با ناڕەزایەتی خەڵك دوربخرێتەوە لەئەجیندای سیاسی

وەیسی سەعید وەیسی
خۆپیشاندان مافێكی دەستووری و یاسایی و ئاسایی و سروشتی هاووڵاتییانە، لە كاتی هەبوونی هەر گلەیی و گازاندەیەك بە شێوازێكی شارستانی و بەپێی یاسای ژمارە(11)ی رێكخستنی خۆپیشاندان لەهەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2010) گردبوونەوەی گشتی بەمەبەستی خۆپیشاندان. یان مانگرتن یاخود پەناگیری بكەن و بۆ داوای مافی خۆیان، پێویستەشە رێز لە داواكانیان بگیرێت، چونكە خۆپیشاندن بۆ داكۆكی كردن لەخواستەكانیان مافێكی سروشتی هاووڵاتییانە، بەڵام ئەم شێوازەی كە بەداخەوەلە كوردستان بەدی دەكرێ، كە باروگوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەی فەرمانبەران، بۆئەجیندای سیاسی و كاری توندوتیژی و تێكدان و سووتانی دامەزراوەكان و زیان گەیاندن بەشوێنەگشتیەكان بەكاردەهێندرێت، ئەوەش مایەی سەرنج و تێڕامانە چونكە ئەمەیان نەك هەر خۆپیشاندان نییە، بەڵكو ئاشكرایە كە ئاژاوە و نانەوەی دووبەرەكییە لە نێوان خەڵكی كوردستان، كە سەر ئەنجامێكی خراپی لێ دەكەوێتەوە و نیشتیمان بەرەو سووتاندن و تێكدان دەبات، لە م نێوانەشدا هاودی خەڵكە زەرەرمەندی یەكەم دەبێت، گرینگە هاووڵاتییان هەست بەم راستییە بكەن، ئەوەی لە كوردستان بەدەست هاتووە، دەرئەنجامی خوێن و فرمێسك و خەبات و تێكۆشانی سەدەیەكی گەلی كوردستانە. ناكرێت بۆ بەرژەوەندی و مەرامی هەندێ لایەن و كەسی بەرژەوەندخواز هەوڵی تێكدانی بدرێت.
راستە هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی سەختی ئابووری دایە. بەڵام دەبێت ئەم راستیەش بزانین ئەم بارودۆخە نەخوازراوە لە دەرەوەی خواست و ویستی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. چونكە داهاتی نەوتی عێراق بە رێژەیەكی زۆر دابەزیوە و كورتهێنانێكی زۆر گەورە لە نێوان داهات و خەرجییەكانی حكومەتی فێدرالیدرا دروست بووە، لەگەڵ درێژەكێشانی پەتای كۆرۆنا، هەر چەند لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەوە، لەلایەن حكومەتەوە هەموو هەوڵێك خرایەروو، بۆ ئەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەم قەیرانە، لە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان دروست نەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەم قەیرانە داراییە كە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، زۆر لە توانا داراییەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەورەتر بوو ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئاستەنگە كانیشدا، هەوڵی بەردەوام لە ئارادایە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و چاكتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.
بەدڵنیایەوە ڕۆژە سەختەكان تێپەڕێنین و بەرەو دۆخێكی لە بارتردا هەنگاو دەنێن، بۆیە گرنگە كوردستانیان لەئاست هەستیاری قۆناغەكەدابن رێگری لەو هەوڵانە بگرن لە ژێر داوای چارەسەری كێشەی مووچە و خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان هەوڵی تێكدانی رەوشی ئارام و سەقامگیری كوردستان دەدەن، چونكە قەوارەی هەرێمی كوردستان، موڵكی هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵكوهی هەموو خەڵكی كوردستانە بەبێ جیاوازی ئایین و زمان.
بۆیەش گرنگە كوردستانیان وەك ڕابردوو، بەرپرسانەتر لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارە مامەڵە بكەن و رێگری لە هەر هەوڵێكی ئاژاوە گێڕی بگرن و رێگە نەدەن داوای مافەكانیان بە ئاراستەیەكی تر ببردرێت و تێكەڵی كێشەو ململانێ هەندێ لایەنی تازە دروستبووی نابەرپرس بكرێت، كە هیچ رێز و سەنگێكیان بۆ خەباتی نەپساوەی گەلی كوردستان نییە، پشت بەخوای گەورە ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت، ڕۆژگاری تاڵترمان بەرێكردوون بۆیەش با ئاشتی و ئارامی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت و نیشتمان با خواستی هەموو لایەكمان بێت.

زۆرترین بینراو