بۆچی بەشێك لە گەنجان پەنا بۆ درۆكردن دەبن

بۆچی بەشێك لە گەنجان پەنا بۆ درۆكردن دەبن

پشتیوان كەریم- سۆران: لە بارەی درۆكردنەوە پیرەمێردی شاعیر دەڵێ‌"درۆزن زانی درۆی سەر دەگرێ، پێی رادێ ئیتر شەرم نایگری". رەنگە ئێمە بە درۆكردن بتوانین ئەوەی بمانەوەێت بەدەستی بێنین، بەڵام بێ ئاگا لەوەی كە گرینگترین شت لە دەست دەدەین كە بەهاو سەنگ و كەسایەتی خۆمانە.
خەڵات زرار قوتابی پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەكان بە دووری نازانێ ئەوانەی بەردەوام پەنا بۆ درۆكردن دەبن لە ئایندە تووشی نەخۆشی دەروونی ببن، دەڵێ‌"د.محمد راتب نابلوسی پێناسەی درۆكردنی بەو شێوەیە كردووە: (درۆكردن بریتیە لە گۆڕینی بەشێك لە راستیەكان یان هەموویان ... یانیش دروستكردنی روداوی تازە بەمەبەستی هەڵخەڵەتاندن بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو، چ ماددی بیت یان دەروونی یان كۆمەڵایەتی ئەمیش بە پێچەوانەی راستگۆییە). درۆكردن رەفتارێكی حەرامكراوە لە زۆربەی ئاینەكان. دوور نییە درۆكردن لە رەفتارێكی ناشرین ببێت بە نەخۆشی دەروونی، درۆكردن شێوازی زۆرە، دەكرێ لە بچوكترین تاوان وەكو قۆپیەكردن یان چەواشەكاری تەنانەت لە میدیاو راگەیاندنەكان هەبێت، زۆرجاریش وەك پیشەی دیپلۆماتی دەبینرێت، ئەوەی لە هەمووشیان مەترسیدار ترە درۆكردن لە ناو گەنجانە، كە داینەمیكی كۆمەڵگان و ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە كایەكانی ژیاندا"، خەڵات ئەوەش دەڵێ‌"پەروەردەی كۆمەڵایەتی رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە بنیاتنانی تاكێكی ساغ و دوور لە ئاكارە نا شایستەكان، بەجۆرێك دایكان و باوكان پێویستە ئاگاداری منداڵەكانیان بن، كە پەنا نەبەنە بەر درۆكردن، بەتایبەت كاتێك منداڵەكانیان هەڵەیەك دەكەن، سزایەكی وای نەدەن كە ترسێكی زۆری لا دروست بكات و جارێكی تر نەتوانێ دان بە هەڵەی خۆی دابنێ و پەنا بباتە بەر درۆكردن، كە ئەمە دەبێتە سیفەتێكی دانەبڕاو لە تایبەتمەندی كەسەكەو دواجار كۆمەڵگا پڕ دەبێت لە كەسانی دەروون نەخۆش و ئاڵۆدەبوو بە درۆ، درۆكردن كردەیەكی ناشرینە لە ناو كوردیشا بە یەكێ لە كردە ناشیرنەكان دا ئەنێرێت بۆیە پیرەمێردی شاعیر دەڵێت : (درۆزن زانی درۆی سەر دەگرێ پێی ڕادێ ئیتر شەرم نایگرێ)"،
خەڵات باس لە مانگی نیسان دەكات كە لەو مانگەدا بەشێك لە هاوڵاتیان هەڵدەستن بە درۆكردن و دەڵێ‌"یەكی نیسانی هەموو ساڵێك بە رۆژی درۆكردن ناسراوەو هاوڵاتیان بە شانازییەوە ئەو رۆژە تا هێزیان هەیە درۆ دەكەن و دواتریش دەڵێن درۆی نیسانە، ئەمە چ نیسانێكە دڵی مرۆڤەكانی بەرامبەرت تەنگ بكەیت بۆ خۆشییەكی خۆت ؟ هەر لە سەر درۆكـردن ئیبنو تەیمییە دەڵێت : (درۆكردن روكنێكە لەروكنەكانی (كوفر)"، هەروەها دەڵێت"خوای گەورە كە لەقورئان باسی نیفاق دەكات یەكسەر لەگەڵ ئەو وشەیەدا باسی درۆ دەكات بەهەمان شێوە گەر باسی درۆ بكات لەگەڵ ئەم وشەیەدا باسی نیفاق دەكات وەك دەفەرمووێت :(وەیل و تیاچوون و فەوتان بۆ ئەو كەسەی كەوا قسە دەكات و درۆ دەكات بۆ ئەوەی خەڵكی پێی پێبكەنن، وەیل و تیاچوون و فەوتان بۆ ئەو كەسە، وەیل و تیاچوون و فەوتان بۆ ئەو كەسە ). جا ئەگەر درۆ بەشێوەی سوعبەت یان راستیی بكرێت یان بۆ فێڵ یان بۆ ئەنجامدانی كارێك بكرێت، ئەوا لقێكی دوو روویی یە".
