باڵەكایەتی...هەڵمەتێكی خاوێنكردنەوەی شوێنە گشتییەكان بەڕێوەچوو

باڵەكایەتی...هەڵمەتێكی خاوێنكردنەوەی شوێنە گشتییەكان بەڕێوەچوو

زاری كرمانجی-چۆمان: لە سەنتەری قەزای چۆمان و ناحیەكانی دەوروبەری، لە رۆژی جیهانی گەشتوگوزار هەڵمەتێكی پاككردنەوەی شوێنە گشتییەكان و كوچە و كۆڵانەكان دەستی پێكرد و بڕیارە بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام بێت.
سوارا ئەكرەم، قائیمقامی قەزای چۆمان بە زاری كرمانجی راگەیاند: هەڵمەتەكە بە بەشداری بەڕێوەبەر و كارمەندانی فەرمانگە حكوومیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و بە ئامانجی پاككردنەوەی سەنتەری شار و شوێنە گشتییەكان و زیاتر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەییە.
گووتیشی: هەڵمەتەكە بەردەوامی دەبێت و تەواوی شوێنە گەشتیارییەكان و ناو چۆمان و رووبارەكانیش دەگرێتەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوامی دەبێت.
هاوكات سەنگەر حەسەن، بەرپرسی كارگێڕی سەرۆكایەتی شارەوانی چۆمان بە زاری كرمانجی راگەیاند: دوو پەیاممان لەم هەڵمەتەدا هەیە، یەكەم بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر پابەند بێت بە پاكڕاگرتنی شار و شوێنە گشتییەكان، دووەمییش بۆ ئەوەی هاوكاری ئەو ژینگە پارێزانە بین كە رۆژانە وەك كارمەندی كۆمپانیای پاككردنەوەی شار هەڵدەستن بە ئەركێكی پیرۆز ئەویش پاككردنەوەی شار و كووچە و كۆڵانەكانی ئێمەن، بۆیە لێرەوە داوا لە هاووڵاتییان دەكەم هاوكاری تیمەكانی پاككردنەوە بكەن، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانین شارەكەی خۆمان پاكڕابگرین و ژینگەی خۆمان خۆشبوێت.
هاوكات لە بەشێك لە سەنتەری ناحیەكانی ئەم دەڤەرەش هەڵمەتەكە بەڕێوەچوو.
لەمبارەیەوە ئیبراهیم عوسمان، سەرۆكی شارەوانی سمیلان بە زاری كرمانجی راگەیاند: بە بەشداری تەواوی بەرپرس و كارمەندانی میری ناوچەكەمان و چین و توێژەكان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری ناحیەی سمیلان، هەڵمەتی پاككردنەوەی كووچە و كۆڵانەكان و شوێنە گشتییەكان لە سەنتەری ناحیەی سمیلان بەڕێوەچوو، توانیمان رێگای گشتی گوندەكانی رۆست و گرتك و گوندەكانی دەوروبەری پاكبكەینەوە، هەموو ئامانجی ئێمە ئەوەیە هاووڵاتی لە زەحمەتی و كاری سەختی كرێكارەكانی شارەوانی تێبگات كە شوێنە گشتییەكان رۆژانە پاكدەكەنەوە، ئەمڕۆش توانیمان زبڵ و خاشاكێكی زۆر كۆبكەینەوە و لە رۆژانی داهاتووشدا بڕیارە دەست بە خاوێنكردنەوەی رێگای گوندەكانی دیكەی سنوورمان بكەین.

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو