بەچە گەلحۆكانی سەردەم و چارەسەر

شەریف عەلی باپیر

1- ئەم وەچەیەی ئێستا نائاشنان بە كەلتوور و دابونەریت و ئایین و یاسا زبرەكانی ژیان. كوڕەكان وەك داكیان ھەڵسوكەوت دەكەن و كچۆڵەش وەك بابیان جل دەپۆشن، سەرسام دەبن بە مۆدەی ڕۆژانەی ڕۆژئاواییەكان و هەر ڕۆژەو بەزموڕەزمێكی بڵح و تازە. ناخوێننەوەو بیرناكەنەوە، دابونەریت و ئایین لایان دەبێتە شەرم و عەیبە. ئەوەندە نازو خۆشەوێستیی ھەڵەیان دەدەینێ وەك مەڕوماڵات دەخۆن و دادەپەڕن و یاری دەكەن و دەنون.
چارەسەر: ببە هاورێی منداڵەكەت بەڵام مەهێڵە كەڵكی خەراپ لەو بەزمە وەرگرن، با بزانن تۆ داك یان بابی ئەوی و ئەوانیش منداڵ. خۆشت بوێن و ماچیان بكە، با تووڕەبونت لێیان دەرس و فێربون بێ بۆیان نەك ڕق پێ ڕشتن و تۆڵەو سزا. ڕۆژانە قسەیان لەگەڵ بكە، فێریان بكە چۆن بە ڕێكوپێكی و ئاب و تاب قسان بكەن، بەسەرهاتی سەردەمی خۆتیان بۆ بگێڕەوە. فێری نوێژ و باسی خواو قیامەت و حەقیقەتی دنیایان بۆ بكە، هانیان بدە لەسەر شتی چاك و بهێڵە سنورەكان بزانن.

2- لە ئەنجامی نەسوتاندی ئەو هێزە زیادەی جەستەیان و كەمی جوڵەو تێكەڵاوییان جەستەو بەرگری لەشیان زۆر لاواز دەبێ، ئیشتیهای خواردنیان كەم دەبێ. ناتوانن بەرپرسیاریەتی هەڵگرن، وەلە ئەنجامی زۆر بەكارهێنانی (سۆشیال میدیا) قەناعەتیان نامێنێ بەردەوام تەماشای سەروی خۆیان دەكەن. كەسانی ناو (ئەنتەرنێت) دەكەن بە پێوەری جوانیی و دڵخۆشیی و لە دنیای ڕاستیی دادەبڕێن. ماددەی (یوفۆریا) لە جەستەیاندا زۆر زیاد دەكات بەردەوام مەست و وڕ و بێهۆش دەبن، گیرۆدەی دنیایەك دەبن كە لە ڕاستیدا بونی نیە. لەم تەمەنەدا سەركێش و حەزیان لە تاقیكردنەوەی شتانی تازەیە، دەگونجێ تووشی چەندان هەڵەو تاوانی دینی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی ببن. -- چارەسەر: وەك گوتم، تۆ باب و داكی ئەوی، كاتی بۆ دابنێ بۆ بەكارهێنانی ئەنتەرنێت، هاوڕێی باشی بۆ بدۆزەوەو شەرم مەكە لە چاودێری كردنێكی ئاقڵانەی منداڵەكەت، پێویستی پێتە.

3- كەم دەخەون و لە كاتی خەراپدا دەخەون و هەڵدەستن. ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە هەڵسوكەوت و مێشك و فێربون و تێگەیشتنی منداڵەكەت. كەم خەویی دەیگەیەنێتە حاڵەتێك بەردەوام سەرشێتەڵۆكەو بێتاقەت و بێزارو بەتاڵ بن. -- چارەسەر: منداڵەكەت نازانێ كەی و چۆن باشە بخەوێ، گرینگ نیە چەند ساڵە، ئەركی تۆیە فێری بكەی بە تێگەیشتن و سنوربۆدانان كە لە كاتی گونجاودا بخەوێ و هەستێ - هەمو ئەو هۆكارانەش لاببەی كە ڕێگرن لەبەردەم ئەم ڕێكارە. ناكرێ بە دڵی منداڵەكەت بكەی، ئەو نازانێ چی باش و خەراپە بۆ ئەو. ئەگەر ماوەیەكی كورت لەسەر شتێك بەردەوام بو پێویست ناكات پێی بڵێتەوە، بۆخۆی لەگەڵی ڕادێ.

با ماڵەكانمان نەكەین بە كادێن و منداڵەكان نەكەین بە مەڕوماڵات، با وا پەروەردەیان بكەین لە دنیاو قیامەتدا لەبەریان بحەسێینەوەو ببنە مایەی سەربەرزی دنیاو خێری نەبڕاوەی قیامەت. كۆتایی قسانم بەم حەدیسەی پێغەمبەری خوا دێنم (د.خ): ''بەدڵنیایەوە خوای بەرزو مەزن پلەی بەندە ساڵحەكانی بەرزدەكاتەوەو ئەوانیش دەڵێن: ئەی پەروەردگار، ئەوە چۆن (پلەمان بەرزكرایەوە؟) پەروەردگار دەفەرموێ: ئەمە بەهۆی پاڕانەوەی منداڵەكەتە بۆت'' موسنەد ئیمام ئەحمەد

 

زۆرترین بینراو