بەهۆی زۆری بەفربارین، ئۆتۆمبێلە دەبڵ ئەكسلەكان كاری تەكسی دەكەن

بەهۆی زۆری بەفربارین، ئۆتۆمبێلە دەبڵ ئەكسلەكان كاری تەكسی دەكەن

زاری كرمانجی-چۆمان: هەر كاتێك شەپۆلێكی چڕی بەفربارین سنووری حاجی ئۆمەران و دەورووبەری دەگرێتەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلە دەبڵ ئەكسلەكان جێگەی تەكسییەكان دەگرنەوە و كاری گواستنەوەی نەفەرات دەكەن، چونكە تەكسییەكان بەهۆی زۆری بەفر و خلیسكی رێگا زۆرجار ناتوانن بگەنە مەرزی حاجی ئۆمەران.
محیەدین ئیبراهیم، شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی نیسان پاتڕۆڵە و بە زاری كرمانجی راگەیاند: ئێمە كۆمەڵێك شۆفێرین لە چۆمان و دەوروبەری، هەركاتێك بەفرێكی زۆر دەبارێت ئێمە كاری گواستنەوەی نەفەرات دەكەین و ئەو گەشتیارانەی روو لە سنووری حاجی ئۆمەران دەكەن دەیانگەیەنینە شوێنی مەبەست.
ئەو شوفێرە راشیگەیاند: هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئەم شەپۆلە بەفربارینەی ناوچەكەی گرتەوە چەندجارێك رێگای مەرزی حاجی ئۆمەران داخرا، ئێمەش بە ئەركی خۆمان هەستاین و گەشتیارانمان دەگواستنەوە، بەراستی كارەكەی ئێمە هەم كاسبییە بۆخۆمان، هەمیش كارێكی مرۆڤانەیە كە گەشتیاران لەناو بەفر گیر دەخۆن ئێمەش بەهانایانەوە دەچین.
ئەو شۆفێرە نموونە بۆ قسەكانی دێنێتەوە: زۆرجار لە كاتژمێر دوازدەی شەو گەشتیارمان لە مەرزی حاجی ئۆمەران هێناوە ئەو شوێنانەی كە تاكسی لێیەوە چاوەڕێی كردووە، ئەگەر ئۆتۆمبێلی وەك ئێمە نەبێت، گەشتیاران تووشی مەترسی دەبنەوە، چونكە تاكسییەكان ناگەنە ئەو شوێنانە بەهۆی بەفر و بەستەڵەك.
خدر وەرتی، شۆفێرێكی دیكەیە و دەڵێت: زۆر شۆفێرمان هەن پێویستیان بەو بڕە پارەیە نییە كە وەریدەگرن بۆ گواستنەوەی گەشتیاران، بەڵام وەك حەزێك و كاری بەهاناوەچوون حەز بە ئیشكە دەكات. دەشڵێت: ئێمە زنجیر لە تایەكانمان دەبەستین و ئۆتۆمبێلەكانمان جیاوازن، لە هەر كۆسپ و تەگەرەیەك لە رێگا كێشەمان بۆ دروست نابێت، چونكە ئۆتۆمبێلەكانی ئێمە هەم لەڕووی بزوێنەرەوە بەهێزن، هەمیش دەبڵ ئەكسلن.
شێرزاد سەمیر، لەگەڵ خانەوادەكەی لە كۆماری ئیسلامی ئێران گەڕاوەتەوە و بە ئۆتۆمبێلێكی بەرز گەیشتە گەراجی تەكسییەكان لە چۆمان، ئەو گەشتیارە دەڵێت: ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلە بەرزانە نەبووان، من دەبوایە هەر لە مەرزی حاجی ئۆمەران چاوەڕێم بكردایە، بەراستی هەرچەندە پارەی خۆیان وەردەگرن، بەڵام كارێكی مرۆڤانەیە و گیانی گەشتیاران لە مردن رزگار دەكەن. گووتیشی: هەرچەندە خێزان و منداڵەكانم لەرێگا ترسیان هەبوو، بەڵام بە سەلامەتی گەیشتین.
لە دەڤەری باڵەكایەتی جگە لەم ئۆتۆمبێلانە، دوو تیپی ئۆفڕۆدیش هەن كە ئۆتۆمبێلەكانیان دەستكاری كردووە و لە بۆنە جیاوازەكاندا یاری سەركێشی ئەنجام دەدەن، بەتایبەتی لەكاتی بەفر بارین بە هانای ئەو خەڵكانەوە دەچن كە لەناو بەفر و بە رووداوی جۆراوجۆر گیر دەخۆن و ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

زۆرترین بینراو