بەستنی كۆنگرە زەروورەتێكە و پێویستە پاش پێكهێنانی حكوومەت بیری لێ بكرێتەوە

بەستنی كۆنگرە زەروورەتێكە و پێویستە پاش پێكهێنانی حكوومەت بیری لێ بكرێتەوە

دیدار- ڕائیب شێروانی: بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، دنیا تێگەیشت كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكە پێگەیەكی جوگرافی گەورە و پێگەیەكی سیاسی و ئابووری گەورەی هەیە، هەر بۆیە بەهۆی پێكهاتەی نوێی حوكمڕانییەوە پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەهێزتر دەبێت و چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی زۆر زێڕین دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان. دەشڵێ، بەستنی كۆنگرە زەروورەتێكە و پێویستە پاش پێكهێنانی حكوومەت بیری لێ بكرێتەوە.
بڵند ئیسماعیل، گوتی:" لە قۆناغی داهاتوو ئەگەر هیچ پێشهاتێكی سلبی و خراپ خارجی ئیرادە و خواستی ئێمە نەهێتە پێشەوە، چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی زۆر زێڕین دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، لە رووی چاكسازی، پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایش، ئیستقراری سیاسی، لەرووی گەشەسەندی ئابووری، هەستانەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دیبلۆماسی، پشتگیری سەرۆك بارزانی كە خۆشی رایگەیاند پشتگیری لە هەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەكات، هەم ئەو پشتگیرییەی كە لایەنەكان لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت دەكەن، چونكە پێیانوایە هەم نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت دەورێكی زۆر باش لە رووی دیبلۆماسی و نوێنەراتی هەرێم ببینێت لەسەر ئاستی ناوچەكە و دنیا، هەمیش مەسرور بارزانی دەتوانێت پەڕە بە دامودەزگا و موئەسساتی حكوومەت بدات، چاكسازی دەست پێ بكات كە لە ئاستی ئەوە بێت كە خەڵك پێشبینی بۆ دەكات.
بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیشیكردەوە:" رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم ئەوە خۆی لە خۆیدا شتێكی گەورەبوو، قۆناغی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی، دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەلایەن نێچیرڤان بارزانی لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مەسرور بارزانی ئەوە شتێكی زۆر گەورەیە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە سەر هێڵی دیموكراسیەتی خۆی و وردە وردە دیموكراسیەت گەشە دەكات، چونكە لەناوچەكە دەستاودەستكردنی دەسەڵات زۆر ئەستەمە، لەو وڵاتانەی كە دەوروبەری ئێمەن، یەك دوو دەوڵەتی لێ دەربچێت، دیموكراسیەت زۆر لاوازە، بۆیە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن پاش ریفراندۆم، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە سەركەوتنی كێرڤی پارتی، ئەو ئاراستە نەتەوییەی كە سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی دەكات، كە خەڵكانێك پێیان وابوو پاش ریفراندۆم پارتی شكەست دەهێنێت، كەچی دیتمان لەهەر هەڵبژاردنێك خەڵك دەنگی بەوانەدا كە هۆكاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون، بۆیە پێموایە دنیا تێگەیشت كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكە پێگەیەكی جوگرافی گەورە، پێگەیەكی سیاسی گەورە، پێگەیەكی ئابووری گەورەی هەیە، ئەوانەی لە كوردستان حزبی زۆرینە و نوێنەرایەتی دەكەن، چ وەكو حزب، چ وەكو كەسایەتی وەكو سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، پێگەیەكی زۆر گەورەیان لەناوچەكە و جیهان هەیە، لەو رێوڕەسمە گەورەیەدا بینیمان كە ئەو هەموو خەڵكە ئامادەبوون، پێموایە ئەگەر دەرفەتی زیاتر هەبایە، خەڵكێكی زۆر زیاتر ئامادە دەبوو، بۆیە پێموایە ئەوە خۆی لە خۆیدا سەرەتایەكە كە هەرێمی كوردستان ئەو قۆناغە رۆیشت قۆناغی شەڕی داعش، قۆناغی خیلافی سیاسی، قۆناغی هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی زۆر توند كە دەیویست بەردەوام شەقام بجووڵێنێت، هەموو شت بە ڕەشبینی ببینێت و زەرب لەسەر هەموو دەستكەوتێك دابێنێت، ئەو قۆناغە كۆتایی هات، قۆناغێكی زۆر راستەقینە دەست پێ دەكات، ئەو قۆناغەی كە قۆناغی سەرۆك بارزانی خەتە نەتەواتیەكەی كە هەرگیز بابەتی نەتەوایەتی فەرامووش ناكەین تا دەگەینە دەوڵەتی خۆمان، ئەوەی دیكە ئەوەیە هەمیشە لە خزمەتی ئیستقراری سیاسی و خزمەتی خەڵك و گەشەسەندنی ئابووری و باشتكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و ئەمن و ئاسایش دەبین.
سەبارەت بە بەستنی كۆنگرە بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند:" من نازانم چونكە دەبێت ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بڕیار بدات و بارودۆخەكە لەبار بێت، بەڵام پێموایە بەستنی كۆنگرە زەروورەتێكە هاتۆتە پێش، پاش پێكهێنانی حكوومەت پێویستە بیری لێ بكرێتەوە، پێشموایە بەستنی كۆنگرە لای پارتی لەرووی فەنیەوە كۆنفڕانس و هەڵبژاردن ئەو كاتە كە بەپێی پەیڕەو هەیە دەبێت دیاری بكرێت ئەگەرنا كێشەی دیكەی تێدا نابێت، زۆر بە ئاسانی كۆنگرە بەڕێوەدەچێت".

 

زۆرترین بینراو