بۆچی بەكارهێنەری كورد لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هاك دەكرێ؟

بۆچی بەكارهێنەری كورد لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هاك دەكرێ؟

دیمانە: زاری كرمانجی- هەولێر: لەم سەردەمەدا تاك و تەرا خەڵك هەیە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەكار نەهێنێت، هەموو دەزگاكانی مێدیا، كۆمپانیاكان، حزب و دام و دەستگاكان، كاربەدەستان و بەرپرسی باڵای وڵاتان، لەرێگای ئەم تۆڕە بەرفراوانە بەشداری كارایان هەیە، رۆژانە لەو تۆڕە بەرفراوانە دەبینین و گوێبیستی ئەوە دەبین كە فڵان كەس، بەرپرس، دەزگا، سایت، پێگە، ئەكاونت، هاككراوە..
هاك ئەو مۆتەكەیەی كە هەموو بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی لێی دەترسن.. بۆ قسەكردن لەسەر خۆپاراستن لەسەر هاك و چۆنیەتی دانانی سیستمێكی پارێزراو بۆ خۆپاراستن لەم هێرشانی سەر تۆڕی كۆمەڵایەتی لە دزینیان، چەند پرسیارێكمان رووبەرووی محەمەد پشتیوان، شارەزا و گەشەپێدەری بواری ئای تی و بەرنامە تایبەتییەكانی خۆپاراستن لە هاككردن كردەوە و چەند ساڵێكە بووەتە فریادڕەسی ئەو كەسانەی هاككراون و هاكی وای پوچەڵكردۆتەوە، ئەگەر زانیارییەكانی بڵاو بكرابانەتەوە، بەكارهێنەرەكە دەكوژرا..
* سەرەتا هاككردن چییە و چۆن و بە چ رێگایەك بەكارهێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتی هاك دەكرێ؟
- هاك بەواتای ئەوە دێت كە هێرشێكی رەش بۆ سەر پێگە و ئەكاونتەكەت ئەنجام دەدرێت، كە لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەكاونت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە، ئەویش بە چەند رێگایەك بەكارهێنەر تێیدا هاك دەكرێ، واتا پێگەكەی دەدزرێ و دواتر لەلایەن كەسی بەرانبەرەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دەهێندرێت، ئەوانیش ئەمانەن.
یەكەم: پەڕەی ساختە، لە رێگای چەندین سایتی هاكینگ دروستدەكرێت، كە پەڕەیەكە هەمان شێوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەتە، كە بەشێوەی لینك بۆ كەسی مەبەستدار دەنێردرێت، لەكاتی كردنەوەی لینكەكەش هەمان شێوەی كردنەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەت نیشان دەدات، بە تۆماركردنی ئیمەیڵ و پاسوۆردی تۆڕەكەت، راستەوخۆ ئەو زانیاریانەی كە تۆمارتكردوون، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بۆ هاككەرەكە دەچێت.
دووەم: دانانی هەمان ئەو ئیمەیڵەی لەسەر ئەكاونتەكەتە، ئیمەیڵی یاهوو وەكو دەزانن كە لە ماوەی ساڵێكدا نەكرێتەوە، واتا ئەكتیڤ نەبێت، ئەوا كۆمپانیاكە بەشێوەیەكی خۆكرد ئیمەیڵەكە دەسڕێتەوە، كەسی هاككەر ئەچێت هەمان ئیمەیڵ دادەنێتەوە، لەكاتی دانانی ئەم ئیمەیڵەش بۆ هەر ئەكاونتێك هەموو زانیارییە كەسییەكانت ئەچێتە سەر ئیمەیڵە نوێیەكە و بەمەش ئەكاونت هاك دەكرێ.
