بەشێك لە شەقام متمانەیان بە پەرلەمانتاران نەماوە

بەشێك لە شەقام متمانەیان بە پەرلەمانتاران نەماوە

محەمەد ئامۆكەیی - زاری كرمانجی: هەر كاتێك كێشەیەك دەكەوێتە نێو لایەنە سیاسییەكان یا كاری پەرلەمانی، ئێوارەی هەمان رۆژ كۆمەڵێك ئەندام پەرلەمان بە پەلەنە لە پەێچەكانیان بابەت بڵاو بكەنەوە و لە نووسینەكانیشیان لە جیاتی پێدانی زانیاری یا هەواڵی خۆش یا خستنەرووی ئەو چالاكییانەی ئەنجامیانداوە و تا لە خزمەتی هاووڵاتییان و شەقام بێت، كە چی پەلاماری یەكتری دەدەن، قسەی وا دەنووسن كە دوور و نزیك ناگەرێتەوە سەر ستراتیژییەتی درێژ خایەنی حزبەكەیان و هیچ خزمەت نە بەحزبەكەیان نە بە دۆخی نالەباری ئێستای كوردستان ناكات، زاری كرمانجی لە چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی پرسییووە ئایە؟ ئیشی پەرلەمانتارانە بەم جۆرە مامەڵەبكەن.
رۆژنامەنوس سۆما خالید، بۆ زاری كرمانجی رایدەگێنێت" ئەوەی ئێستا لە ئەندام پەرلەمانەكانی كوردستان دەبێنرێت جگە لە خۆدەرخستن و خۆبەپاڵەوانكردن لەسەر شاشەكانی میدیاكان و ناو سوشیال میدیا هیچیتر نییە، كاتێكیش كێشە دەكەوێتە ناو لایەنە سیاسیەكان و پەرلەمانی كوردستان ئەوان دەبنە نوسەر و لەناو ئەكاونت و پەیچەكانیان تومەت بە یەكتری دەبەخشنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان وەك بەرگریكار و دڵسوزی خەڵك پیشان دەدەن، بەڵام بەپێچەوانەوە نەیانتوانیوە لە خزمەتی گشتی هاووڵاتیان و شەقامدا بن و بتوانن بەرگریكاری مافەكانی میللەت بن، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانتاران تەنیا بۆ دەوڵەمەندكردنی خۆیان سوودیان هەبووە، بەڵگەش بۆ ئەوەش دەستبەرداری مووچەی خانەنشینیان نەبوون و رەتیان نەكردەوە، ئەوانەشی وتیان دەستبەرداری دەبین تەنیا ووشە بو نەككردار، هەموو هاووڵاتیانی ئەم میللەتە بەچاوی خۆیان ڕاستیەكان دەبینین و زۆریش لەوان داوای داخستنی یەكجاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكات.
بەهرە حەمەڕەش، رۆژنامەنوس و چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێت" ئێمە دەبێ باس لە هۆكاری ئەوەبكەین كە بۆچی پەرلەمان رۆڵی خۆی نابینێت؟ حزبەكان بێ گومان بەهاوكاری خەڵك هەندێ كەسیان خستە پۆستی پەرلەمانتاری، كە بەهیچ جۆرێك فڕیان بەسەر سیاسەتی حزبەكەیان و كوردستانیشەوە نییە، بێ ئاگان لە بارودۆخی ناوچەكە، تەنیا قسە بۆ وروژاندنی خەڵك دەكەن، واتە پۆپۆلیستن بۆ كۆكردنەوەی و راكێشانی سۆزی خەڵك و قسە دەكەن دوور لە هەموو پێوەر و بەها نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆییەكان، بەداخەوە بەشێك لە پەرلەمانتاران بۆ وروژاندنی سۆزی خەڵك و خۆهەڵواسین بە داواكانیان خۆیان گەیاندە پەرلەمان و بوونە مشەخۆر و گەندەڵی تازە، پەرلەمانتار هەیە تا ئێستا پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكەی نەخوێندۆتەوە، لەسەر هاشوهوش و قسەی توند دەژی، لەسەر دەمی شەڕی ناوخۆ، پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەستا و كۆبوونەوەی دەكرد، كەچی ئێستا پەرلەمانتاران بوونەتە زوڕناژەنی ئەم وڵات و ئەو وڵات و دژی بەرژەوەندییەكانی ئەو خەڵكە كاردەكەن كە دەنگیان پێداون، حزبەكانیان بەرپرسیاری یەكەمی قسە ناشیاو و توندەكانی ئەوانن، جاران پەرلەمان هەیبەت و شكۆیەكی هەبوو ئێستا خەریكە ئەوە ناهێڵن، بەشێك لە پەرلەمانتاران سڵ لە هیچ قسەیەكی توند و بێ مانا و تۆمەتێك ناكەنەوە، بوونەتە پەرلەمانتاری فەیسبوك، پەرلەمانتارانی فەیسبوك هەر دەتوانن ئەوە بكەن، بۆیە دەلێم حزبەكانیان بەرپرسیارن چونكە ئەوان بەربژێریان كردوون، خەڵكی سادە و هەڵخەڵەتاویش بە هاش و هوش دەنگی پێداون.
