بەرپرسێكی باڵای ئاسایشی سۆران سووكایەتی بە پۆلیس دەكات

بەرپرسێكی باڵای ئاسایشی سۆران سووكایەتی بە پۆلیس دەكات

 


زاری كرمانجی- سۆران: چەند پۆلیسێكی سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی خەلیفان بە زاری كرمانجیان راگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ 23-3-2020، لە ناحیەی خەلیفان بەرپرسێكی باڵای ئاسایشی سۆران سووكایەتی پێ كردووین و قسە و وشەی ناشیاوی بەرامبەر بەكار هێناوین.
یەكێك لەو پۆلیسانە بە زاری كرمانجی گووت" كاتژمێر نۆی ئەمڕۆ بەرپرسێكی بالای ئاسایش كە لە هەولێر دەهاتە سۆران گەیشتە ئەو بازگەیەی كە لەسەر فەرمانی سەرووی خۆمان بۆ رێگری لە هاتووچۆی هاووڵاتییان دامانناوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو بەرپرسە بە ئۆتۆمبێلی جام رەش گەیشتە بازگەكەمان و داوای كرد رێگای بۆ بكەینەوە، لە كاتێكدا رێگەی ئەو بەری خەلیفان بۆ هاتووچۆ كردن دیاری كراوە، بەڵام ئەو بەرپرسە پێداگری كرد كە دەبێ ئەو رێگایەی بۆ بكەینەوە، رێگاكەش بە دوو ئۆتۆمبێلی كارمەندانی خۆمان داخراوە، لەو دەمەش ئەو كارمەندانە چووبوون خواردن بۆ هەموومان بێنین، پێمان گووت شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلە لێرە نییە، ئەویش دەستی كرد بە سووكایەتی پێ كردن و و دەربرینی وشەی نەشیاو، دواتریش بە ئۆتۆمبێلەكەی بەسەر رەسیف كەوت و رۆیشت".
ئەو پۆلیسانە بە زاری كرمانجیان گووت" ئەو بەرپرسە لە جیاتی دەستخۆشیمان لێ بكات كە چەندین رۆژە ماندوونەناسانە لە خزمەتی بریارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانین و لە جیاتی ئەوەی سیتە ئاو یا بڕێك خواردنی هێنابا و بەرێزەوە لە رێگە داخستنی ئێمەی بروانیبایە كەچی سووكایەتی پێ كردین".
بەرێوەبەری ئاسایشی خەلیفان لەمبارەوە ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات تەنها گووتی " ئيَمه‌ چه‌ند بازگه‌یه‌كی هاوبەشمان له‌گه‌لَ  پۆلیسی خەلیفان هه‌یه‌، بەڵام لە بارەی ئەم رووداوە هیچ لێدوانێك نادەم".
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌رِيَوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی خەلیفان، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە بە زاری كرمانجی گووت " هەڵسووكەوتی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئاسایش نیگەرانی كردین، بۆیە سەرووی خۆمان ئاگادار كردۆتەوەو داوای لێكۆڵینەوە و ئیجرائاتمان كردووە".
كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفانیش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەم رووداوە گووتی " پێویستە بەرپرسان بە پێچەوانەی ئەو رەفتارانە هەڵسووكەوت بكەن، ئێمەش سەرووی خۆمان لەمبارەوە ئاگادار دەكەینەوە".

زۆرترین بینراو