بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێری خێزان چاوەڕوانی بڕیارو رێنماییەكانی وەزارەت و حكومەتین

بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێری خێزان چاوەڕوانی بڕیارو رێنماییەكانی وەزارەت و حكومەتین

دیدار-محەمەد هەسنانی: بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، لەدیدارێكی زاری كرمانجیدا، زانیاری لەبارەی پێشنەی هاوسەرگیری خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان دەخاتەروو، ئاشكراشی دەكات " گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێری خێزان پەیوەستە بە وەزارەت و حكومەت.
لەبەردەوامی قسەكانیدا توران خدر عیسا، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەرچوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز) لە خۆدەگرێت، كە جگەلەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە سەنتەری قەزای سۆرانە لە هەمانكاتیشدا وەك ئاسانكاریەك بۆ هاووڵاتییان، بنكەمان لە قەزاكانی دیكە كردۆتەوە، هەروەها لەبەرنامەشماندا هەبوو بەهۆی دوورە دەستی ناوچەكەو خواستی زۆری هاووڵاتییان، بنكەیەكی چاودێری كۆمەڵایەتی لە ناحیەی سیدەكان بكەینەوە، بۆ ئەمەش پێشنیارمان كردووەو چاوەڕوانی رێنماییەكانیان، بەهیواین بتوانرێت لە داهاتوودا ئەم بنكەیەش لە سیدەكان بكرێتەوەو وەك ئاسانكارییەك خزمەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی سنوورەكە بكات".
بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، گووتیشی " لە سنوورەكەمان نزیكەی 5 هەزارو 500 خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانە وەردەگرن، كە ئەویش جۆرە ئەو كەمئەندامانەی هیچ مووچەیەكیان نییە مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها ئەوانەی كە مووچەی دیكەیان هەیە مانگانە 100 هەزار دیناریان پێدەدرێت، بەلام بەپێی رێنماییەكان ئەوانەی مووچەی خانەنشینی كەسێكیان بەناو دەكرێت، یان مووچەی كەمئەندامی سەنگەریان هەیە لە چاودێری كۆمەڵایەتی ناوەكانیان دەسڕێتەوەو مووچەكانیان دەبڕدرێت، هەروەها دوای ئەنجامدانەوەی لێژنەكانی پزیشكی لەساڵی رابردودا ناوی نزیكەی 150 خاوەن پێداویستی سڕاوەتەوە، كە رێژەی پێویستیان بەدەست نەهێناوە یان هەندێكیان لە ژیان نەماون ز كۆچیان كردووە".
توران خدر، ئەوەشی ئاشكرا كرد " هەركاتێك خاوەن پێداویستییەكی تایبەت لەژیان نەمێنێت مووچەكی دەبڕدرێت، هەروەها تائێستا بڕیارێك نەبووە بۆ ئەوەی كاتێك ناوی خاوەن پێداویستییەكی تایبەت دەسڕێتەوە، یەكێكی دیكەی لەشوێنی دابنرێت، لەكاتێكدا زۆر كەمئەندام هەیە شایستەیەو لەوەرگرتنی مووچەش سوودمەند نەبووە، تەنانەت ساڵانێكە بەچەند لیستێك ناوی 2000 هەزارخاوەن پێداویستی تایبەتمان بەرزكردۆتەوە، بۆ ئەوەی رەزامەندی وەزارەتی دارایی وەربگیرێت و مووچەیەكی مانگانەیان بۆ دابین بكرێت، كەچی تائێستا شانسی ئەوەیان نەبووەو ناوەكانیان نەگڕاوەتەوە، لە چاوەڕوانیداین و بە مافێكی رەوای ئەو كەسانە دەزانین، ئەمەش تەنها لە سنووری ئێمە نییە بەڵكو لە شارو شارۆچكەكانی دەكەش هەمان گرفت هەیەو هەزاران كەمئەندام لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەكانیان دان".
لەوڵامی ئەو پرسیارەی ئایا مووچەی سودمەندانی چاودێری خێزان دەگەڕێندرێتەوە یان نا، بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، رایگەیاند " بەردەوام ئەم پرسیارەمان رووبەڕوو دەكرێتەوە، بەڵام بۆ ئەمە چاوەڕوانی رێنمایی و كارەكانی وەزارەت و حومەتین، بۆ ئەوەی بزانین دوای خوێندنەوەوە تاوتوێكردنی چی دەبێت، بێگومان لەمەودا گەڕانەوەی مووچەی چاودێری خێزان، بەپێی چەند رێنمایەكی تایبەتی وەزارەتەكەمان دەبێت، واتە ئەو كەسەی كە مووچەكەی پێدەدرێت دەبێت چەند تایبەتمەندیەكی تێدابێت و بەپێی لیژنەیەكی تایبەت دیاری دەكرێت و چاوەڕوانی رێنمایە سەرووی خۆنانین".
توران خدر، ئەوەشی خستەڕوو " بوونی پێشینەی هاوسەرگیری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، زۆر گرینگەو پێویست بوو، بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە ئەو پێشنەیەش هاوشێوەی پێشینەكانی دیكە وەستاوە، ئومێدەوارین لەداهاتوودا باری داریی حكومەتی هەرێم باش بێت، بۆ ئەوەی پێشینەكان بگەڕێندرێنەوەو هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە ژیانێكی باشیان هەبێت، لە رووی هاوكارییەكانەوە".
بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، دەشڵێت " هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش چەندین مووچەیان لای حكوومەتەو بەهیوان رۆژێك بۆیان بگەڕێندرێتەوە، هەروەها ئەگەر خاوەن پێداویستیەكی تایبەت دووچاری نەخۆشیەك ببێتەوە، ئێمە بوودجەیەكی وامان لەبەردەست نییە بتوانین لێرەوە هاوكاریان بكەین، بەڵكو بەنووسراو داواكارییەكەیان بۆ سەرووی خۆمان بەرزدەكەینەوە".
لە كۆتایدا داواكاربوو لە حكوومەت و رێكخراوەكان هاوكاری پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بكەن، چونكە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەو خێزانە كە حاڵەتەكەیان تایبەتە داوای هاوكاری و ئاوڕلێدانەوەمان لێدەكەن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین هاوكاری پێویستیان پێشكەش بكەین.

 

بابەتى پەیوەندیدار دیمانە

زۆرترین بینراو