بۆچوونی مامۆستایان لەسەر كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان

بۆچوونی مامۆستایان لەسەر كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان

بۆقسەكردن لەسەر چۆنیەتی دەست پێكردنەوەی ساڵی تازەی خوێندن،لەم راپۆتەدا زاری كرمانجی بۆچوونی مامۆستایان وشارەزایانی وەرگرتووە.
راپۆرت : محەممەد مەحموود – زاری كرمانجی
لەسەرەتادا رەمەزان عەبدولڕەحمان وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی گووتی " لە ‌گە‌ڵ كردنە‌وە‌ی دە‌رگای قوتابخانە‌كانم بە‌رووی قوتابییان،پێویستە‌ دە‌رگای قوتابخانە‌كان بكرێتە‌وە‌ و هە‌وڵ بدرێت خولی یە‌كە‌م، بابە‌تە‌ لاوە‌كییە‌كان نە‌خوێندرێت و پشووە‌كان كە‌مبكرێتە‌وە‌ و بۆ ئە‌وە‌ی رێژە‌ی بە‌ر‌كە‌وتن و قە‌رە‌باڵغی لە ناوپۆل و قوتابخانەو دە‌وام كە‌متر ببێتە‌وە‌.
مامۆستا سەفین ساڵح، لەسەر هەمان بابەت بەم جۆرە سەرنجەكانی خۆی خستەڕوو" هەروەك دیار و روونە كەرتی پەروەردە بناغەی پێگەیاندن و فێركردن و پەروەردەكردن و تێگەیاندنی تاكە، واتا بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیریەت و تاك پاڕێزی و تەندروستی و خۆپارێزی بناغەی گرنگن، كە قوتابخانە دەرگایان لێ دەكاتەوە بەرووی كۆمەڵگە.
مامۆستا سەفین دەشڵێت"خێزانی قوتابخانە، كە مامۆستا و قوتابی و فەرمانبەرانن دەبێ زۆر بە تەندروستیانەوە رەفتاربكەن و رەنگدانەوەی راستەوخۆی تەندروستیان هەبێت جا چ بەكردار بێ وەك بەكار هێنانی ماسك و دەستەوانە و ماددە پاككەرەوەكان چ بە گفتار بێ، ئەگەر مامەڵە و هەنگاوەكانیان وابێ، ئیتر من پێم باشە ساڵی نوێی خوێندن دوانەخرێت و دەست پێ بكات ، بە مەرجی تەواوی جێبەجێكردنی ڕێنمایی تەندروستی و خۆپارێزی وە هەر مامۆستا و قوتابیەكیش ببێتە ڕێبەر و ڕێنیشاندەر و ڕێنمایی كاری تەندروستی بۆ خۆیی و هاوڕێ و هاوپۆل و ماڵەوەیان بۆ دووركەوتنەوە و تووش نەبوون بەم پەتا سەردەمییە تا هەموو كۆمەڵگە سەلامەت و تەندروست بن و جوڵە و خوێندن و گوزەران و ژین پەكی نەكەوێت و توشی پچڕبوون و دووركەوتنەوە نەبێت.
مامۆستا رێبوار عەبدوڵڵا،بەشداربووێكی تری ئەم راپۆرتەبوو گووتی" بەبۆچوونی من دەرگای قوتابخانەكان لەكاتی خۆی بكرێنەوە وەك ساڵانی پێشوو، بەمەرجی جێ بەجێ كردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان.بەڵام دەبێت بودجەیەكی تایبەتیش تەرخان بكرێت بۆ دابێن كردنی پێداویستیە خۆپارێزییەكانی وەك ماددەی پاككەرەوەو و دەمامك، بۆگشت قوتابخانەكان و شۆردن و خاوێن كردنەوەی قوتابخانەكان بەر لەدەست پێ كردنەوەی دەوام، وەبوونی هەماهەنگی و هاوكاری تەواو لەنێوان پەروەردەو وەزارەتی تەندروستی بۆبەردەوام پێدانی ڕێنمایی خۆپارێزی .