* ئێستا خەڵكێكی زۆر لە كوردستان هاكدەكرێ، ئایا خەڵك چۆن خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی زانیارییە كەسییەكانیان نەدزرێن و پێگەكەیان پارێزراو بێت؟
- زۆربەی خەڵكی كوردستان لەرێگای تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هاك دەكرێن، چونكە بەكارهێنەری زۆر بووە و رۆژ بە رۆژیش بەشداربووانی زیاتر دەبن و كاروچاڵاكییەكانی رۆژانەی تێدا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرەتا دانانی ژمارەی تاكەكەسی تایبەت زۆر گرنگە بۆ ئەوەی كردنەوەی ئەكاونتەكەت پەیوەست بێت بە موبایلەكەت، جگە لەوەش گۆڕینی ئیمەیڵی یاهوو بۆ گیمەیڵ، ئەمەش گەرەنتییەكی زۆرباش بە ئەكاونت دەدات، چونكە گیمەیڵ ئێستا زۆر بەهێزە و سیستمی پاراستنی پتەوترە، هەروەها لە ساڵی 2014 كۆمپانیای فەیسبووك كە خاوەنی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینیستگرامییشە بە هەماهەنگی سیستمێكی تازەیان دەركرد بۆ پاراستنی بەكارهێنەرانیان لە هێرشی هاككەران، ناوی ئەم سیستمەشیان نا two factor authentication كە ئەمە بە پارێزراوترین سیستم دادەندرێن لەڕووی پاراستنی ئەكاونت، كە گرێنتی سەدا سەد دەدات لە هەر شێرشێكی هاككەران، بۆیە پێویستە جگە لەم سیستمە بەكارهێنەری كورد خۆی دوور بگرێت لەهەر لینكێكی نەزاندراو، یان خەڵكێكی زۆرمان هەیە هاوڕێیەتی لەگەڵ جۆرەها ئەكاونتی ساختە دروستدەكات، ئەمەش رێگەخۆشكەرە بۆ ئەوەی رووبەڕووی هێرشی لەم جۆرە ببێتەوە، دەبێت بەكارهێنەران خۆیان لەم مەترسییە بەدوور بگرن.
* ئێوە چەند ساڵێكە لەبواری خۆپاراستنی هاك و تەكنەلۆژیا كاردەكەن بەشێوەی خۆبەخشی، تاچەند كێشەی هاككتان بۆ بەكارهێنەران چارەسەر كردووە؟
- لەم ساڵانەی دوایی بەكارهێنەرێكی زۆر هاككراون، خەڵكێكی زۆر كە هاككراوە تووشی كێشەی خێزانی بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەكاونتەكانیان زانیاری تایبەتی كەسیان تێدا بووە و مەترسی بڵاوبوونەوەیان لێ كردووە، زۆرجار ئەو كەسانە بەزووترینكات ئێمەیان لەم كێشەیە ئاگادار كردۆتەوە و ئێمەش هەستاوین بە گەڕاندنەوەی ئەكاونتەكانیان، زۆرجار وابووە كە ئەگەر ئەو زانیارییانەی لەناو ئەكاونتی كچێك بڵاو بكرایەتەوە، دەبووە كێشەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی و رەنگە كچەكە لەسەر هەمان كێشە تووشی رووداوێكی نەخوازراو بووبایەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە زوو چارەسەری ئەو كێشەیەمان بۆ كردووە و ئەكاونەتەكەمان بۆ گەڕاندۆتەوە، زۆرجاریش كەسی هاككەر داوای پارەیەكی خەیاڵی لەو بەكارهێنەرانە كردووە كە هاكیان كردوون، دواتر كە بە ئێمەی راگەیاندووە، ئێمەش ئەكاونتەكەمان بۆ گەڕاندۆتەوە بە رێگای تایبەت و لەكاتی گەڕاندنەوەی هەر ئەكاونتێكیش ئێمە خۆمان سیستمێكی پارێزراومان بۆ ئەكاونتەكە داناوە، تاكو دوور بێت لە هەر هێرشێكی هاكینگ.
*ئێوە كە دامەزرێنەری بەناوبانگترین پەیجی سۆشیال مێدیا بوون بەناوی (كیشەی كۆمپیوتەر) بۆچی لەرێگای پەیجێكی تایبەت كار بۆ چارەسەری ئەو كێشانە ناكەن؟
- ئێستا ئەو كارەی ئێمە لە ساڵانی رابردوو دەستمان بۆی برد، ئێستا لەلایەن چەند گروپێك لە كوردستان كاری بۆ دەكرێ، بەڵام بەدیوێكی تر، واتا بۆ مەرامی بازرگانی ئەو كارە دەكەن و لەبڕی پارەیەكی دیاریكراو كاری پوچەڵكردنەوەی هاك و ئەو كارانە دەكەن كە ئێمە ئەنجاممان داوە، بۆ دانانی پەیج و وێبسایتیش، ئەمە پێویستی بە بودجە و كەسانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی رۆژانە وەڵامی بەكارهێنەران و خەڵكی بدەنەوە، جگە لەوەش من ئێستا بەهۆی سەرقاڵیم بە خوێندن لە زانكۆ، ناتوانم بەشێوەیەكی وا فراوان بپڕژێمە سەر ئەو كارانە، ئەگینا ئەوە یەكێكە لە خەونەكانی من، بەڵام ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە پاڵپشتی رێكخراوەكان و هەتا حكوومەتی هەرێمیش هەیە.
* زۆرینەی ئەوانەی تووشی هاك دەبنەوە لە چ تەمەنێك و چ قۆناغێكدان، پێویستە چی بكەن؟
- ئەو بەكارهێنەرانەی كە تووشی ئەم كێشەیە دەبن، پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە، ئەوانەی كە لە دوای هاككردن لەلایەن كەسی هاككرەوە ئەكاونتمان بۆ گەڕاندوونەتەوە خەڵكی جیاواز بوونە و لە پێگەی جۆراوجۆر پێكهاتوون، وەك : گەنجی هەرزەكار لەهەردوو رەگەز، بەرپرس، مامۆستای زانكۆ و قوتابخانە و مامۆستای ئایینی و چەندین كەسی دیار، لەهەمان كاتیشدا ئافرەتی ماڵەوە كە زۆربەی ئەوانەش خێزاندار بوون، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بۆ خۆپاراستنیان نابێت بەكارهێنەر بەهیچ جۆرێك زانیارییە نهێنییەكانی لەم تۆڕە هەڵبگرێت، یاخود هیچ كات پێویست نییە هەندێك زانیاری كە رەنگە بەكارهێنەر نەتوانێ لە موبایلەكەیشی هەڵگرێت، لەم ئەكاونتانە بیگوازێتەوە بۆ شوێنی مەبەست، من نازانم ئەوە چ سوودێكی تێدایە؟ جگە لە داهاتوویەكی مەترسیدار كە ژیانی چەند كەسێك دەخاتە مەترسی و بە بڵاوبوونەوەی ژیانێكی تاریك چاوەڕێی ئەو كەسە دەكات.
* ئەو ئەكاونتانەی كە ئێوە گەڕاندووتانەوە و زانیارییەكانتان پاراستووە، بۆچ مەبەستێك هاككراون؟
- زۆرجار ئەو ئەكاونتانەی تووشی هێرشی هاككردن دەبنەوە، بۆ مەرامی جیا جیایە، لەوانە زۆرجار ئەكاونت بۆ پارەی ناو ئەكاونتەكە بووە كە كەسی بەكارهێنەر لە یارییە ئەلیكترۆنییەكاندا بەدەستی هێناوە، بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارە زۆرجار بۆ مەرامی ئابڕووچوونی هەمان بەكارهێنەر بووە، چونكە رەنگە زانیاری وای لەناو نامەكاندا هەبێت لەبەرانبەر ئەو زانیارییانە، كەسی بەكارهێنەر و خاوەن پێگەكە بە دەفتەر دۆلار بدات بۆ ئەوەی زانیارییەكان بڵاو نەكرێنەوە و ئەكاونتەكەی بۆ بگەڕێتەوە، جگە لەوەش ئەگەر ئەكاونتە هاككراوەكە هیچ زانیاری كەسی نهێنی تێدا نەبووبێت، لەبڕی بڕێك پارە داوای لە خاوەنی ئەكاونتەكە كردووە بۆ بگەڕێنێتەوە، هەندێكجاریش لەرێگای ئەكاونەتەكە داوا لە هاوڕێكانی كراوە بۆ كارتی موبایل و ئینتەرنێت.
* هیچ سیستمێكی پێشكەوتوو هەیە، بەكارهێنەری ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە پەیوەستی بكەن بە پێگەكەیان بۆ ئەوەی دڵنیابن لە لە هاكنەكردن؟
- جگە لەوانەی باسم كردن، هیچ بەرنامەیەكی تایبەتی جیاواز نییە كە داببەزێندرێت تا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بپارێزێت، بەڵام پێویستە ئەو زانیارییانە لەناو فەیسبووك و ئینستیگرام هەن، بەشێوەیەكی ورد تۆماربكرێن و بپارێزرێن، جگە لەوەش خۆپاراستن باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی بەكارهێنەر تووشی هاككردن نەبێتەوە.
*ئەدی زۆرجار خەڵكی كوردستان رێگای جۆراوجۆر بەكاردێنن بۆ ئاڵوگۆری پۆست و نامە و وێنە و ڤیدیۆ، وەك ئەپەكانی (ڤایبەر، وەتسئەپ، تیلیگرام، ئیمۆ، مێسنجەر) زۆرجار دەگوترێت تیلیگرام و وەتسئەپ باشترە لە ڤایبەر، ئایا هاككردن ئەوانەش دەگرێتەوە؟
- ئەو ئەپانەی كە بۆ پەیوەندییە جۆراوجۆرەكان بەكاردەهێندرێن، لەبەر ئەوەی بە ژمارەی تایبەتی بەكارهێنەر پەیوەستە هاككردنی زۆر زەحمەتە، بۆ مەسەلەی جیاوازی نێوان بەكارهێنانی وەتسئەپ و ڤایبەر و تیلیگرامیش، سیستمی واتسئەپ و تیلیگرام باشترە لە ڤایبەر، چونكە بەهەمانشێوەی كۆمپانیای فەیسبووك بە سیستمی two factor authentication بەستراوەتەوە و كوالێتی ناردنی وێنە و ڤیدیۆشی بەرزترە، بۆیە تەنها ئەوەیە جیاوازییەكە و ئەوان سیستمی پاراستنیان بەهێزترە.
*ئەدی بۆچی خەڵكی لە بەكارهێنانی ئەپی ڤایبەر دەترسن؟
- ڤایبەر خۆی ئێستا كە ئەو سیستمە پێشكەوتووەی بۆ دانەندراوە، مەترسییەكە لەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام ئەو بەرنامانەی كە ڤایبەری پێیەوە هاكدەكرێ، لە كوردستان سانسۆر كراون، بەڵام لەداهاتوودا ڤایبەر بەم سیستمە دەبەسترێتەوە و سیستمی پاراستن و سیكویریتی بەهێز دەبێت.
* ئێوە جگە لە چارەسەری خۆپاراستن لە هاككردن، هەڵمەتی سڕینەوەی ئەكاونتی ئەو كەسانەش دەكەن كە كۆچی دوای دەكەن؟ ئەمە بۆ چ مەبەستێكە؟
- ئێمە وەك گروپی خۆبەخش رێگای تایبەتی خۆمان هەیە بۆ ئەوەی كۆمپانیای فەیسبووك هەستێ بە سڕینەوەی ئەكاونتی ئەو ئەزیزانەی كۆچی دوای دەكەن، چونكە هەر كەسێك كە كۆچی دوای دەكات ئەكاونتەكەی لە فەیسبووك هەر دەمێنێت، ئێمەش بۆ ئەوەی ئەم ئەكاونتە لەبەر چاوی خێزانەكەی هاوڕێكانی و كەسوكاری نەمێنێت، ئەم كارە دەكەین و هەڵدەستین بە ریپۆرتكردنی بۆ ئەوەی فەیسبووك بیسڕێتەوە، بەڵام بێگومان ئەوەش لەسەر رەزامەندی خاوەن مردووەكە دەبێت ئەگەر پێمان بڵێت.

 

 

زۆرترین بینراو