بەرگری كوردانی رۆژئاوا جیهانی هێنایە هەژان

بەرگری كوردانی رۆژئاوا جیهانی هێنایە هەژان


ئەمڕۆ بەرگیرییەكانی رۆژئاوا لە ئاست پەلاماری توركیا و هاوپەیمانەكانی پێی نایە رۆژی شەشەمەوە، تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاوی هێزەكانی توركیا بۆ پیلانی داگیركاری بەرچاو نەكەوتووە، بە پێی زانیارییەكان تا ئێستا لە سەرووی 300 چەكداری هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە توركیا پاڵپشتیان دەكات لەگەڵ سوپای توركیا كوژراون، لەبەرامبەریشیدا 45 شەڕڤان شەهید بوونە.
بە پێی راگەیاندنی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ " تا ئێستا 130 هەزار كەس بە هۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە ئاوارە بوونە و نزیكەی 120 كەسیش گیانیان لەدەستداوە بە سەدان هاووڵاتی سڤیلیش بریندار بوونە".
دیمەنی بریندار بوون و گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل بە تەمەنی جیا و گووللە باران كردنی 9 هاووڵاتی سڤیل لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا كاریگەری لە سەر ڕای گشتی جیهانی دروست كردووە.
سەرۆك مەسعود بارزانی لە بەیاننامەیەكدا بۆ رایگشتی گووتی ” پێویستە هەموو تێبینی و كێشەكان وەلابنێین و رێگری لە شەڕ و ئاڵۆزی و كوشتاری كورد لە خۆرئاوا بكەین“.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لەم چوارچێوەیە بەیاننامەی بڵاوكردەوە داوای ”چارەسەری دیپلۆماسییانەی كێشەكانی كرد و ئاماژەی بەوەدا ” بە رێگەی سەربازی كێشەكان ئاڵۆزتر دەبن و پێویستە چارەسەری سیاسییانە بۆ دۆخەكە بدۆزرێتەوە“.
ئەم پەلامارەی توركیا تەواوی كوردانی جیهانی هێنایە سەر خەت و هەموویان داوای وەستاندنی شەڕ لە دژی نەتەوەی كورد و وەرگرتنی هەڵوێستی توند لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن.
لەم چوار چێوەیەش بەشێكی هەرە زۆری وەڵاتانی جیهانی یا ئیدانە و سەركۆنەی پەلامارەكانی توركیایان كرد یا رایانگەیاند ”پشتگیری توركیا ناكەین“.
وڵاتانی فەرەنسا، ئەلمانیا، بریتانیا، نەرویج، سوئید، ئیتالیا سەركۆنەی ئەم پەلامارەیان كردووە و داوا دەكەن شەڕەكە بەوەستێنێت و بەم هۆیەش چەند وڵاتێكی ئەوروپی فڕۆشتنی چەكیان بە توركیا راگرت.
روسیا رایگەیاند " ئەم پەلامارەی توركیا دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات".
چین داوا دەكات كێشەكە لە بە شێوەی سیاسیی چارەسەر بكرێت. ئەمریكا بە هۆی گوشاری زۆری ناوخۆیی و دەرەكییەوە لەسەر خەتە.
ووڵاتانی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی ئەو هێرشەی توركیایان بە داگیركاری وەسف كرد و سەركۆنەیان كرد، تەنها دوو ووڵات نەبێت.
خۆپیشاندان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییش بەردەوامە لە دژی ئەم لەشكر كەشییەی توركیا.
لە لایەكی دیكەوە مەترسی هەڵاتنی داعشە گیراوەكان كە ژمارەیان 12 هەزار كەسە لە زیندانەكانی خۆرئاوا لە ئارادایە، جگە لەمانەش خۆ رێكخستنەوە و سەر هەڵدانەوەی داعش لە سوریا خەریكە دەبێتە راستی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەكات و دەستكەوتەكانیان بە فیڕۆ دەدات.
بە پێی لێكدانەوەی شڕۆڤەكارانی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی، ئەگەر توركیا نەوەستێندرێت دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆ سەرناوچەكە و بەرژەوەندی ووڵاتانی جیهانی، بۆیە ئەستەمە رێگە بە سەرگرتنی خواستی توركیا بدرێت.
تا ئێستاش هەڵوێستی توركیا لەسەر هەمان بڕیاری خۆیەتی و دەڵێت شەر ناوەستێنم.
ووتە بێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە كەناڵەكانی راگەیاندن گووت ” گەلی كورد دڵنیا دەكەینەوە كە بەرگری هێزەكانمان بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ دارێژراو بەردەوام دەبێت و هەنگاو بە هەنگاو بەرگری دەكەین و هێزەكانی داگیركەر دەبێ بەسەر جەستەی ئێمەدا تێپەرن“.

زۆرترین بینراو