محەممەد تۆفیق بالیسانی، سەرپەرشتیار لە یەكەی سەرپەرشتیكردنی ئامادەیی و پیشەیی سەنتەری هەولێر بۆ زاری كرمانجی گووتی" بە ڕاشكاوانە دەتوانم بڵێم هەرچەندە پێشنیازەكان وەكو پێویست شوێنی خۆی ناگرێت، چونكە ئەو پێشنیازانەی لە ئەنجوومەنی وەزارەت گفتوگۆی لە سەر دەكرێت، لە كۆتایی خاڵەكانی پێشنیازەكانی ئەنجوومەن دەبێتە بڕیار، بەڵام پێویستە مرۆڤ لە هەر شوێنێك بێت رای خۆی بڵێت، وە مەبەستی بەرژەوەندی گشتی بێت و بیر لە بەرژەوەندی تایبەتی نەكاتەوە، بۆیە ئێمە دەبێت ئەوە بزانین ڤایرۆسی كۆرۆنا پێی گووتین من هەم، بۆیە ئێوە دەبێت خۆتان لە گەڵ من بگونجێنن، چونكە ناكرێت ژیان بوەستێت، بۆیە هەر چەند پەلە بكرێت و ئامادەكاری بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بكرێت هێشتا درەنگە، بە باش دەزانم دەرگای قوتابخانەكان لە كۆتایەكەی مانگی ئەیلول یان سەرەتایی مانگی تشرینی یەكەم بێت، ئەگەر بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان درەنگتر دەرگای قوتابخانە بكرێتەوە، زەرەرمەندی یەكەم قوتابی دەبێت، بەتایبەتی قوتابییانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی.ئەم سەرپەرشتیارە پێی باشبوو شێوازی كردنەوەی دەرگای قوتابخانە بەم شێوەیە بێت:
یەكەم: پێویستە مووچەی مامۆستایان هەموو مانگێك جارێك بدرێت و ناكرێت دوا بكەوێت، چونكە نەبوونی مووچە كاریگەریەكی خراپی لە سەر ژیانی مامۆستایان و وانەبێژان دەبێت، چونكە ئەو مامۆستا و وانەبێژانە ناتوانن وەكو پێویست ئەو ئەركەی لە سەر شانیەتی جێبەجێی بكات.
دووەم: پێشنیاز كراوە و باس لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە دەكەن هەفتەی سێ ڕۆژ بە سێ ڕۆژ ، یان بە ئۆنڵاین، هەرچەندە ئەو كەسانەی ئەو پێشنیازەیان كردووە بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، پێیان وایە هەڵبژاردنی ئەو ڕێگایە ناچارییە ، بەڵام من وایدەبینم كردنەوەی قوتابخانە بەم شێوەیە سەركەوتوو نابێت، بۆیە بەرای خۆم ژیان ئاسایی بكرێتەوە، وەكو ساڵانی پێشتر دەست بەدەوام بكرێتەوە، بەڵام پاككردنەوە و خاوێن كردنەوەی قوتابخانەكان بەردەوام بێت، هەروەكو باسم كرد كۆرۆنا مەترسی لە سەر ژیانی منداڵ نییە، بەڵام بابەتەكە مامۆستایە، دەبێت خۆی ڕابێنێت و خۆی بگونجێنێ خۆپارێزی بكات، لە هەمووی گرنگتر ترسی نەبێت.
سێیەم: رێكخستنی میلاكی قوتابخانەكان، پێویستە لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ ڕێكخستنی میلاكی قوتابخانەكان بكرێت، ناكرێت لە كاتی دەستپێكردنەوەی دەوام لیژنە پێك بێت بۆ گواستنەوەی مامۆستایان، پێشنیاز دەكەم بۆ ئەمساڵ كاتێك لیژنەی گواستنەوەی مامۆستایان پێك دێت بە تایبەتی لە نێوان پەروەردەیەك بۆ پەروەردەیەكی تر سەرۆكی لیژنە خودی وەزیری پەروردە بێت، تا لە نزیكەوە ئاگاداری شێوازی گواستنەوەی مامۆستایان بێت، وە مافی كەسێك لە سەركەسێكیتر گەورەتر نەكرێت و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت.
