بەم نزیكانە دەست دەكرێتەوە بە ئەنجامدانی دوو پڕۆژەی كارەبا لە سۆران

بەم نزیكانە دەست دەكرێتەوە بە ئەنجامدانی دوو پڕۆژەی كارەبا لە سۆران

زاری كرمانجی-سۆران: دوای ئەوەی بەردی بناغەی ئەنجامدانی دوو پڕۆژەی كارەبا لە سۆران دانرا، بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كارەكان راگیراون و لە ئایندەیەكی نزیك دەست بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژانە دەكرێتەوە.
فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبایی سۆران، رایگەیاند " دوای دەرچوونی رەزامەندی بە چاودێری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بەشداری وەزیری كارەبا و ژمارەیەك لە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی كارەبا لە شاری سۆران دانراوە، لەوانە دانانی هێڵێكی 132 كەی ڤی و گۆڕینی تەلی نێوان ( شەقڵاوە- سۆران ) و فراوانكردنی وێستگەی كارەبای شارەكە و بەگوژمەی 6.700.050 ملیۆن دۆلار كە لەماوەی 180 رۆژدا لەلایەن كۆمپانیای هیرۆ جێبەجێ دەكرێت، هەروەها وەزارەتی كارەبا گرێبەستێكی واژووكردووە بەشێوەی وەبەرهێنان بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات كارەبا لە ئاو كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیا (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strong oil) لەماوەی 18 مانگ جێبەجێ دەكرێت".
ئەوەشی ئاشكرا كرد " بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەكاتی خۆی نەتوانراوە دەست بەم پڕۆژانە بكرێت و كارەكانیان راگیراوە، بەڵام بەم نزیكانە دەست دەكرێت بەكارەكانی لەلایەن كۆمپانیاكانی ناو براو هەردوو پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێن، بە تەواوكردنیان، تا راددەیەكی باش كێشەو گرفتەكانی كارەبا لە سنوورەكەمان چارەسەر دەكرێن.

 

زۆرترین بینراو