بۆ هەر مەترێك زەوی لە سنووری قەزاكانی سۆران 10 هەزار تاوەكو 15 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت

بۆ هەر مەترێك زەوی لە سنووری قەزاكانی سۆران 10 هەزار تاوەكو 15 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت

ئا: ڕائیب شێروانی: پەرلەمانی كوردستان پێشنیازی یاسای تاپۆكردنی زەوی و خانووە زێدەڕۆیەكانی بە دەنگی 100 پەرلەمانتار پەسەند كرد و نرخەكانیش دیاریكران، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەو كەسانەیە كە خانوو یان زەوی زێدەڕۆیان هەیە. ئەندامێكی لیژنەی شارەوانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" پرۆژەكە دوو مەبەستی هەیە یەكێكیان بنبڕكردنی ئەو زێدەڕۆیی و بێ یاساییە كە لە هەرێمی كوردستان تەشەنەی كردووە، ئەوەی دیكە هاووڵاتیان لێ سوودمەند دەبن، ئەوانەی كە خانوویان بە زێدەڕۆیی دروستكردووە، بە بڕە پارەیەكی كەم خانووەكانیان تاپۆ دەكرێت.
بە جێبەجێكردنی ئەم یاسایە نزیكەی دوو ترلیۆن دینار بۆ حكوومەت دەگەرێتەوە و داهاتەكەشی بۆ خزمەتگوزاری ئەم خانووانە دابین دەكرێت و خەڵكێكی زۆر لەم یاسایە سوودمەند دەبێت.
مەرجی سەرەكی تاپۆكردنی خانووەكان ئەوەیە لە چوارچیوەی شارەوانی دابێت و ڤێلاكانیش ناگرێتەوە.
بەپێی یاساكە هەموو ئەو خانووانەش دەگرێتەوە كە لەسەردەمی حیزبی بەعس زێدەڕۆبوون و رووخێنراون، بەمەرجێك بەڵگەیان هەبێت كە پێش ساڵی 1991 ئەو خانووانە هی ئەوانە.
هەر بەپێی یاساكە هەموو ئەو خانووانەش دەگرێتەوە كە حكوومەت تاوەكو ساڵی 2018 رووخاندوونی بەبیانوی زێدەڕۆیی. یاساكەش لە رۆژی دەرچوونییەوە لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ كاری پێدەكرێت.
بەپێی پڕۆژە یاساكە، تاپۆكردنی زەوی خانووە زێدەڕۆكان جگەلەوەی لەناو ماستەرپلانی شارەكاندا، نابێت لە 200 مەتر زیاتر بێت، بەڵام لە ناحیەدا تاوەكو 400 مەتر ئاساییە، سوودمەند بوو بەنرخێكی گرانتر لەو نرخەی دیاریكراوە زەویەكەی بۆی تاپۆ دەكرێت، كە 50%ی لە نرخی هەقیقی بازاڕ دەچێتە سەر.
بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاساكە:
- تاپۆكردنی زەوی خانووە زێدەڕۆكانی ناوشار نابێت لە 200 مەتر زیاتر بێت.
- لە ناحیەدا تاوەكو 400 مەتریش ئاساییە.
- ئەو كەسەی خانووەكەی بەناوە دەبێت پێشتر سوودمەند نەبووبێت.
- سوودمەند بوو بەنرخێكی گرانتر لە نرخی دیاریكراو زەویەكەی بۆ تاپۆ دەكرێت.
ئەو پارەیەی لە تاپۆكردنی خانووەكان وەردەگیرێت:
هەر بەپێی یاساكە تەنیا، 70% پارەكە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری گەڕەكەكان خەرج دەكرێتەوە.
-%30ی پارەكە بۆ گەنجینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە
%70ی پارەكە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ خزمەتگوزاری گەڕەكەكان خەرجدەكرێت.
پێشنیازی نرخی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە
- مەترێك زەوی لەسەنتەری پارێزگاكان لە 15 هەزارەوە بۆ 30 هەزار دینار
- مەترێك زەوی لە سنووری قەزاكان لە 10 هەزارەوە تاوەكو 15 هەزار دینار
- مەترێك زەوی لە سنووری شارۆچكەكان لە پێنج تاوەكو هەشت هەزار دینارە.
هەر لەم بارەوە، شوان كەریم زراری، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" پرۆژەكە دوو مەبەستی هەیە یەكێكیان بنبڕكردنی ئەو زێدەڕۆیی و بێ یاساییە كە لە هەرێمی كوردستان تەشەنەی كردووە، ئەوەی دیكە هاووڵاتیان لێ سوودمەند دەبن، ئەوانەی كە خانوویان بە زێدەڕۆیی دروستكردووە، بە بڕە پارەیەكی كەم خانووەكانیان لەسەر تاپۆ دەكرێت، ئەو پارەی كە لێ وەردەگیرێت دەكرێتە خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەی كە خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە، كەواتە هەم بۆ حكوومەت ئەو كێشەیە نامێنێت، هەمیش هاووڵاتیان سوودمەند دەبن ئەوانەی كە زێدەڕۆیان كردووە.
زراری، روونیشیكردەوە:" بە پەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایە ئێستا دەرفەت نەماوە كە خەڵك زێدەڕۆیی بكاتە سەر موڵكی گشتی، چونكە ئەو یاسایە بۆ ئەوەیە كە نابێت دیاردەی زێدەڕۆیی بمێنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو یاسایە ئەو زێدەڕۆیانە دەگرێتەوە كە بەر لە مانگی 2ی 2018 كراون، چونكە پێش ئەو ماوەیە لە خولی رابردوو یاسای رێگری لە زێدەڕۆیی دەرچووە، كەواتە پاش ئەو ماوەیە هەر كەسێك زێدەڕۆیی كردبێت خانووەكەی بۆ تاپۆ ناكرێت.
شوان كەریم زراری، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان، كەمئەندامانی سەنگەر دەبەخشرێن لە هەموو بڕە پارەیەك كە دەكەوێتە سەریان و هیچ بڕە پارەیەكیان لێ وەرناگیرێت بۆ تاپۆكردنی زەوی و خانووەكانیان، ئەگەر هێزی پێشمەرگە گرتبایەوە دەبوایە هێزەكانی ناوخۆش بەخشرابانە، ئەگەر ئەوەشمان كردبایە دەبوایە زیندانە سیاسییەكان، كەواتە كەس نەدەما، هەر لەسەر ئەو بنەمایە نەمان توانی".

زۆرترین بینراو