برەو كوردستانێكی بەهێز

برەو كوردستانێكی بەهێز

ئیسماعیل ئیبراهیم

قۆناغەكانی بنیادنانی كوردستانێكی بەهێز دەستی پێكردووە، كارا كردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كە چەترێك بێت بۆ هەموو كوردستانیان، پەیوەندی بەهێزی دیپلۆماسی ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانی، پڕۆژەی زەبەلاحی ئابووری نێودەوڵەتی، هێزێكی یەكخراوی پێشمەرگە، گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان، چارەسەری ریشەیی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە ناوچە دابرێندراوەكانیشەوە.
حكومەتێكیش كە پڕ بێت لە شكۆ، هەیبەت، شەفافییەت، دادپەروەری، دامەزراوەیی، سەروەری یاسا، هەروەها خاڵی بێت لە چەتە، پیاو كوژ، دز و خائین.
ئەم هەنگاوانەش بە پیاوی گەورەی دیپلۆماسی دوور بین و ژیر و مەند دەهاوژرێن، بۆیە هەرچی كۆسپ و كێشە بێتە رێگەیان رایدەماڵن، هەر وەك لە رابردوو رایانماڵی، خۆیان بە وەڵام دانەوەی بیر كوێران و زمان شڕان سەرقاڵ ناكەن، كاروانی پیاوانی مەزن بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەكە زۆر گەورەترە و پڕ بایەخترە لە خۆ سەرقاڵ كردن بە چەند كەسێك بیركۆڵ.
سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ئەو پێشوازییە فەرمییەی لێكرا، كردنەوەی دەریچەیەكی مەزنی دیپلۆماسی بوو، بۆ چارەسەر كردنی هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا بوونیان هەیە، كاردانەوە ئەرێنییەكانی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم لە لایەن وەڵاتانی ناوچە و هەرێمی و جیهانی ئاماژەی زەقن بۆ بنیاد نانی كوردستانێكی بەهێز لە هەموو روویەكەوە.
لە لایەكی دیكە سەردانی سەرۆك بۆ توركیا وەك یەكەم وێستگەی گەشتی دیپلۆماسی بۆ دەرەوەی وەڵات و پێشوازی لێكردنی لە لایەن سەرۆك كۆماری توركیا وەك مێوانێكی تایبەت لە كۆشكی كۆماری توركیا، چەندین رەهەندی سیاسی و ئابووری هەیە، كە دەشێ لە هەموویان دیارتر باشتر كردنی پەیوەندی نێوانیان بێت لە رووی سیاسییەوە، هەروەها بەهێزتركردن و قووڵتر كردنی كاری بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا.
لە هەموو جیهان گەشەی وڵات و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بەندە بە چەند بوارێكەوە كە گرنگترینیان ئیستقراری سیاسی ناوخۆیی و دۆخی ئابوورییە و ئاسایشە.
ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت لە ماوەیەكی كورت مەودا، بناغەی پەتەوكردنی ئیستقراری سیاسی لە ناو خۆیی هەرێمی كوردستان و بەغدا و درواسییەكانیش نراوە، هەنگاویش بەرەو وڵاتانی دوورتر دەهاوێژرێت، ئەمە واتای چەند ساڵی داهاتووی خۆشگوزەران و دابینكردنی ئاسایشی بەهێزە بۆ كوردستان.
بێ گومان دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، لە لایەن رێزدار مەسروور بارزانی، هەنگاوەكانی چاكسازی و بە دامەزراوەیی كردنی حكومەت دەست پێ دەكات، ئەو هەنگاوانەی كە ئومێدێكی زۆری لەسەر هەلچێندراوە، بێ گومان ئەم دوو سەركردە گەنجە لە حكومەت و لە سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانن لەمپەرەكان وەلا بنێن و پێكەوە بە هاوشانی یەكتر لە گەڵ باقی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نیشتمان بەرەو كناری ئامتر برن.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو