بەهۆی نەبوونی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك مەترسی لەسەر ژیانی كاكەیەكان هەیە

بەهۆی نەبوونی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك مەترسی لەسەر ژیانی كاكەیەكان هەیە

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : كاكەیەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەی هەرە زۆریان دەكەوێتە سنووری پارێزگای كەركووك لە دوای ئازادكرنی عێراقەوە تائێستا 751 هاووڵاتی كاكەیی شەهید و بە سەدانی دیكەش برینداربوونە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك مەزارگەیی ئایینی كاكەیی لەلایەن داعشەوە وێرانكراون.
هەرێم كاكەیی, سەرۆكی كۆمەڵەی رۆناكبیرانی و كۆمەڵایەتی یارسانی كاكەیی بە زاری كرمانجی گوت :" بەشێوەیەكی گشتی لە دوای پرۆسەی ئازادكرنی عێراق لە ساڵی 2003 تا ئێستا 751 هاووڵاتی كاكەیی شەهید بوونە و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوونە، ئەوەش هەموو بەدەستی تیرۆریستان و گرووپە چەكدارەكان لە عێراق بووە, لە دوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014 ژمارەیەك گوندی كاكەیەكان لە دەشتی مووسڵ كەوتنە ژێر دەسەڵاتی داعش و داگیركران, بەڵام لە چەند پرۆسەیەكدا لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازاد كرانەوە, ئێستا مەترسی زۆر لە سەر كاكەیەكانی سنووری پارێزگای كەركووك هەیە بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماوە.
سەرۆكی كۆمەڵەی رۆناكبیرانی و كۆمەڵایەتی یارسانی كاكەیی گووتیشی:" لە سنووری پارێزگای كەركووك مەترسی یەكجار زۆر لەسەر ژیانی كاكەیەكان هەیە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام داعش هێرش دەكاتە سەریان و شەهید و بریندار دەكات و زیان بەر موڵك و ماڵیان دەگەینێت ئەو ترسە لە نەبوونی پێشمەرگە دروست بووە لە ناوچەكەدا ئەو كاتەی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك بوو هیچ مەترسی لەسەر ژیانی كاكەیەكان نەبوو, ئامانجی تیرۆریستان نەمانی كاكەیەكانە لەسەر گوند و ناوچەكەیان.
هەرێم كاكەیی, ئەوەشی خستەڕوو:" تا ئێستا هیچ ئامارێكی فەرمی نیە كە ژمارەی كاكەیەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق چەندن، بەڵام مەزەندە دەكرێت ژمارەی كاكەیەكان 150 هەزار كەس بێت, كاكەیەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەربەڵاون و ژمارەی هەرە زۆری كاكەیەكان دەكەونە سنووری پارێزگای كەركووك.
هەرێم كاكەیی, سەرۆكی كۆمەڵەی رۆناكبیرانی و كۆمەڵایەتی یارسانی كاكەیی روونیكردەوە:" لە كاتی هاتنی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سنووری كەركووك ژمارەیەكی زۆری مەزارگە ئاینییەكان وێرانكران, ئێستا بە بەردەوامی مەترسی لەسەر كاكەیەكان هەیە، شەوانە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرش دەكەنە سەر گوندەكانی كاكەیی، كە لەم ماوەیەدا چەندین كەسی كاكەیی شەهید و بریندار بوونە".

زۆرترین بینراو