مامۆستا ئاسۆس شەهاب گووتی" بۆ دەستپێكردنەوە و كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پێم باشە لە 1ـ10ـ2020 دەوامی ئاسایی دەستپێبكاتەوە، بەڵام بە خۆپارێزی و دابینكردنی پێداویستیەكانی خۆپارێزی و دابینكردنی پەرتووكەكانی خوێندن بۆ ئەوەی قوتابی تووشی بەركەوتن نەبێ بۆ كاتی وانە خوێندن پێدانی مووچەی تەواو بۆ مامۆستایان لەكاتی خۆیدا زۆر پێویستە.
لەسەر دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن پڕۆژە پێشنیاری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ ساڵی تازەی خوێندن 2020-2021، خۆی لەم بەیاننامەیە چەند خاڵیە دەبینێتەوە.
یەكەم: دابینكردنی مووچە هەر30 رۆژ جارێك بەبێ لێبرین لەبەر ئەوەی هۆكارێكی بنەرەتیە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام بە پێی پێویست.
دووەم: ژینگەی ناوەندی خوێندن :بۆ پاراستنی سەلامەتی قوتابییان و خوێندكاران و مامۆستایان و دەستپێكردنەوەی كۆرسەكانی خوێندن،ناوەندەكانی خوێندن‌ تەواو پاك بكرێنەوە و پاشان دەرمانرێژ بكرێن.،سەرجەم پۆلەكانی خوێندن و ژوورەكانی مامۆستایان و بەڕێوبەر بە شێوەیەك رێكبخرێنەوە كە تێیدا رەچاوی دووری پێویست لە یەكتر بكرێت و ماوەی دیاریكراو رەچاوبكرێت,رەنگە سەبارەت بە پۆلەكانی خوێندن ئەوە قورس بێت بەهۆی زۆری ژمارەیان ,دەكرێت هۆبەكان زیاد بكرێن یان بكرێن بە دوو دەوامەوە.،پێویستە هۆیەكانی خۆپارێزی وەك ماسك و پەنجەوانە و جەلی پاكژ كەرەوە فەراهەم بكرێت ، دەبێت هۆیەكانی دیاریكردنی نەخۆشی وچارەسەركردنی سەرەتای وەك گەرمی پێو و داو دەرمان كەسێكی شارەزا لە ناو ناوەندەكانی خوێندن هەبێت.
سێیەم: پێداچونەوە بە پڕۆگرامەكان : لەژێر رۆشنای ئەو راستیەی ئێمە لەسەرو بەندێكی هەستیارداین دەكرێت هەندێك گۆرانكاری هەنوكەیی لە پڕۆگرامەكان بكرێت لەوانەش: چركردنەوەی ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكان لەسەر بابەتە سەرەكی و گرنگەكان، لابردنی تێكرای ئەو چالاكیانەی كە كاریگەریان لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكان نییە و هۆكارێكیش نییە بۆ خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە یەكتر وەك ریزكردنی بەیانییان و چالاكیە وەرزشیەكانی بە كۆمەڵ ، بایەخدانی زیاتر بە ئەركی ماڵەوە بەو هەژمارەی لە ماڵەوە كەمتر بەریەكەوتن هەیە و كاتی زیاتریش لە بەر دەستدایە
چوارەم: هەمواركردنەوەی خشتەی وانەكان لەو بارەیەوە دەكرێت:كاتژمێرەكانی خوێندن كەم بكرێنەوە بە گۆڕانكاری لە خشتەی وانەكان، درێژكردنەوەی كۆڕسەكانی خوێندن بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە دەستكاری كردن خشتەی وانەكان دێتەكایەوە.،پەرەپێدان بە پەیوەندیەكانی مامۆستایان و قوتابییان و خوێندكاران لە كاتی پشوەكان لە رێگای سۆشیال میدیاوە و هۆكارەكانیتری ئەلیكترۆنی یان هەر هۆكارێكیتری بەردەست، دەكرێت سیستەمێكی تێكەڵ پەیڕەوبكرێت بە شێوەیەك ئەوەندەی لە ناو پۆلەكان دەخوێندرێت بۆ تەواوكاری ئەوەوەندەی تر لە دەرەوە لە ڕێگای فێركردنی ئەلیكترۆنی و ئۆنڵاین پەیرەو بكرێت , بۆ نموونە ئەگەر هۆبەیەك 40 خوێندكاری تێدابێت دەكرێت بكرێتە دوو بەش20 قوتابییان شەممە و یەكشەممە و دووشەممە لە ناو پۆلەكان دەوام بكەن 20 كەیتر لە ماڵەوە لە ڕێگای وانەی ئەلیكترۆنی و ئۆنڵاینەوە بخوێنن , رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنچشەممە پێچەوانە بكرێتەوە.