رێباز یوسف، سەرۆكی تۆڕی رێكخراوە مەدەنیەكانی هەولێر، گووتی" لە ڕاستیدا ئەوە دەرنجامی دۆخێكی ناڵەبارە كە خەڵكی ناجۆر چۆتە نێو دەزگایەكی گرنگی وەك پەرلەمان كە بەرپرسە لە دەرچواندنی كۆمەڵێك یاسا و رێسا كە خزمەتی كۆمەڵگە بكات بە شێوەیەكی گشتی، هەروەها چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەت و لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ كارەكانی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت رێك پێچەوانەی ئەم دۆخەیە رەنگە بەدرێژایی هەر پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان هیچ جارێك بەقەد ئەم خولە خەڵكی ناجۆر لابەلا نەچووبێتە پەرلەمان، لە وەها دۆخێكدا حیزبەكان بەر پرسیاری یەكەمن چونكە بەردەوام دەبێت ئەو كاندیدانەی كە دەیانێرن بۆ ئەم دەزگا گرنگە خەڵكی شیاو بن و هەر یەكەو پسپۆڕبن لە بوارێكدا، بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن هاوكار و هەماهەنگی یەكتر بكەن بۆ خزمەتی گشتی نەك شەڕە پەرۆی حزبی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بەداخەوە هەڵمەتێكە بۆ خۆ بە پالەوانكردن نەك خزمەتكردن، پەرلەمانتارانی كوردستان دەبێت باش بزانن ئەوان نوێنەری خەڵكی كوردستانن پێش حزبەكانیان، بۆیە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە بەرژەوەندییە حیزبیەكان وەلابنێن و كار بۆ بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بكەن، چونكە دۆخی ئێستایی هەرێمی كوردستان زۆر سەختە و بەرگەی ئەم جۆرە لە سیاسەت كردنە ناگرێت كە بە هەناسەی یەكتر سڕینەوە پەرلەمانتارانی كوردستان درێژە بەكارەكانیان دەدەن.
ئاكۆ حەمەد رابی، رۆژنامەنوسە لە سۆران پێی وایە پەرلەمانتارانی كوردستان لە بڕی ئەوەی كارو ئەركەكانی سەرشانیان ڕابپەڕێنن، زیاتر خەریكی موجامەلەكردنی بەرپرسانن، هێندەی سەرقاڵی وەڵامو وەڵامكاری یەكترن، نیو هێندە بە ئەركەكانی خۆیان هەڵناستن و دەشڵێت" لە كوردستان ئەوانەی دەبنە پەرلەمانتار زیاتر بە پشتگیریی خێڵو عەشیرەت پۆستەكەیان بەدەستهێناوە، واتە بەشی زۆریان بەهۆی تواناو ئەزمون و شارەزاییان نەبوونەتە پەرلەمانتار، بەڵكو بەپشتگیریی خێڵو عەشیرەتەكانیان پۆستەكەیان مسۆگەر كردووە، كاتێكیش كەسانێك بەوجۆرە گەیشتبنە پەرلەمان، هەر ئەو پەرلەمانتار و ئەو پەرلەمانەی لێدەردەچێت كە هەیە، پەرلەمانتاران زیاتر بەرژەوەندی حزبەكانیان دەپارێزن، نەك هی كۆی كۆمەڵگە، حزب بڵێت ڕەشە، پەرلەمانتار دەبێت بڵێت، قوربان ڕەشێكی قەترانیە. لە 111 پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوانەی بە ئەركو كاری خۆیان هەڵدەستن، لە پەنجەی یەك دەست تێناپەڕن، ئیشی پەرلەمانتار سێ شتی سەرەكیە، بۆ نمونە یاسادانان، چاودێری حكومەت، بەدواداچوون و لێپرسینەوە و بانگهێشتكردنی حكوومەتە، كەچی پەرلەمانەكەی ئەم هەرێمە و پەرلەمانتارەكانی، دەڵێی هێشتا كادیری لق و مەڵبەند و مەكۆن، تخوا كەسێك نەتوانێ دەمارگیری حزبی و كەسی تێبەڕێنێ، چۆن دەتوانێت كار بۆ كۆی كۆمەڵگە بكات، بەشی زۆری پەرلەمانتاران، لەبڕی پێدان و بەخشینی زانیاری، خەریكی جنێو نووسین و موزایەدەو وەڵام و وەڵامكارین، زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتاران، بەرژەوەندی حزبەكانیان و سەركردەكانیان، خستۆتە پێش بەرژەوەندی گشتی پەرلەمانتار هەیە، جگە لە وێنەی سێڵفی، هیچ شتێكی دیكەی نەكردووە.
پارێزەر زانا نەجم بەگ، رایگەیاند" ئەگەر تێڕوانینێكی وردمان هەبێ بۆ ئەم خولەی پەرلەمان تاڕادەیەك ململانێی سیاسی و حزبیەكان زاڵبووە، پەرلەمانتارانمان لەجیاتی شەڕو ململانێ لەسەرقوت و مافی هاووڵاتیان بكەن، زۆر بەیان شەڕی سیاسی دەكەن و خۆیان بە شتی لاوەكی سەرقاڵ دەكەن، لە پێناو بەرژەوەندی حزبیان شەڕی سۆسیال میدیا دەكەن، ئەوە هەرگیز دەرئەنجامێكی باشی نابێ تاكە زەرەمەندیش لەم نێوانەدا هاووڵاتیە، پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری كارەكانی حكوومەتە، بەڵام ئەوەی لەهەرێمی كوردستان بەپێی ئەزمونی خۆمان بینیومانە پەرلەمان بۆتە جێگایی ململانێی حزبیەكان، چونكە زۆربەی حزبەكان پشكیان هەیە لە پەراوێز خستنی كارەكانی پەرلەمانتارانیان، پەرلەمانتار نوێنەری خەڵكە، كاری پەرلەمانیش بەشێوەی گروپ ڕایی دەكرێت بۆیە دەبێ كاركردنی پەرلەمانتار لەسەر بنەمایی بەرژەوەندی گشتی بێ نەك لەسەر بنەمایی یەكتر سڕینەوە و ململانێی حزبی بێ، كە زۆر جار بوونی ئەو ململانێی یەكتر شكاندنە بۆتە هۆی ناشیرینكردنی كاری پەرلەمانی بەتایبەت ئەو ڕەوشەی ئێستای هەرێمی كوردستان تێدایە لەڕووی سیاسی و ئابوری و تەندروستیەوە پێویستی بە وەیە لەسەر پرسە گرنگەكان ڕێگا چارە بدۆزنەوە نەك شەڕی سۆشیال میدیا بكەن.
دێرین عەلی، توێژەری كۆمەڵایەتییە لە سلێمانی لەسەرهەمان پرس دەڵێ" لێرەدا ئەتوانین بڵێین ئەوانەی لە پەرلەمانن كێن هەر پیاوی خۆیان بوون و بە هەرجۆرێكیش بێت بیانەوێ ئاراستە بگۆڕن دەی گۆران، بۆ هەر شتێك خۆیان مەبەستیان بێت، لێرەدا دەڵێم لەم باروو دۆخەدا، كە نەمووچە هەیە، نەباری دارایی خەڵك باشە، نە دەروونی كۆمەڵگە جێگیرە و لەسەروو هەمووشیەوە ڕوون دیارە، حكوومەتی هەرێم شێپەرزیەكی پێوە دیارە، لێرەدا دەیانەوەێ خەڵك بەرە و چەواشەكاری زیاتر بەرن هەر كاتێك دەزانن خەڵك دەیەوێت ڕاپەرێت و داوای مافی خۆیان بكەن، یان پیلان دادەنێن بۆ ترساندن و تۆقین داعشت بۆ زیندوو ئەكاتەوە، گەر ئەمە سەر نەگرێت پیلانی دووەم بەناوی كێشە و ململانیە حزبیەكان سەر هەڵ دەداتەوە و ئەو لە دژی ئەو مەلەف بەكاردێت، یاخود شەڕی پەرلەمانتاران دەست پێ دەكاتەوە، گەر ئەمانەش سەرنەكەوون دەكەوونە ئەوەی توركیا و ئێران، پەلاماری خاك دەدەن؟ پرسیار لێرەدا یەتەكایەوە لە كوێیی جیهاندا بووە بەبێ هیچ یاسایەك خاكی ووڵاتێك بۆردوومان بكرێت، ئەگەر ئەمە پیلانی خۆیان نەبێ بۆ بێدەنگكردنی دەنگی خەڵك، لەكاتێكدا ئەمانە هیچی سوودی نابێ بۆ ئێستا و ئەم باروو دۆخە، دەبینین دەروونی خەڵك بەتەواوەتی ترس و خەمۆكی لێ نیشتوە، بێكار و ڕێژەی هەژاری زیادیكردووە، حاڵەتی خۆكوژی و دزین هەڵكشانی بەخۆیەوە دیووە، بۆیە ڕۆڵی كەسانی دیاروو شارەزایان و دەروون ناسان یاساناسان و كۆمەڵناسان و میدیا كاران هێوركردنەوەی خەڵكە تا باروو دۆخەكە جێگیر دەبێ لەكاتێكە حكوومەت گرنگە بێدەنگی بشكێنێت و بێتەسەرخەت، چونكە گەر راپەرینی جەماوەری ڕووبداتەوە ئەوا هەڵوەشاندنەوەیەكی گەورە و زەرەرێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی درووست دەبێت، بۆیە ئەوەی لێرەدا گرنگە هەنگاونانە بۆچارەسەری كێشەكان نەك شەڕە جنێوو لەنێوان پەرلەمانتاران ئەمەش خۆی بۆخۆی زەنگێكی مەترسیدار دەبێ بۆ خەڵك و ناوچەكان.

زۆرترین بینراو