بایكۆت جۆرێك لە شۆڕش

بایكۆت جۆرێك لە شۆڕش

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: دوای هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و داگیركردنی خاكی ئەو پارچە دابڕاوە و شەهیدكردنی دەیان هاووڵاتی، وەك كاردانەویەك لە باشوری كوردستان هاونیشتیمانیان داوای بایكۆتكردنی كەلو پەلی توركی دەكەن، زاری كرمانجی بۆچونی رۆژنامەنوس وچالاكوان، قوتابی ، شاعیرو ئابوری ناسی وەرگرتوە و هەرەیەكەو بەجۆرێك باس لەو بایكۆتە دەكەن.
ناسك واحید رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی دەڵێت"بایكۆت چەكێكی بەهێزی بێدەنگە دژ بە داگیركەر و زیانی بایكۆت بەر گیرفانی سیاسیەكان دەگات و هیچ زیانێكی بەر هاووڵاتی سادەو ژن و منداڵ ناگات، بەدرێژایی مێژوو بایكۆت سودی لێوەرگیراوە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی داگیركەرو زەبرێكی ئابوری كوشندە بووە، بەدەر لەوە تۆ كاتێك دێیت بایكۆتی كەلوپەل و خۆراكە هاوردەكانی دوژمنەكەت دەكەیت، ئەمە نیشانەی بەهێزی ئیرادەو هاوسۆزی كەسانی بێ تاوانە كە بە چەكی دووژمنەكەت دەكوژرێن، تەنها ڕێگەش بۆ سەركەوتن و كاریگەری بایكۆت لەسەر دوژمنەكەت بەردەوامی و درێژەدانە بەم بایكۆتە، دەبێت هاووڵاتیانی كورد، دڵنیابن كە بایكۆت شۆڕشێكی سادەنیە بەڵكو كاریگەرو بەهێزە، بەدەر لەوەش خۆپارێزییە لە خواردنی بێ دڵنیایی و خراپ، ئاخر دوژمنێك بە چەكی كیمیایی خەریكی كوشتن و لەناو بردنت بێت و دەست لە هیچ چینێك نەپارێزێت، ئیدی چۆن پێمان وابێت كە خواردنی پڕ كوالێتی بۆ تۆ دەنێرێت لە كاتێكدا كوردی پێ مرۆڤ نیەو بە زیادەی دەزانێت لەسەر زەوی ڕاستە ئێمە تا ئێستا خاوەنی بەروبوم و شمەكی خۆماڵی پێویست نین، بەڵام بەدیلی كەلوپەلی توركی زۆرەو زۆربەی وڵاتان بەدەر لە توركیا بازرگانیان لەگەڵ كوردستان هەیە، بۆیە پێویستە ئێمە لەم قۆناغەدا شەڕی بایكۆت لەگەڵ ئەو وڵاتە بكەین كە راستەوخۆ لێمان دەكوژێت.
هودا سابیر زەنگەنە، توێژەرو چالاكوان دەڵێت" هەڵوێست وەرگرتنی خەڵكی كوردستان دژ بە كڕینی هەر كاڵاو شتومەكێكی توركی، جێی بایەخە بەڵام پێوستە ئەم هەڵوێستە بە ئاگاییەوە بچێتە پێش و بەردەوام بێت گرنگە بە وردی دیراسە بكرێت و تەنها لەپێناو بانگەشەو كاردانەوەیەكی كاتی نەبێت، چونكە چەند لایەنێكی هەیە ئەم بابەتە بۆ نمونە ئەگەر هەڵوێستەكە كاردانەوەیە دژ بەو هێرشە نامرۆڤانەیەی دەوڵەتی توركی ئەنجامیداوە دژ بە كوردەكانمان ئەوە ڕەنگە لەگەڵ ڕاگرتنی هێرشەكە خەڵك جارێكیتر بگەڕێنەوە سەر كڕین و بەكارهێنانی شتومەكی توركی، كە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خەڵك بڕیار لەسەر كاریگەری كاتی هاوسۆزی دەدات، ئەگەر نا ئێمە هەموو دەزانین بە درێژایی مێژوو دەوڵەتێكی وەك ئێران ساڵانە دەیان كورد لە سێدارە دەدات تەنها لەبەر ئەوەی كوردن، دەی كەواتە پێویست بوو زۆر پێش ئیستا دژ بەئێران ئەو هەڵوێستە هەبوایە."