پێنجەم: پەیڕەوكردنی پلانی خوێندنی تازە و شێوازەكانی هەڵسەنگاندن, لەو بارەیەوە زۆر گرنگە:وەزارەت و لایەنە ‌پەیوەندارەكان خولی شارەزابوون بە فێركردنی وانەی ئەلیكترۆنی و ئۆنڵاین بكەنەوە بە لای كەم بۆ هەر مامۆستایەك لە ناوەندەكانی خوێندن، ڕێگاكانی تازە لە وتنەوەی وانەكان بەكاربهێنرێت بە شێوەیەك پڕۆگرامەكان و بابەتەكانی فێربوون بگونجێت لەگەڵ رێگاكانی فێركردن بە ئەنتەرنێت و فێركردنی ئەلیكترۆنی و دورر لە(ئۆنڵاین) بەڵام دەبێت ئەوانە لەبەر چاو بگیرێت.
یەكەم:شارەزای مامۆستا.
دووەم:فەراهەمكردنی ئینتەرنێتی بەردەوام.
سێیەم:رەخساندنی هۆیەكان لە بابەتی موبایلی زیرەك و ئایپاد و لاپتۆپ.
چوارەم: دەبێت تێكەڵەیەك لە هەڵسەنگاندن پەیڕەو بكرێت، چونكە بە تەنها پشت بەستن بە هەڵسەنگاندنە كلاسیكیەكان زەحمەتە لەبەر ژمارە و نزیكبوونەوە لە یەكتر , بۆیە دەبێت بە شێكیش لە رێگای ئەلیكترۆنی یان ئۆنڵاینەوە بێت , بەڵام دەبێت رەچاوی بنەماكانی دادپەروەری و شەفافیەتی تەواو و پێدراوی راستەقینەی قوتابیان و خوێندكار برەخسێت.
شەشەم: پەیڕەوكردنی تەواوی بنەما نێودەوڵەتی و نیشتیمانیەكان بۆ لەناو بردنی پەتای كۆرۆنا , زۆر گرنگە بە هەموو شێوەیەك كاربكرێت بۆ: بە هەند وەرگرتنی هەموو ئەو لێكۆڵینەوە و توێژینەوانەی لەسەر ئەم پەتایە لە لایەن ناوەندە تەندروستیەكان و پزیشكە پسپۆرەكان كراوە,لەسەر ناسینەوەی ئەم ڤایرۆسە و كاریگەری لەسەر تەندروستی و شێوازەكانی خۆپارێزی و بەرگرتن لێی، هەوڵدان بە هەموو شێوەیەك بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتی بە تایبەت ژینگەی ناوەندەكانی خوێندن و دام و دەزگا پەروەردەیەكام.
حەوتەم: سود وەرگرتن لە شارەزایی و تاقیكردنەوەی رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان , دیارە بە تەنیا چەند دەزگایەك ناتوانێ روبەڕوی ئەم پەتایە ببێتەوە بۆیە گرنگە سود لە شارەزای رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان و دام و دەزگا تایبەتمەندەكان و رێكخراوەكانی مامۆستایان وەربگیرت.

زۆرترین بینراو