خەڵات ئەوەشی گووت"چەندین فەرموودە هەیە فێری راستگۆیمان دەكات، بەڵام پێغەمبەر وتوویەتی:(ئەو كەسە بە درۆزن دانانێم، ئەگەر لە سێ شت درۆ بكات، ئاشتكردنەوەی خەڵكی و ئەوەی لە جەنگدا درۆ ئەكات، هەروەها ژن و پیاو لەگەڵ یەكتر درۆ بكەن) . باسی دوووەم التقیە: وشەی (التقیە) بەمانای خۆپارستن دێت. پڕەنسیپی التقیە لە ئیسلامدا ئەوەیە موسلمان بەدەم دەرۆ بكات بۆ ئەوەی خۆی یان موسڵمانان بپارێزێت لە زەرەر. ئەم پرنسیپە موسڵمان ئازاد دەكات لەوەی درۆ بكات لە هەر بارودۆخێك كە خۆی پێێ وایە ژیانی لە مەترسیدایە، بۆی هەیە بەدەم كوفر بكات و بەدڵ ئیماندار بیت. ئەم پرنسیپە لەسەر ئەم ئایەتە دامەزراوە٭ئایە درۆی مەسلەحەت لەئیسلام هەیە، موسڵمانی راستگۆ هەمیشە درۆ ناكات بەڵكو هەر تاوانێك بكات نابێت درۆ بكات بەتایبەتی ئەگەر درۆ كردن لەبەر خودی خۆی بێت چونكە خوای گەورە فەرمان بە موسڵمانان دەكات بە راستگۆیەتی: بەڵام ئەگەر درۆ كردن بۆ اصلاح بوو لە نێوان دووكەسدا بوو ڕێگەی پێ دراوە وەك پێغەمبەری درودی خودای لەسەر بێت دەفەرموێ : مرۆڤ مەبەستی چاكسازی و اصلاح بێت لە نێوان خەڵكدا و و بڵێت فلانە كەس بە باشی باسی تۆی كردووەو دوعای خێرت بۆ دەكات، ئەوە دروستە با واش نەبێت، جا ئەم درۆیە پێی دەوترێت درۆی اسلاح نەك مەسلەحەت بە مانای ئینسان بۆ مەسلەحەتی خۆی درۆ بكات وەكو خەڵكی نەزان تەفسیری دەكەن. لە كۆتایدا درۆكردن وەك لە كوردەواری دوو جۆری باوی هەیە درۆی رەش و سپی، باشتر وایە خۆمان بەدوور بگرین لە درۆ جا بەهەر پاساوێك بێت".
