بێ كارەبایی دێوزمەی هاووڵاتییانی كوردستان

بێ كارەبایی دێوزمەی هاووڵاتییانی كوردستان

راپۆرت محەمەد ئامۆكەیی- سۆران: بەدرێژای چەندین ساڵە لە هەردوو وەرزی زستان و هاوین، كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی بەرەو كەمبونەوە دەچن و ئەوش نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروستكردووە، خەڵك پێیان وایە حكومەت وەك پێویست نەیتوانیەوە كەرتی كارەبا بەرەو پێشببات، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمیش دەڵێت" كار لەسەر ئەوەدەكەین كارەبای نیشتیمانی بكرێتە سیستەم بۆ ئەوەی لەو گرفتە رزگارمان بێت.
27ساڵە ئەوە حالی ئێمەیە بەدەست كارەبای نیشتیمانی ئەمە دەستپێكی قسەی شەماڵ عەونییە، لە قەزای سۆران و دەڵێت" لەوەتەی بەبیرمە كارەبا خراپەو وەزارەتی كارەبا بێ پلان بووە ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی لە وەرزەكانی هاوین و زستان كارەبا كەمبێتەوە، ئێستا زستانەو هێشتا نەوت دابەشنەكراوە كاتژمێرەكانی كارەباش زۆر كەم بونەتەوە ئێمەی هاووڵاتی نازانین لەو نێوەندە چیبكەین، نەوت نەبێ و موچە مانگانە نەبێت و كارەباش ئەوە دۆخی بێت، بۆیە ئەركی حكومەت و وەزارەتی كارەبایە كار لەسەر دۆزینەوە رێگە چارەی كۆتای بكەن و لەو گرفتە رزگارمان بێت.
سەوسەن ئەنوەر، ئافرەتێكی سۆرانە، گووتی" كارەبا روناككەرەوەی ماڵەكانە بەڵام لێرە گیرمان خواردوە بەدەست كەمی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی، چەند ساڵێك لە دەرەوە ژیاوم كارەبا وەك ئێرەنیەو سەد پلە جیاوازی هەیە، كارەبا لەوێ كارتەو زیادە بەكاری بێنی پارەكەت دەبێتە دوو بەرامبەر، لێرەش ماڵ هەیە هێندەی كۆمپانیایەكی گەورە كەل و پەلی كارەبای هەیە تایبەت بەرپرسەكان، بەڵام تاكوو ئێستا پێوەری كارەبایان نیەو ئەوەش بەهۆكار دەزانم كە پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا كەمببنەوە، یاخود بەشێكی بەرچاوی بەكارهێنەرانی كارەبای نیشتیمانی پارە قەرزاری حكومەتن ئەوەش كاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی حكومەت وەك پێویست ئاوڕ لەكەرتی كارەبا نەداتەوە.
سەفەر ئیسماعیل، پێی وایە خەڵك هۆكارە لەوەی كارەبا كەمبێتەوە و گووتی" چارەسەر ئەوەیە كارەبا بكرێتە پێوەر و هەر ماڵێك ئەمپێری بۆدیاری بكرێت و ئەوكات لەو گرفتە رزگارمان دەبێت، بەڵام لێروە داوادەكەم وەزارەتی كارەبا كار لەسەر ئەوە بكات ئەو بەرپرسانەی كارەبای تایبەتیان راكێشاوە بە نایاسایی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات، لەبەر ئەوەی بە دە ماڵی ئاسایی هێندەی ماڵی بەرپرسێك كارەبا بەفیڕۆ نادەن و ئەوەش ئێمەی بێ تاقەتكردووە.
نیهاد عەلی، گووتی" زۆربەی ئامێرە كارەبایەكان كە دێنە كوردستان كوالیتیان باش نیەو كارەبا زۆر دەبەن بۆیە ئەركی حكومەت چاودێری ئەوە بكات و نەهێلێت ئەو بازرگانانە بە ئارەزوی خۆیان كەل و پەلی كوالیت نزم هاوردەی كوردستان بكەن، لەبەر ئەوەی هەریەكێك لەو ئامێرانە كە كارەبا زیاد سەرف بكات كاریگەری دەبێت لەسەر كەمبونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبا.
ڕوقیە محەمەد، ئافرەتێكی تربوو گووتی" لە هاوین و زستان ئێمە خەومان نیە لەبەر ئەوەی كاتێكی دیاری كراونیە بۆ هاتنەوەی كارەبا، شەوان كارەبامان نیەو مۆلیدە كارەبامان پێ دەدات ئەوەش وادەكات بەیانیان ئاوی گەرممان نەبێت و هەفتە هەیە یەكجار ئەتوانین خۆمان بشۆین لەبەر ئەوەی كارەبا ئەوندە خراپە نازانین كەی دێتەوە و سەری لە خاوەن مۆلیدەكانیش شێواندوە.
كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگێنێت" كارەبای نیشتیمانی گرفتێكی كەڵەكەبووی چەندین ساڵیەو، لە هەردوو وەرزی زستان و هاوین ئەو گرفتەمان بۆ دروست دەبێت، بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەكان لەگەڵ دەست بەكاربونمان وەك وەزیری كارەبا لە هەوڵی ئەوەدابوین پێدانی كاتژمێركانی كارەبای نیشتیمانی زیاد بكەین نەوەك كەمی بكەینەوە.
دەشڵێت"ئێستا وەرزی زستانەو زیاتر خەڵك كارەبا بەكار دێنێت ئەو كەمبونەیەوەش بۆ ئەو لۆدە زۆرەی لەسەر كارەبا هەیە دەگەڕێنینەوە، داواش لە بەكارهێنەرانی كارەبا دەكەین هاوكارمان بن و دەست بەو كاتژمێرانە بگرن كە پێیان دەدرێت."
ئەوەشی گووت" لەو هەفتەیە 350 میگاوات كارەبا زیاد دەكرێت و كارمان لەسەر ئەوەشكردووە چەند وێستگەیەكی كارەبا بكەونە واری جێبەجێكردن و بەوەش پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاد دەبێت."
وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم زیاتر گووتیشی" قەزای سۆران چەند ساڵێكە بە دەست خراپی كارەبای نیشتیمانی دەنالێنێت و لە دوو رۆژی داهاتوو لە رێگەی تەندەرەوە وێستگەی كارەبای سۆرانیش كە هەشت سەت ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە رادەگێنرێت و ئەوەش وادەكات سۆران لەو گرفتە گەورەیەیی هەیبووە رزگاری بێت.

زۆرترین بینراو