بنـەماكانی ئاشـتەوایـی

پارێزەر: میرخان عومەر

گومانی تێدا نییە كە هەموو تاوانێك زیانێكی لێدەكەوێتەوە ، جا ئەو زیانە گشتی بێت یاخود تایبەتی بێت ، ئەگەر زیانێكی گشتی لێكەوتەوە ئەوا دەسەڵاتی گشتی ڕێی پێدراوە لە بڕی دەستەی كۆمەلایەتی داخوازینامە پێشكەش بكات و داوا لە دادگاش بكات كە سزای تاوانبار بدات ، هەروەها ئەم مافەش ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی داوایەكی سزاییەوە دەبێت چونكە داوای كۆمەڵ لە دژی تاوانبار ئەوا داواكاری گشتی نوێنەرایەتی دەكات ، بەڵام داواكاری گشتی بۆی نیە دەستبەرداری بێت یاخود لێی خۆشبێت یاخود گرێبەستی ئاشتەوایی لەگەڵ تاوانبار دا ئەنجام بدات لەسەر تاونێك كە بەرامبەر كۆمەڵ كرابێت، لە حالەتێكدا كە ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەر لە دژی تاوانبار بەردەستدا بوون ئەوا داواكاری گشتی تەنها بۆی هەیە داوای شەرمەزار كردن و سەپاندنی سزا بكات بۆ تاوانبار.
لە كاتێكدا ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەر نەبوون یاخود بەڵگەی تەواو لە دژی تاوانبار لەبەر دەست دانەبوون ئەوا داواكاری گشتی بۆی هەیە داوای پاكانە یاخود ئازاد كردن بۆ تاوانبار بكات.
بەڵام ئەگەر هاتوو تاوانێك زیانی تایبەتی لێكەوتەوە و كەسێك بە هۆیەوە زیانی بەربكەوێت ئەوا لە حالەتەدا بەپێی ئەو مەرجانەی كە لە یاسایی عێراقید دەق نووسكراون ئەو كەسە بۆی هەیە دەستبەرداری مافی خۆی بێت و گرێبەستی ئاشتەوایی لەگەڵ تاوانباردا ئەنجام بدات ئینجا بە ئاگاداری دادوەر یاخود دادگا بێت یاخود بێ ئاگاداری دادوەر یاخود دادگا بێت،
مــەبەســــت چیە لە ئاشتەوایی:
لە یاسای عێراقیدا پێناسەیەكی دیاری كراو نییە بۆ ئاشتەوایی ، بەڵام دەتوانین بلێین ئاشتەوایی هاتنە ئاراوەی پێكهاتنی نێوان تاوانبارو تاوانلێكراوە یاخود كەسی زیان لێكەوتوو بە دەستبەرداربوون (التنازل) لەو مافە مەدەنی و سزاییانەی كە پێشتر لە داوایەكی سزاییدا پێی هەستاوە لە دژی تاوانبار و لەبەردەم دادوەر یاخود دادگادا ،ئەگەر تاوانەكەش بەپێی یاسا سزاكەی لە ساڵێك یاخود كەمتر یاخود زیاتر بوو یاخود تاوانەكە لە تاوانەكانی هەڕەشەو ئازار پێگەیاندن و فەوتاندنی كەلوپەل یاخود لە ناوبردن و تێكدانی كەلوپەل بوو بە ڕەزامەندی دادوەر یاخود دادگا یا بەبێ ڕەزامەندی ئەوان بێت ئەو ئاشتەواییەش لەبەرامبەر وە دەستهێنان و وەرگرتنی مافی مادی یاخود معنوی دەبێت واتە تاوانبار قەرەبووی تاوانلێكراو دەكاتەوە ، یاخود ئاشتبوونەوەكە لە پێناوی مرۆڤایەتی یاخود كۆمەلایەتی بێت یاخود كارپێكردنی تاونبار یاخود ڕاگرتن و قەدەغە كردنی تاوانبار بێت لە كاركردن یاخود هەر پێكهاتنێكی شەرعی یاخود یاسایی دیكە بێت ، بەم جۆرە دەبینین كە یاسایی بنەمای دادگاییە سزاییەكان(قانون اصول المحاكمات الجزائیە) ڕێگا بە زیانلێكەوتوو و تاونلێكراو دەدات كە لەگەڵ تاوانبار پێكبێن و ئاشت ببنەوە و دەست لە داواكە هەڵبگرێت.