مستەفا شاكر قوتابی پەیمانگا لەم بارەیەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی"درۆی باق و بریقەدار زیاتر بۆ هەڵگوتن بەخۆیان و یاخود كردن بە پێوەرێك بۆ بەدەست هێنانی ئەو شتەی كە دەیانەوێت یاخود زاڵبوون بەسەر ئەو كەسەی لە بەرامبەریەتی زیاتر بەكاردێت، درۆی مەسلاحەتیش بەكاردێ بۆ گونجاندنی ئەو شتانەی كەبۆی بەكاردێنن و دەیانەوێ خۆیان لەو بارودۆخە رزگار بكەن، یاخود بۆ بەرژەوەندی بەكاردێنن یاخود بۆ بەرهەڵستی لە شتێك كە رەنگە زیانی پێ بگات و كێشەی بۆ دروست بێت، ئەمەش وا دەكا درۆی مەسلاحەت بەكاربێنن زیاتر لەو كاتانە بەكاردێ كە بە نەكردنی درۆ ببێتە هۆی كێشە بۆ كەسی دووەم یاخود بۆ كەسی سێیەم گەنجان بە ڕێژەیەكی زۆر پەنا بۆ درۆ كردن دەبەن و ڕاهاتوون كە بە درۆ كردن ئەگەری بەدەست هێنانی شت زۆر دەبێت، ئەمەش وای كردوە پەنا بۆ درۆ كردن ببات تاكو ئەو ئامانجە بپێكێت كە مەبەستیەتی هۆكاری گشتی ئاڵودەبوونی گەنجان دەگەرێتەوە سەر ئەوەی كە ژیان وای لێكردون كە ئاڵودەبن بە شتێك كە ڕێگا ئاسان دەكا بۆ پێكانی ئامانج و یاخود هەڵخەڵەتاندن و لەخشتە بردنی كەسی دووەم، بۆیە ئاڵودەی درۆ كردن بوونە، بێگومان دەیزانن و دڵنیاشن لەوەی كە لە شەریعەتی ئیسلام قەدەغەیە و یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكان، بەڵام خۆیان لەو شتە لا دەدەن، چونكە وا راهاتوون بەم جۆرە بژین و ئاڵودەبوونە ناتوانن تەركی بكەن و لێی دور بكەونەوە".
محەممەد ئەحمەد مامۆستای ئاینی لەم بارەی درۆ كردن بۆ زاری كرمانجی گووتی"درۆ زیانی زۆرە، هەم لە دونیا و لە دوارۆژ دا، پێویستە خۆ بپارێزن لە درۆ، خوای گەورەش نەعلەتی لە درۆزن كردووە و لە دوا رۆژدا سزای خۆی وەردەگرێت لە دۆزەخ، هەر مسوڵمانێك گەر درۆ بكات و تەوبە نەكات بە موسلمان داناندرێت، هەر نانێكیشی بە درۆ پەیدا كردبێ، حەڕام و ناڕەوایەو هەموو چاكەكانی لە دەست دەدات لە دواڕۆژدا، هەروەها سزای دونیاشی لە سەرە كە ئەمانەن، سوك ئەبێت لە پێش چاوی خەڵك و باوەڕی خۆی لە دەست دەدات و گەر شتێكی ڕاستیش بڵێت كەس پێی باوەڕ ناكات، كەسی درۆزن زۆر شتی لە دونییا لە دەست دەدات وە درۆ تەمەنی كورتە زوو ئاشكرا دەبێت و تەنها پەشێمان بوونەوەو شەرمەزاری لە دوایە"، ئەو مامۆستا ئاینی یە درۆ كردن بۆ دوو جۆر دابەش دەكات و دەڵێ‌"دوو جۆر درۆ هەیە، درۆی بەلاش ئەوا تاوانی گەورەیە، و درۆی مەسڵەحەتیش ئەوا خێرێكی گەورەیە، كە درۆ بكەیت چونكە كەسێك بكوژێت یاخود لێی بدات یا ماڵی ببات ئەوا پێی دەگوترێت درۆی مەسلەحەتیش، كەسێك رزگار بكەیت لە كوشتن، درۆ بە گاڵتەش بكەیت هەر درۆییە، بەڵام منداڵ تاوانی نییە".
مامۆستای ناوبراو لە دوا قسەكانی خۆیدا بۆ زاری كرمانجی دەڵێ‌"پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێ فەرموویەتی: (خۆتان بپارێزن لە درۆ، چونكە درۆ ئەتانبات بۆ تاوان و خراپەكاری كە یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكانەو ئەتانبات بۆ ئاگری دۆزەخ".

 

زۆرترین بینراو