هودار زەنگەنە ئاماژەی بەوەشكرد"لە ڕاستیدا گەڕانەوە بۆ بەرهەمی خۆماڵی دەستكەوتێكی گرنگی ئابورییە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر بەو جۆرە بێت بۆ لەمەودوا كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی خۆماڵی بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت ئەمە جگە لەوەی هاندانێكە بۆ پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی و بوژانەوەی بەرهەمهێنان لە هەموو بوارەكان، هاودەنگی و پشتیوانی كورد لە هەر شوێن و پارچەیەك بێت هێمای بەهێزی كوردە و پێویستە هەموان هاوهەڵوێست بین ئیتر هەركەسەو بەجۆرێك.
ئەڤرێست گەردی پیشەی قوتابیە گووتی"بایكۆتی شتی توركی ئەگەر نەبێتە هۆیی شۆڕشێكی گەورە بۆ بنیادنان و بەرهەمێنانی كەلو پەلی ناوخۆ ئەوا خزمەت بەو ئابورییە بۆگەنیەكەی ئێران و وڵاتی تر دەكات هیچ دوریش نیە لە ئێستادا ئیتڵاعات لەپشت هاندانی خەڵكەوە بێت، چونكە دەبینین لە ماوەیەكی كەمدا بایكۆتەكە بەوشێوە گەورە بووە و بڵاو بۆتەوە و بۆتە هێرش لەتەواوی سۆشیال میدیادا، هەموو كات دەڵێم هاونیشتیمانی خۆشەویست كاتێك بایكۆتی شتی توركی دەكەی دەست خۆشیت لێدەكەم بەڵام لە بەرامبەردا شتی ئێرانی بەكارمەهێنە، ئێرانیش كەی بۆیكرا لە توركیا باشتر نابێت و وڵاتت وێران دەكات، پێویستە هەركەس لای خۆیەوە بیربكاتەوە پێداویستیەكانی لەناوخۆ دابین بكات، بازرگانانی كوردستان دەبێ هەوڵبدەن كارگەی بچوك بێنن و دایمەزرێنن تا ببینە خاوەنی بەرهەمی ناوەخۆ ئەگەر ببێتە شۆڕشێك هەمو پێكەوە بیهێنن فشار دەخەنە سەر حكومەت ئاسانكارییان بۆ بكات.
نوسەرو شاعیر سروە عوسمان، لە بارەی بایكۆتی كەل و پەلی توركی رایدەگێنێت" كەمپینی بایكۆتی كاڵای توركی وەكو هەڵوێستێكی نیشتیمانی لەباشووری كوردستان ماوەی دە ڕۆژێكە دەستی پێكردووە، بەڵام خۆشبەختانە لەو ماوە كەمەدا هەموو كۆمەڵگەی گرتەبەر بە پاڵپشتی نووسەران و چالاكوان و هونەرمەندان بۆ كەمپەینی بایكۆتی شتومەكی توركی كە هاونیشتمانیانیمان زیاتر هانداو ڕوحی یاخیبوونی لەنێو كۆمەڵانی خەڵكدا زیندوو كردەوە، ئێستا هەوڵی ئەوە دەدرێ هەڵمەتەكە گەورە بكرێت و بۆ بایكۆتی گۆرانی و دراماو میوزیكی توركیش، تا دوژمنان لە هەموو پارچەكانی كوردستان تێبگەن كاتێ گەل بڕیار بدا ڕەگ و ڕیشەیان لەبنەوە هەڵدەكێشرێ.
تارا شوان، بەرپرسی ئینستتیوتی ئابوری ئەمریكی – كوردی، بەزاری كرمانجی راگەیاند" هەرێمی كوردستان پەیوەندیی بازرگانی زۆر باشی لەگەڵ توركیا هەیە هاونیشتیمانیانی باشوری كوردستانیش بەكارهێنەرێكی باش و پشتپێبەستراوی كاڵا توركییەكان بون، بۆیە ئەوەی ئێستا هاووڵاتیانی هەرێم دەستیان بە بایكۆتكردنی شت و مەكی توركی كردوە گومانی تیانیە كاریگەریی زۆری لەسەر قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوولاو بگرە لەسەر ئابوری توركیاش دەبێت."
تارا شوان، دەربارەی بەدیل بۆ جێگرەوەی كاڵای توركی، گووتیشی" بەشێكی بەرچاوی دانیشتوانی كوردستان پێیانوایە ئەمڕۆ شەڕی ئابوری توركیا دەكەن و دەیانەوێت سزای ئابوری ئەو وڵاتە بدەن، بۆیە گرفتیان لەگەڵ كاڵای وڵاتانی دیكە نیەو هەموو بەرهەمەكانی دیكە، بەتایبەتیش بەرهەمە ناوخۆییەكان جێگرەوەی كاڵای توركی دەبن، بۆیە ئەگەر بایكۆتكردن بەردەوامی هەبێت زیانی زۆر بە ئابوری توركیا دەكەوێت و لەوانەشە لەكاتی پەنابردن بۆ بەكارهێنانی بەرهەمی وڵاتانی دیكە، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش زیانیان پێبگات.

زۆرترین بینراو