بێڕێزی كردن بە ئاڵای كوردستان لە وڵاتی توركیا ناڕەزایی شەقامی كوردی لێدەكەوێتەوە

بێڕێزی كردن بە ئاڵای كوردستان لە وڵاتی توركیا ناڕەزایی شەقامی كوردی لێدەكەوێتەوە

راپۆرت-زاری كرمانجی: دوای ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردووا  لە ناوچەی تەڕابزوونی وڵاتی توركیا، بێڕێزی بەرامبەر بە ئاڵای كوردستان كرا، نیگەرانی و ناڕەزایی شەقامی كوردی لێكەوتۆتەوەو لە راپۆرتێكی زاری كرمانجیدا رایدەگێنن "ئاڵای كوردستان فەرمییەو هەزاران كەس لەپێناویدا بوونەتە قوربانی، بۆیە ناكرێت بەم شێوەیە بێڕێزی بەرامبەر بكرێت و كەسانێنكیش بەهۆیە سزا بدرێن.

  م. ئارام ئیسماعیل كوردستانی، بە زاری كرمانجی راگەیاند " وێڕای ئەوەی ئاڵای كوردستان ئاڵایەكی فەرمی هەرێمێكی دەستوری عێراقە، بەڵام ڕەنگە تێگەیشتن لەم بابەتە بۆ وڵاتانی دراوسێ كەمێك زەحمەت بێت، بە تایبەتی وڵاتێكی وەك توركیا، لەنێو توركیاش هەزمكردنی ئەم بابەتە بۆ نەتەوەپەرستەكان زۆر ئەستەمترە، بۆیە دەبینین كاردانەوەی لەم جۆرەی لێ دەكەوێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەم ماوەیەدا دیبلۆماتێكیان لە هەولێر كوژرابوو كە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو، لەسەر هەڵوێستی شەقامی توركیا كە بەشێوەیەكی تووند بەرپەرچدانەوەی لێكەوتەوە".

گووتیشی " لەگەڵ ئەوەشدا لەم جۆرە كات و ساتانەدا پێویستە هاونیشتیمانیانی كوردستان، خۆیان بپارێزن لەكاتی گەشت كردنیان بۆ ئەم وڵاتانە لە هەڵكردنی ئاڵا و وتنەوەی دروشم بۆ كوردستان، چونكە ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە.

ئومێد گەیلانی، رۆشنبیرو چالاكوانی سۆران بەزاری كرمانجی رادەگێنێت " ئاڵا هێمای گەل و وڵاتە بۆ هەر نەتەوەیك، بێ گومان بۆ كوردستانیانیش هەروایە، لە هەر شوێنێك و وڵاتێك بێ ڕێزی بەرامبەر بە ئاڵاو كوردستانیان بكرێ، دەبێ حكومەتی كوردستان كاردانەوەی خێرای هەبێ و پارێزگاری لە شكۆو كەڕامەتی كوردستانیان بكات، نابێ حكومەتی كوردستان كاردانەوەی شەرمنانەی هەبێ! چونكە ئاڵای كوردستان ئاڵایەكی فەرمیە، لە كاتی چونی سەرۆك هەرێم و سەرۆك وەزیران بۆ وڵاتان، چەندین جار بینیومە كە بە شێوەی پڕۆ تۆ كۆلی لە فڕۆكەخانەو هۆتێل و كاتی كۆبونەوەكان دانراوە".

بەپێویستیشی دەزانێت " حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی توركیان بكات، سزای ئەو كەسانە بدات كە بێڕێزیان بەرامبەر ئاڵاو چەند هاونیشتمانیەكی كوردستان كردووە، چونكە ناكرێ هەروا بەئاسانی بەسەریاندا تێپەڕێت.

 سیروان مزووری، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لەسۆران، بە زاری كرمانجی گووت " هەموو كوردێكی دڵسۆز شانازی بە ئاڵای كوردستان دەكات و هێمای شكۆمەندییە، كە لە كاتی دامەزراندنی كۆماری مەهاباد تا ئەمڕۆ چەندان كەس لە پێناویدا بوونەتە شەهید و قوربانی، بۆ شكاندن شكۆی ئەم ئاڵایە كارێكی وا ئاسان نییەو دەبێت هەموو كوردێك لە هەمبەر ئەم كارە هەڵوێستیان هەبێت، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیش لەسەر سووتاندن و بێڕێزی كردن بە ئاڵای كوردستان، قسەو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پوەیوەندیدارەكانی توركیا بكەن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەم دیاردەیە دووبارە نەبێتەوە".

نورەدین دری، بەرپرسی نووسنگەی پاراستنی ئاڵا لەشاری سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند "ئەوەی لە توركیا بەرامبەر ئاڵای پیرۆزی كوردستان و هاووڵاتییانی كوردستان كرا، پێشێل كردنی یاسایە نێودەوڵەتییەكانە، چونكە لە ڕوی یاسایەوە ئەم ئاڵایە رێپێدراوە، جگەلەوەش ئیهانەو بێڕێزی كرنە بەرامبەر گەلی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئەو كاردانەوەی خەڵكی ناوچەی تەڕابزونی توركیا جیایە لەگەڵ هەلسوكەوتی حكومەتی توركیا، چونكە حكومەت بەرپرسیارە لە دابین كردنی كەشی ئەمنی بۆ گەشتیاری ولاتان، كەچی هێزە ئەمنیەكانی ئەم ناوچەیە زۆر خراپتر لە هاووڵاتییانی ئیهانەو بێ رێزیان بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، نابێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كارە قێزەونەی حكومەتی توركیا بێ دەنگ بێت".

گووتیشی " بۆ ئەم بێڕێزیەی بەرامبەر بە ئاڵاو هاووڵاتییانی كوردستان كراوە، ناكرێت تەنها بە ئازاد كردنی ئەم هاووڵاتییانە كڕو بێ دەنگ بیین، پێویست بوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بۆ ماوەی چەند كات ژمێریكش بایە سنوورەكانی لەگەڵ توركیا داخستبایە وەك ناڕەزاییەك، كە بۆ ئەوان بێڕێزیان بەرامبەر ئاڵاو ناسنامەو سیمبولی نەتەوەیەك كردووە، كە زیاتر لە 100 ساڵە، ئەم گەلە لە پێناو ئازادی و بەرز راگرتنی ئەم ئاڵایە قوربانی دەدات و هەزارها روڵەی كورد لە پێناو پاراستنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان گیانی خویان بەخت كردوە، كەچی كەسانێك بێڕێزی بەرامبەرمان بكەن، ئێمەش لەم ووڵاتەی خومان گوڵ پێشكێشی هاووڵاتییانی توركیا بكەین، نابێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم ئاسانیە لەم ڕوداوە  بێدەنگ بێت، ئەم ئاڵایە تەنیا موڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق نییە، بەڵكو موڵكی  60 ملیون كوردە.

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو