بێكاری و دواكەوتنی مووچە و كۆرۆنا بار و گوزەرانی هاووڵاتییانی سەخت كردووە

بێكاری و دواكەوتنی مووچە و كۆرۆنا بار و گوزەرانی هاووڵاتییانی سەخت كردووە

راپۆرت- محەمەد هەسنانی
دواكەووتنی مووچەو بێكاری و قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگەری زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروست كردووەو لە دۆخێكی سەخت ژیان و بژێوی رۆژانەیان بەڕێدەكەن، داواكارن هەرچی زووە ئەم بارودۆخە تێپەڕبێت و حیزب و لایەنەكانیش واز لە ململانێی یەكتر بهێنن و بژێوی ژیانی خەڵكەكە بخەنە سەرووی بەرژەوەندیەكانیانەوە.
ئەحمەد سەلیم، هاووڵاتییەكی دەڤەری سۆران بەزاری كرمانجی راگەیاند " بەداخەوە بەهۆی ئەم بارودۆخەی كە هاتۆتە ئاراوەو دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو زیادبوونی رێژەی بێكاری كاریگەری خراپی لەسەر هاووڵاتییان و چین و توێژەكان دروست كردووە، بەمەش رەشبینێك لە خەڵكەكەو شەقام بەدی دەكرێت، داواكارین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەرچی زووە هەنگاوەكانی خێراتر بكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی و چارەسەر كردنی كێشەی مووچەو قوتی خەڵك و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان و هاندانی كۆمپانیاكان بە رەخساندنی هەلی كار".
ئەم هاووڵاتییە نیگەرانیش بوو لەوەی لەبری ئەوەی حزب و لایەنە كان لەم باردۆخە نالەبارەدا یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئابووریە نالەبارەو بەرژەوەندی هاووڵاتییان بخەنە سەرووی بەرنامەی كارەكانیانەوە، كەچی بەداخەوە دەستیان كردووە بە دژایەتی كردنی یەكتری و دۆزینەوەی ناو ناتۆرە لە یەكترو زیاتر تێكدانی بارودۆخەكە، ئەمەش خزمەت بە شەقام و بەرژەوەندی گشتی ناكات، لەبری ئەوە ئەركە هەموو لایەنەكان هاوكاربن لەگەڵ حكوومەت بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكە، نەك تێكدان و زیاتر ئاڵۆزكردنی.
ئەیووب شەریف، دەرچووی پەیمانگە، بە زاری كرمانجی گووت " بەشێوەیەكی گشتی لە ئێستادا ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم بە ئاستێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، هەر لەسەرەتای ساڵی 2014 هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر كوردستان و جەنگێكی قورس شەهید و قوربانیدانی پێشمەرگەو هاووڵاتییان و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریەكی سەخت لەوكاتەدا تاكو ئێستا بەردەوام بووەو تادێت كاریگەریەكانی زیاتر دەبێت، ئەم هۆكارانە چەندین كاریگەریان لەسەر هەموو كەرت و بوارەكانی ژیان و بژێووی هاووڵاتییان هەبووە، سەڕەڕایی ئەوەش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرنا، و بێكاری و دواكەوتنی مووچەو بۆ چەندین مانگ كاریگەریەكی زۆر خراپی ئابووری لەسەر تاك بە تاكی هاووڵاتیانی هەرێم دروست كردووەو جوڵەی بازاڕ وەستاوە كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆرو بازرگانی ئێجگار سستە كە كاریگەری لەسەر هەموو هاووڵاتییان و جۆمگەكانی بازاڕ دروست كردووە".
ئەوەشی خستەڕوو لەڕووی كۆمەڵایەتی بێكاری و نەبوونی داهات و كەمی بژێووی ژیان سەر ئەنێ بۆ چەندین كێشە لەوانە لەڕێ لادەرچونی گەنجان بەهۆی بێكاری و ئیفلیج بوونی تواناكانیان، هەروەها بەهۆی بێكاری و نەبوونی پار،ە كێشەی كۆمەڵایەتی ڕوو لەهەڵكشان ئەكات شیرازەی كۆمەڵایەتی تێك ئەچێت، وەك جیابونەوەی هاوسەران و قەیرەی و هەژاری هتد، لەڕووی دەرونیش كاریگەری لەوانی تر كەمتر نییە، بەمەش لە ئێستادا دەرونی هاووڵاتییان بە بارێكی ئاسایدا تێناپەڕێ بەهۆی ئەو كێشانەی بەرۆكی هاوڵاتییانی گرتووەو سەخت و ترسناكە.
رێكان وەلید، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " كێشەی نەبوونی مووچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەر و هاووڵاتییان هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و قەیرانە ئابووریە هەمە جۆرەكانی هەرێم وای كردووە هاووڵاتی لە بارودۆخێكی خراپی دەروونی بێت، هەروەها لایەنكانی ئۆپۆزسیۆن و چەند لایەنەكی ناو دەستەڵاتیش هەوڵی ئەوە دەدەن هەموو نا ئومێدیەكانی بوونیان هەیە بیخەنە ئەستۆی دەسڵاتدارانی ئێستا !، بەڵام شەقام لە ڕووی سیاسی شەقامێكی ناچاڵاك و بێ باكە، هیچ كەسێك ئومێدی بە بەڵێنەكانی دەسڵات نەماوە مەودایەك لە نێوان متمانەی هاووڵاتی بە حكوومەت دروست بووە، كە پێشبینی ناكرێ چی بەدوای خۆیدا دێنێ!، لە ڕووی ئابووری شەقامی كوردی بەتایبەت باشووری كوردستان تەواو داتەپیوە، تەنانەت هاووڵاتییان زۆرجار پێدویستییە سەرتایەكانیشیان بۆ ناكڕدرێ و نافرۆشێ، بێگومان بەهۆی نەبوونی مووچە و قەیرانەكانی ئابووری و ڤایرۆسی كۆڕۆنایە، نەبوونی دەروازە سنووریەكان لە ڕووی گەشتیاری زەرەرێكی زۆری جگە لە دامەزراوە حكوومیەكان بەڵكو لە ژیانی هاووڵاتیانیش داوە، چونكە هەرێمی كوردستان هاووڵاتییانی زیاتر پشت بە مووچە و گەشتیارەكان دەبەستن بە هۆی نەبوونی كارەگە و ناچاڵاكی كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری، بۆیە بۆ بووژانەوەی بازاڕ و نەمانی ئەو بێكاری و بێ دەرامەتییە پێوسیتە حكوومەت هەوڵبدات پارە بخاتە بازاڕ و مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی لەكاتی خۆی بدات".
ئەوەشی خستەروو " بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە هەبوونی قەیرانی هاوشێوە تووشی گرفتەكانی ئێستا نەبنەوە پێویستە پشت بە سەرچاوە ماددیە جیاوازەكانی خۆیان ببەستن، كە زیاتر خۆیان لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و دروست كردنی كۆگا و كارگەكانی خواردەمەنی و جۆربەجۆرەكانە، كە ئەمەش بە هاوكاری ڕاستەوخۆی حكومەت و چاودێری حكومەت دەبێ، پێویستە ستارتیجی ڕووبەروبوونەوەی قەیرانەكان هەبێ، لە هەرێم، نابێ ئێمە كێشەكان و گرفتەكان چاك بكەین، بەڵكو دەبێ ڕێگە لە دروستبوونی كێشە و گرفتە ئابووریەكان بگرین، بەم شێوەیە ئایندەی حكوومڕانی گەش دەبێت و بازاڕیش دەبووژێتەوە.

زۆرترین بینراو