بەرەو گەشانەوە

ئیسماعیل ئیبراهیم

هەرێمی كوردستان بەر لە رووداوە خیانەتكارییەكانی 16 ئۆكتۆبەری 2017 ئەوەندە لە گەشە كردنی هەمە جۆرەی دیپلۆماسی و ئابووری كۆمەڵایەتیدا بوو، كە ببووە جێگەی تێڕامانی هەموو وڵاتانی جیهانی، بەجۆرێك لەناو چەقی رۆژهەڵاتی پڕ لە ئاگر و ئاسن تاكە شوێن و پێگەی سیاسی بوو متمانەی زۆربەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهانی راكێشا تا وەبەرهێنانی گەورەی ستراتیژی لێ ئەنجام بدەن، بەجۆرێك ئەگەر ئەو خیانەتە نەبایە ئێستا هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووتر دەبوو.
ئێستاش كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، بە دونیا بینین و رۆئیای جیاوازی دیپلۆماسی سەردەمیانە درێژە بە گەشانەوەی هەمەچەشنەی هەرێمی كوردستان دەدەن.
بانگهێشتكردنی فەرمی و پێشوازی كردنی سەركردە جیهانییەكان لە جەنابیان بەشێوەی پرۆتۆكۆڵی هاوشێوەی سەرۆكی وڵاتانی زڵ هێزی جیهانییە، هەروەها هاتنی سەرۆك و وەڤدی وڵاتانی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان رەهەندی قوڵیان هەیە، ئەمەش لە رووی سیاسییە واتا و پەیامی خۆی هەیە.
ئەم هەنگاوانەی سەرۆكی حكومەت، جگە لەوەی پێگەی هەرێم دەباتە قۆناغێكی بەرفرەوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە هەمانكاتیشدا دونیا بینینی جەنابیان دەردەخات لە درێژەدان بە خەباتێكی دوور و درێژی نیشتمانی، كە لە قوتابخانەی بارزانی نەمر و جەنابی سەرۆكەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیەش لە كۆڕبەندی زانكۆی دهۆك لە وەڵامی هەڵسووڕاوی كۆربەندەكە كە لێ دەپرسێت كوردی یا عێراقی بێ دوو دڵی دەڵێت " من كوردم و ناچار كراوم لە عێراق بژیم)، ئەم تێروانینە بۆ ناسنامەی كەسێتی و شوناسی نەتەوەیی و شێوازی دەربڕینی ئەوەندەی دیكە رۆئیا سیاسییەكانی سەرۆكی حكومەتی ئاشكرا كرد، سەرۆكی حكومەتێك لە جیاتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ئەم وشانەی دەربڕی، كە لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانی سەرچاوەی گرتووە، رستەیەك هەڵقووڵاوی ناخی كوردانی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر بوو.
هەر چەندە ئەم وەڵامەی سەرۆكی حكومەت بۆ من چاوەڕوان كراو بوو، لەبەر ئەوەی كەسایەتییەك پەروەردەی قوتابخانەیەك بێت كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە سەدەیەكی بەرخۆدان و شۆڕشگێری و قوربانیدانی بنەماڵەی بارزانی بگەڕێتەوە، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت.
ئەم تێڕوانینەشە وایكردووە هیچ جۆرە مساوەمەیەك لەسەر ماف و بستێكی خاكی كوردستان لای پارتی و بارزانی نە قبوڵ كراوە نە جێگەی دەبێتەوە.
لەم سۆنگەیەشەوەیە هەموو هەوڵ و تەقەڵایەكی حكومەتی هەرێم بۆ گەشە پێدانی هەرێم و بەرەودانە بە ئینتمای نیشتمانی، ئەو ئینتمایەی وڵاتانی داگیركەر بە سیاسەتێكی پیلان بۆ داڕێژڕاوی درێژ خایەن كاریان لەسەر كردووە و بەردەوامیشن، بۆیەش دەبینین لە پەنای كاری دیپلۆماسی و گەشەی هەمەچەشنە لە گشت جومگەكانەوە، كاری جددی دەكرێت بۆ مرۆڤ سازی، هەوڵی نەپچڕانەوەی كابینەی نۆ دەبینین بۆ جێبەجێ كردنی پلانی گرنگی پشت بە خۆبەستن.
ئەمەیە هۆكاری سەركەوتنی پارتی و بوونیان بە سەرقافلەی كوردایەتی.

زۆرترین بینراو