ئەو مافەی كە دراوە بە تاوانلێكراو و زیانلێكەوتوو لە كاتی ئاشتەواییداو لە ڕێگەی پێشكەشكردنی داوایەكی گشتی دژی تاوانبار ئەوا تەنها دەست هەلگرتنی كۆمەلە لە مافەكەی خۆی ئەویش لە پێناو پاراستنی شكۆمەندی تاونلێكراو و پاككردنەوەی دلەكان و پەراوێز خستن و نەهێشتنی ئەنجامدانی تاوان و دەمەقاڵێ و كۆتایی هێنان بە دركاندنی نهێنیەكانی نێوانیان.
ئەگەر داواكە لە قۆناغی لێكۆلینەوە دابێت ئەوا ئاشتبوونەوەكە بە بڕیاری دادوەری لێكۆلینەوە ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت، هەروەها ئەمە بە بڕیاری دادگای تایبەتمەندیش دەكرێت ئەگەر داواكە بۆ لای ئەو حەواڵە كرابێت.
بەلام ئەو پێكهاتن و ئاشتبوونەوەی كە لە دەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێت بە پێویست دەزاندرێت كە هەموو ئەوانەی پەیوەندیان بە كێشەكەوە هەیە بە فەرمی لەبەردەمی دادوەر یاخود دادگا ئامادەبن و لەبەردەمیاندا پشتیوانی و لایەنگیری خۆیان بۆ ئاشتەواییەكە پیشان بدەن بۆ ئەوەی كۆتایی بە داوایەكە بێت، هەروەها بۆ دروستی پێكهاتن و ئاشتبوونەوەكەش بەمەرج گیراوە دەبێ هەردووڵا لە ڕووی یاساییەوە ئەقڵ و تەمەنیان شیاو بێت واتە 18 ساڵیان تەواو كردبێت لەكاتێكدا ئەگەر تاوانلێكراو یاخود زیانلێكەوتوو منداڵ بوو یاخود پێنەگەیشتووبوو پێویستە داوا لەو كەسە بكرێت كە كراوەتە پێسپێر یاخود ئەو كەسەی بە پێی یاسا دەتوانێت لە جیاتی بە ئاشتەواییەكە هەلبستێت.
بۆ ئەوەش دادگای پێداچوونەوەی عێراقی فەرمانی داوە ( ئەگەر تاوانلێكراو منداڵ بوو ئەوا پێكهاتن و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەو كەسە دەكرێت كە لەمبارەوە شیاوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەلیدا.)
وە لە كۆتایدا پێویستە ئاشتەوایی بە پێی مەرجە یاسایی و شەرعیەكان بێت واتە نابێت پێچەوانەی دابوو نەریتی گشتی و سیستەمی گشتی بێت، چونكە هەرگیز ئاشتەوایی و ڕێكەوتن لەسەر كارێك ناكرێت پێچەوانەی سیستەمی گشتی و دابوونەریت بێت.!!
بەم شێوەیە ئاشتەوایی سەروەری حوكمەكانە لە هەموو سەردەمێكدا بۆیە ئەگەر پەنای بۆ ببرێ وبە پێی مەرجەكان كاری پێبكرێت ئەوا زۆربەی كێشەكان لە نێوان تاوانبارو تاوانلێكراو چارەسەر دەكات و كۆمەڵگا بەرەو هێوری و سەقامگیربوون دەبات و دەمەقاڵێ و تۆلە سەندنەوە و تاوان كەمدەكاتەوە.!!

زۆرترین بینراو