هیچ شتێكی تازەی پێ نییە, هیچ پەیوەندیەكمان لەگەڵ نەوەی نوێ نیە تەنیا لەسەر ئاستی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان نەبێت، ئەگەرنا لە دەرەوەی پەرلەمان هیچ پەیوەندیەكمان لەگەڵ نەوەی نوێ نییە".
باژێڕوانی مەكۆی گۆڕان لە بادینان زیاتر گووتی :" لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان هیچ پەرلەمانتارێكی بادینان لەناو فراكسیۆنی گۆڕان نییە, ئەگەر نوێنەرێكی بادینان لە پەرلەمان هەبووایە زۆر باش دەبوو, سەڕەڕای ئەوەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە نوێنەری خۆمان دەزانین خۆیان لە كێشەكانی بادینان دەكەنە خاوەن و سەردانی ئێمە دەكەن، بۆیە مەرج نییە پەرلەمانتاری گۆڕان لە بادینان بێت".
موئەیەد ئەحمەد بەهائەدین, ئەوەشی گووت:" گۆڕان لە بادینان هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ پەكەكە نییە، بەڵام هەندێك هێز هەن نزیكن لە پەكەكە و پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە وەك تەڤگەری ئازادی كە تا كاتی هەڵبژاردن پەیوەندیمان زۆر باشبوو, چەندین جار پێویستیان بە بارەگای ئێمە بوو بۆ كۆڕ و سیمینار و كەلوپەلیان پێویست بووە پێمان داون بارەگاشمان پێیان داوە پەیوەندییەكی باشمان هەیە, پەكەكە لە بادینان بە فەرمی هیچ بارەگایەكی نییە ئەوان لە شاخەكاندان و ئێمەش هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ ئەوان نییە".
موئەیەد ئەحمەد بەهائەدین, باژێڕوانی مەكۆی گۆڕان لە بادینان ئەوەشی روونكردەوە:" ئەمە یەكەمجار نییە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەست لە كار دەكێشنەوە پێشتر لە كاتی وێنەگرتنی پەرلەمانتارێك لە گوندی ئەڵمانی كۆمەڵێك پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە كوردستان و بەغدا دەستیان لەكاركێشایەوە, بەڵام ئەمە وەك فیلمێك وایە و ناوخۆی نەوەی نوێ ئاڵۆزە, ئێمە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان لەو باوەڕەداین هەر هێزێك راستگۆ نەبێت لەگەڵ جەماوەر و ئەندامانی خۆی كێشەی تێ دەكەوێت و تەمەنی كورت دەبێت".

 

زۆرترین بینراو