بەپێویست دەزانین پرۆژەی چاكسازی بێتە كایەوە و پەسەند بكرێت

بەپێویست دەزانین پرۆژەی چاكسازی بێتە كایەوە و پەسەند بكرێت

دیدار- ڕائیب شێروانی : مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، پێكهاتەكان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، وەكو مەرجعی باڵای كوردستان كۆبوونەوە، سەرۆك بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ مافەكانی پێكهاتەكان دووپاتكردەوە و لە كوردستان مافەكانی توركمانەكان پارێزراون و داواكارین مۆدێلی پێكەوەژیانی كوردستان لە عێراقیش رەنگبداتەوە. دەشڵێ، بە دڵنیایەوە ئەو ماوەی كە دیاری كراوە بۆ حكوومەت لەو ماوەیەدا كۆبوونەوە دەكرێت و حكوومەت پێك دێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە كەمترین كات خۆیان رێك بخەنەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات حكوومەتی نوێ پێك بێت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكات.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" لەگەڵ سەرۆك بارزانی، وەكو مەرجعی باڵای كوردستان كۆبووینەوە، ئەوە زیاتر متمانە بوونی پێكهاتەكانە بە جەنابیان و مافەكانیان پارێزراو بێت لە داهاتوودا لە رەشنووسی دەستووری كوردستاندا، مافی پێكهاتەكان بە ڕەوا دەبینرێت كە لە دەستووردا بچەسپێت، سەرۆك بارزانی بەڵێنی دا كە ڕێگە نادات دەستەواژەی كەمینە بەكاربهێنرێت و بە پێویست دەزانم پێكهاتەكان وەكو كورد مافیان پارێزراو بێت و مافی هاووڵاتی بوونیان هەیە، بەشداری كارا بن لە حكوومەت و هەموو دامودەزگاكانی حكوومەت، كە هەر چەندە ئێستا پێكهاتەكان پیادەی ئەو مافە دەكەن، بەڵام ئەوەی كە بە پێویست دەزانین ئەو پۆستانەی كە داوا دەكەین لە كابینەی نۆیەم بۆ پێكهاتەكان دابین بكرێت، بەڕێزیان فەرمووی كە پاڵپشتی هەموو داواكارییەكانی ئێمە دەبێت، بۆ ئەوەی پێكهاتەكان هەست بەوە بكەن كە شەریكن لەم وڵاتەدا.
قەهوەچی، گوتیشی:" لە خولی رابردوو و خولەكانی دیكە پێكهاتەكان هەمیشە رۆڵی ئیجابیان هەبووە لە پرسە نیشتمانییەكان و لەو پرسانەی كە پەیوەندییان بە خەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەو پرسانەی كە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانیان تێدایە، بێگومان پێكهاتەكان رۆڵی ئیجابی باشیان هەبووە، بۆیە بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە حكوومەت لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە، چونكە هەرێم شوێنی پێكەوەژیانە، بۆیە بە پێویست دەزانین كە لە هەموو دامودەزگاكانی حكوومەت بەشداری كارایان هەبێت.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ:" سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رێكارە یاساكانی خۆی گرتۆتەبەر و كارەكانی بەردەوامە، لیژنەكان چالاكی خۆیان هەیە و كاری خۆیان دەكەن، هەر كاتێك لایەنە سیاسییەكان ئامادەبوون، لە ئامادەكردنی سیڤییەكان ئێمە وەكو سەرۆكایەتی پەرلەمان ئامادەینە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەین، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەو ماوەی كە دیاری كراوە بۆ حكوومەت لەو كاتەدا كۆبوونەوە دەكرێت و حكوومەت پێك دێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە كەمترین كات خۆیان رێك بخەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات حكوومەتی نوێ پێك بێت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكات.
مونا قەهوەچی، روونیشیكردەوە:" پاش پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێویست دەزانین پرۆژەی چاكسازی بێتە كایەوە و پەسەند بكرێت، كە خەڵكی كوردستان سوودمەندی یەكەم دەبێت، دەبێت لەگەڵ ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی كە رەهەندی داراییان هەیە، دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بكرێت، بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، بۆیە دەبێت پەرلەمان و حكوومەت تەواوكەری یەكدی بن، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە.
مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" ئێمە دڵنیاین كە ئەمجارە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باش دەبن و رۆژ بۆ رۆژیش باشتر دەبێت، ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، كۆتاییش بە قەیرانەكان دێت، دۆخەكەش ئاسایی دەبێتەوە، پەیوەندییەكان باش دەبن، بەڵام بە مەرجێك ئەگەر سەرجەم ماددەكانی دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێن، بۆیە بە جێبەجێ كردنی دەستوور كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە دەبن".

زۆرترین بینراو